بەگوێرەی ڕاپۆرتی کاناڵی کۆڵبەرنیوز، سێ کۆڵبەری خەڵکی گوندی “باوان”ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە ناوەکانی “بارزان میهەنی”، “ئەسعەد سەیدانی فەرد” و “بەهلوول سەیدانی فەرد”، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی مانگی بەفرانبار بە هۆی بەفر و کڕێوە لە دۆڵی “بنار”ی ئەو ناوچەیە بێ سەروشوێن بوونە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو سێ کۆڵبەرە لەکاتی گەڕانەوە لە سنووری تورکیە و لە دۆڵی “بنار”ی ئەو ناوچەیە بە هۆی بەفر و کڕێوە ڕێگایان لێ ون دەبێت و لەوکاتەوە بێ سەروشوێنن. ئەو سێ کۆڵبەرە لە دوێنێەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەگرتووە و خەڵکی ناوچەکە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوە و گەڕان بە شوێنی ون بووانی ئەو ڕووداوە دەست پێکردووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.