کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی کاربەدەستانی ناوچەیی رژیم لە کوردستان راستیەکانی پێوەندیدار بە ئیعتیاد ئاوەژو دەکەنەوە؟

 

“عەبدولحەمید زاهێدی” ئوستانداری کوردستان، رۆژی شەممە ٢٣ی مانگی رەشەممە لە کۆبونەوەی “شورای هاوئاهەنگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ لەگەڵ مه‌وادی موخه‌در”ی کوردستان لە کۆمەڵێک قسەی دژبەیەکدا سەبارەت بە گیرۆدە بوون بە مه‌وادی موخه‌در لە کوردستان وتی: “ئەگەر قەبوڵی بکەین کە گەورەترین گرفتی کۆمەڵگەی ئێمە ئیعتیادە حەتمەن هەموو بەرەنامەکان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە دەبەینە پێش. کوردستان وەک یەکێک لەو ئوستانانەی کە گرفتی جیدیمان تێیدا لە بابەت ئیعتیادەوە نییە بەڵام بەم حاڵەشەوە دەبێ ناوچەی پڕ مه‌ترسی و گیرۆدە بووی ئوستان شناسایی بکرێن تا توشی گیروگرفتی جیدی نەبین.”ئەو لە حاڵێکدا ئەم ئیدیعایە دەکات کە هەر لەم کۆبونەوەیەدا و چەند کورسی ئەولاتر “جەعفەر ئەرژەنگ” جێگری فەرماندەی ئینتیزامی کوردستان، کە پێویستە فەعالیەتە درەوشاوەکانی بەرووی ئەوانیتردا بدات، سەبارەت بە دۆزینەوەی مه‌وادی موخه‌در و باندەکانی فرۆشتنی ئەم مادەیەوە ئاوا دەڵێت: “لەبواری کەشفیاتی نێوخۆیی ناوچەی گیرۆدە بوودا گەشەی ٣٠٠ لەسەدیمان هەبووە. لە بواری خاوێن کردنەوەی ناوچە ئالودەکاندا ٩٠٩ حاڵەتی ئیجرای عەمەلیاتی بەڕێوەچووە و ٨٠٠ کیلۆ مه‌وادی موخه‌در دۆزراوەتەوە. لە ١١ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٩ ملیۆن حەبی رەوان گەردان دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.”

387
ئەگەر بەپێی ئیدیعای ئوستانداری کوردستان گرفتی جیدی لە بابەت گیرۆدە بوون لە کوردستاندا نییە، و کوردستان نەبۆتە بازاڕێکی پڕ داهات بۆ قاچاخچیانی مەوادی موخەدر، لەبەر چییە کە قەبارەیەکی ئاوا لە مادەی هۆشبەر رەوانەی ئەم ناوچەیە دەکرێت کە تەنیا لە ماوەی ١١ مانگدا ٩ ملیۆن حەبی رەوان گەردان دەدۆزرێتەوە. لەبەر چییە لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم هەموو مادەیەشدا دیسان کوردستان بازاڕێکی پڕ داهاتە بۆ ئەم باندانەی ماونەتەوە؟ ئەگەر ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەر یەکێک لە گرفتە جیدیەکانی کۆمەڵگای کوردستان نییە، کە وایە بەڕێوەچوونی ئەم هەموو کۆبونەوە و راگۆڕینەوانەی بەرپرسانی دەرگیر لە گرفتی مه‌وادی موخه‌درداچ واتایەکی هەیە؟

راستیەکەی ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیرۆدەبووان و ئیعتیاد بە مه‌وادی موخه‌در، بە گرفتێکی کۆمەڵایەتی، گەورەترین نیگەرانی بنەماڵەکانە سەبارەت بە چارەنووسی لاوەکانیان. بێکاری بەرین بەتایبەت لە ئاستی خوێندەواران و ئەو کەسانەدا کە دانیشگایان تەواو کردووە، تاریک بوونی ئاسۆی ژیانی داهاتوویان، هەرزان بوون و لەبەر دەستدا بوونی ئەم مه‌وادی موخه‌دره‌، بەرهەمهاتنی گەلێک جۆری نوێی مادەی موخەدری شیمیایی مەترسیدار، قاچاخ، بڵاوکردنەوە و زۆر بوونی بەکارهێنانی، بە پێچەوانەی ئیدیعای ئوستانداری کارگوزاری رژیم گیرۆدە بوون بەم مادەیە لە ئوستانی کردستان و لە هەموو ئوستانە کوردنشینەکانی رۆژئاوای ئێران، بۆتە گرفتێکی جیدی.

هەر ماوەیەک لەوەپێش بوو کە شاهیدی قسەوباسی پێکهێنانی ناوەندی راگرتنی موعتادانی بابه‌تی مادەی ١٦ لە کوردستان بووین. ئاوا ناوەندگەلێک تەنیا لەو ئوستانانەدا دەروست دەکرێت کە ژمارەی موعتادانی بێ سەرپەنا و خیابانی تییاندا بۆتە کێشە و گرفتێکی کۆمەڵایەتی و بە حوکمی قوەی قەزاییە ئەمجۆرە گیرۆدەبووانە کە لە کۆماری ئیسلامیدا پێیان دەڵێن “موتەجاهر”، لە ناوەندەکاندا رادەگیرێن. بابەتی دروست کردنی ئەمجۆرە ناوەندانە لە شارەکانی سنە و سەقز هەر چەند تا ئێستا سەرەڕای پێویست بوونیان دروست نەکراون، بەڵام، یەکێک لە نیشانەکانی قەیراناوی بوونی گرفتی ئیعتیادە لە کوردستاندا. لە حاڵێکدا کە زۆربەی گۆڕستانەکان، پارکەکان، کەلاوەکان و ژێر پردەکان پڕن لە گیرۆدە بووی ئاوارە و سەرگەردان و بێ سەرپەنا، ئوستانداری کوردستان ئەم گرفتە زۆر بە جیدی نازانێ.

سیاسەتی موعتاد کردنی لاوانی کوردستان کە، لە سەرەتاوە بە ئامانجی پێشگرتن لە پەیوەست بوونیان بە ریزی خەبات و شەڕی شۆڕشگێڕانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران و بەکرێگیراوانی ناوچەییەوە گیرایەبەر، لەمرۆدا بۆتە بەشێک لە ستراتیژی دامەزراندنی ئەمنیەتی پایەداری نیزام لە لایەن سپای پاسدارانەوە.

ئێستا کە لاوانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانەکەیەوە توشی چارەڕەشی هاتوون، رژیم بە پراوێز خستنی ئەم بابەتە، سیاسەتی وێڵکردنی گیرۆدەبووانی ئازار چێشتوی گرتوەتە پێش. شاهیدی ئەم ئیدیعایە کە لە کوردستاندا ئیرادەیەک بۆ پەروەردە کردنەوەی گیرۆدەبووان نییە قسەکانی “موەحێد ئەمان الهی” جێگری سیاسی کۆمەڵایەتی فەرمانداری سنە لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی “شورای خەبات لەدژی مه‌وادی موخه‌در”ی شاری سنەیە. ئەو دەڵێ: “وێڕای دانی گەلێک وەعدە و بەڵێن لە بواری دروست کردنی چەند ناوەندێک بۆ گیرۆدەبووانی موتەجاهر لە ناوەندی ئوستاندا و لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بابەتە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە جەلەسەکاندا دووپات دەبێتەوە بەڵام ئەم گرفتە هەروەک خۆی ماوەتەوە. وەزیری ناوخۆ و دەبیری ستادی خەبات لەدژی مه‌وادی موخه‌در لە سەفەر بۆ ئوستانی کوردستان بەڵێنی دانی مانگانە ٢٠ ملیۆن تمەنی بۆ خەبات و کۆنترۆڵ کردنی ئیعتیاد لەو ئوستانەدا داوە. ئێستا چەند مانگ بەسەر ئەم وەعدە و بەڵێنانەدا تێپەڕ دەبێت بەڵام ئێمە هەروا چاوەڕێین.”

ئەو شەواهید و ناکۆکیانەی ئاماژەیان پێکرا نیشانی دەدەن کە، کۆماری ئیسلامی بێجگە لە هەرا و هوریا تەنیا جارێک لە ساڵدا لە رۆژی جیهانی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر کە بە ئامانجی وەرگرتنی یارمەتییە نێونەتەوەییەکان بەڕیوەدەچێت، هیچ ئیرادەیەک بۆ خەبات لەدژی مه‌وادی موخه‌در لە کوردستاندا نییە. هەڵبەت کە ئەم یارمەتیانەش نەک بۆ خەبات لەدژی مادەی موخه‌در بەڵکوو بۆ بەهێز کردنی بونیەی نیزامی هێزەکانی سپا، کە مافیای قاچاخ و بڵاوکردنەوەی مه‌وادی موخه‌دریان لە کۆنترۆڵدایە، بەکاردێنن.

خەبات لەدژی مه‌وادی موخه‌در و ئاسەوارەکانی، هەوڵدان بۆ پەروەردە کردنەوەی گیرۆدەبووان یەکێک لە مەیدانەکانی خەباتی جەماوەرییە. خەڵکی کوردستان تەنیا بە دخاڵەتی چالاکانەی خۆیان و جەماوەری کردنەوەی ئەم خەباتە و لەقاودانی دخاڵەتی کاربەدەستانی دەوڵەتی و سپا لە بڵاوکردنەوەی مه‌وادی موخه‌در و خەبات بۆ زیاد کردنی ژمارەی کەمپەکانی تەرکی ئیعتیاد، بە ستانداردی ئینسانی و پێشکەوتووی جیهانیەوە، دەتوانن کۆتایی بە رەنج و ئازارەکانی قوربانیانی مه‌وادی موخه‌در بهێنن. ئینکاری واقعی بوونی ئەم گرفتە لە لایەن کاربەدەستانی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیەوە لە کوردستان کە بە ئامانجی تایبەت بەڕیوەدەچێت دەبێ ڕێسوا بکرێت. ئەمە بەشێکی ترە لە خەباتی خەڵکی کوردستان و یەکێک لە مەیدانەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستانە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-