کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ بانگهێێشت بۆ دوعای باران ناتوانن خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو حه‌واڵه‌ی ئاسمان بكه‌ن

له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا جووتیاران و خه‌ڵكی ئیسفه‌هان له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ بێ ئاوی و سیاسه‌تی كاره‌ساتباری ژینگه‌یی كۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانی به‌رینیان به‌ڕێوه‌برد. جووتیارانی ناڕازی خوازیاری حه‌ق ئابه‌ی پاییزی خۆیانن. ئەم ناڕەزایەتییانە لەگەڵ پشتیوانیی بەرینی خەڵکی شاری ئیسفەهان بەرەوڕوو بووەوە.

ناڕەزایەتییەکان بەرەو ئۆستانی چوار مەحاڵ و بەختیاری و شاری کوردیش پەرەیسەند. بەڵام کاتێک ڕیزی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی خەڵک کەوتە بەر هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان، درووشمی خۆپیشاندەران خواستی حەق ئابەی تێپەڕاند و گشت ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی کردە ئامانج. لەو نێوەدا ئەحمەد عەلەمولهۆدا، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە خوراسانی ڕەزەوی لە خوتبەی ڕۆژی جومعەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە کەم ئاوی لە ئێران وتی: “ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونی بارین و بە کۆبوونەوە چارەسەر نابێت”. بەڵام داوای لە خەڵک کرد کە “لە جیاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لەم کۆبوونەوانەدا نوێژی باران بکەن”. ناوبراو هەروەها وتی: “تەنیا وڵاتی ئێمە تووشی ئەم کێشەیە نەهاتووە بەڵکوو ئەمە بابەتێکی کەشوهەوایی جیهانییە و باقیی وڵاتەکانیشی گرتووەتەوە”. کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار کاتێک باسی قەیرانێکی وەک بێ ئاوی دێتە بەرەوە، بە بابەتێکی جیهانی پێناسەی دەکەن و لەژێر باری بەرپرسایەتی شان لادەبەن و ئەگەریش باسی مافە جیهانییەکانی وەک مافی مرۆڤ، بەرابەریی ژن و پیاو، ئازادیی چاپەمەنی ، حیزبی و سیاسی و هیتر دێتە گۆڕێ، ئەوجار ئەوانیش باس لە تایبەتمەندیی ئێران و بیروباوەڕی مەزهەبی و سوننەتی خەڵک دەکەن!

ئەوە ڕاستە کە بێ ئاوی کێشەی زۆر شوێنی جیهانە. بەڵام بێ لیاقەتیی ڕژیمی ئیسلامی، بوونی مافیای سپا و بەرژەوەندییان لە درووستکردنی لەڕادەبەدەری بەنداوەکان، گواستنەوەی کارناسی نەکراوی ئاو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی ئاو، بەکارهێنانی شێوازی کۆن لە بواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان، نەبوونی نووژەنکردنەوەی ژێرخانە کۆن و پرتووکاوەکانی شاری، شیرین نەکردنی ئاوی سوێر، بەکارنەهێنانەوەی گونجاوی ئاوەڕۆکان، لە ئاکامەکانی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و وێرانکەری ڕژیمی ئیسلامییە.

سیاسەتی دژەزانستی و ناکارناسانەی حکوومەتی ئیسلامی هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوییە و سەرانی حکوومەت کە وڵامێکی ڕوون و کاریگەریان بۆ چارەسەرکردن و کەم کردنەوەی ئەم قەیرانە نییە، پەنایان بردووە بۆ سەرکوتی جەماوەری ناڕازی و هەروەها پچڕاندن و خاوکردنەوەی ئینتێرنێت و بانگهێشتی خەڵک بۆ خوێندنی دوعای باران.

زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە ڕێژەی بارینیان لە ئێران کەمترە و سەرچاوە ئاوییەکانی ئێرانیان نییە، بە گرتنەبەری سیاسەتی درووست و زانستی، بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی نوێی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی سەنعەتی، بە بەکارهێنانی زانایان و کارناسانی بەرپرس و بەتوانا، بە ڕاهێنانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی درووستی سەرچاوەکانی ئاو، بە نووژەنکردنەوەی ژێرخانە شارییەکان، لەگەڵ کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی بەرەوڕوو نین و یان مەترسییان لەسەر نییە. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی کە خۆی هۆکاری خوڵقاندنی قەیرانی ژینگەیی  و کەم ئاوییە، بێجگە لە سەرکوتی ناڕازیان و پەرەپێدانی خورافەی زیاتر ڕێگاچارەیەکی دیکەی بۆ قەیرانی کەم ئاوی لە ئیختیار دا نییە.

لەڕاستیدا چارەسەرکردنی قەیرانی کەم ئاوی لە ئێران هەزینەهەڵگرە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەزینەی بەرین و بێسنوور بۆ ئۆرگانەکانی سەرکوت و ماجەراجوویی نیزامی لە دەرەوەی سنوورەکان تەرخان دەکرێت. ڕژیمێک کە مانەوەی لە گرەوی ئۆرگانەکانی سەرکوت و کارکردی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی خورافە دایە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەموو جۆرە بەڵایەک، تەنانەت لە کەم ئاویش خۆفناکتر، نەتەنیا یەک میلیمیتر لە بەرینایی هیچ کامیان کەم ناکاتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە بۆ دامرکاندنی تووڕەیی خەڵک، پان و بەرینتریشیان دەکات. بەڵام سەردەمی کارکردی سیاسەتی سەرکوتگەرانە بۆ ناچارکردنی خەڵک بە پاشەکشە لە خواستەکایان بەسەرچووە. ئەمڕۆ خەڵک بەئاشکرا دژبە گشت ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە دەستیان داوەتە خەبات. لەم کێشمەکێشەدا ڕژیم نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات و لە خەبات و ناڕەزایەتی پاشگەزیان بکات. هاوسەنگیی هێز لەناو کۆمەڵگای ئێراندا دەمێکە گۆڕاوە. ساڵەکانی ترس و تۆقاندن بەسەرچووە. نە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توانای دووپاتکردنەوەی تاوان و جەنایاتی فاشیستیی دەیەی ٦٠ی هەیە و نە کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەرامبەر ئەم جەنایەتانەدا بێدەنگ دەبن. جەماوەری خەباتکار و ئازادیخوازی ئێران بۆ جارێکی دیکە ڕژیمیان لەم ڕاستییە گەیاند کە هەوڵ بۆ ئەمنییەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا لەڕێگەی پەرەپێدانی خەبات وڵامی پێدەدرێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-