کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ند كردنی سێ ئه‌ندامی ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێران بێ وڵام نامێنێته‌وه‌

ثثثث

به‌ پێی ڕاپۆرتی هه‌واڵنێریی هێرانا، ئۆرگانی هه‌واڵنێریی چالاكانی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٥ی مانگی ڕه‌زبه‌ر، به‌كتاش ئابتین، ڕه‌زا خه‌ندان مه‌هابادی و كه‌یوان باژه‌ن، سێ نووسه‌ر و ئه‌ندامی ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێران كه‌ له‌ چه‌ند قۆناغدا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و ناوه‌نده‌ بوون، بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، مه‌ئموورانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له‌ مانگی گوڵانی ١٣٩٤ی هه‌تاویدا، هێرشیان كرده‌‌ سه‌ر ماڵی به‌كتاش ئابتین و وێڕای پشكنینی ماڵه‌كه‌ی، پتر له‌ دوو هه‌زار گرته‌ی ویدێئۆ، وێنه‌ی بنه‌ماڵه‌یی، مۆبایل، له‌پ تۆپ و به‌ڵگه‌كانی ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێرانیان زه‌وت كرد. هه‌ر ئه‌وكات ١٧ جار، سه‌باره‌ت به‌ چالاكی هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و سینه‌مایی لێپرسینه‌وه‌ی لێكرا. هۆكاری بانگ كردن و لێپرسینه‌وه‌ی ناوبراو “بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه‌ی نایاسایی” و “ته‌بلیغ دژبه‌ نیزام” ڕاگه‌یه‌ندرابوو. یه‌ك حه‌فته‌ پاش بانگ كرانی ناوبراو، ڕه‌زا خه‌ندان و كه‌یوان باژه‌ن دوو ئه‌ندامی دیكه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌، بانگ كران و لێپرسینه‌وه‌یان لێكرا. ئه‌مجاره‌شیان هۆكاری بانگ كرانیان “ته‌بلیغ دژبه‌ نیزام” ڕاگه‌یه‌ندرا.

نزیك ٣ ساڵ و نیو له‌مه‌وبه‌ر واته‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٢ی مانگی ڕێبه‌ندانی ساڵی ٩٧، ئه‌وان بۆ به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌كه‌یان، له‌ بێدادگای ئینقلاب به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قازی مه‌قیسه‌ی جه‌نایه‌تكار، حازر بوون و به‌هۆی نه‌بوونی توانا له‌ دابین كردنی وه‌سیقه‌ی یه‌ك ملیارد تمه‌نی، بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران. ئه‌وان له‌ ڕۆژانی دواتردا، به‌ دانانی وه‌سیقه‌ی یه‌ك ملیارد تمه‌نی به‌ شێوه‌ی كاتی و تا كۆتایی قۆناغه‌كانی دادپرسی، له‌ زیندان ئازاد كران.

به‌رپرسانی جه‌نایه‌تكاری ڕژیم كه‌ ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و سه‌ركوتی خوێناویی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان وه‌پشت سه‌ر نابوو، بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ مانگی گوڵانی ساڵی ٩٩ دا، هاتنه‌ سۆراغیان و ئه‌مجاره‌یان به‌ تۆمه‌تی “ته‌بلیغ دژبه‌ نیزام” به‌ یه‌ك ساڵ زیندانی ته‌عزیری و به‌ تۆمه‌تی “كۆبوونه‌وه‌ و ساخت و پاخت دژبه‌ ئه‌منییه‌تی وڵات” به‌ پێنج ساڵ زیندان مه‌حكوومیان كردن و به‌ گشتی، ١٨ ساڵ زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندن.

چاوخشاندنێك به‌سه‌ر ناوه‌رۆكی به‌ناو تۆمه‌ته‌كانی ده‌زگای سه‌ركوتگه‌ری قه‌زایی ڕژیم دژ به‌م سێ چالاكه‌ واته: ئه‌ندامیه‌تی له‌ ناوه‌ندی نووسه‌رانی ئێران، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵنامه‌ی ناوخۆی ئه‌م ناوه‌نده‌، ئاماده‌كردنی كتێبی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی مێژووی ٥٠ ساڵه‌ی ناوه‌نده‌كه‌، به‌یانییه‌كانی ئه‌م ناوه‌نده‌، ڕۆیشتنه‌ سه‌ر گڵكۆی گیانبه‌خت كردووانی قه‌تڵی زنجیره‌یی محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر پوویه‌نده‌ و محه‌ممه‌د موختاری و به‌شداری كردن له‌ ڕێوڕه‌سمی ساڵانه‌ی ئه‌حمه‌دی شاملوو، نیشانی ده‌دات كه‌ سه‌رانی ڕژیم، چه‌نده‌ له‌ قه‌ڵه‌می به‌ڵێندار و له‌ وشیاریی كۆمه‌ڵگا ده‌ترسێن. ئه‌وان كه‌ شه‌و و ڕۆژ به‌سه‌ر هێز و توانای خۆیاندا هه‌ڵده‌ڵێن و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی ئیمپریالیسمی ئه‌مریكادا، فه‌رمانده‌كانی ده‌نه‌ڕێنن كه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن به‌ گۆڕستانی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی، له‌ به‌رامبه‌ر قه‌ڵه‌می سێ نووسه‌ردا، “ئه‌منییه‌تی نیزامه‌كه‌یان” له‌ مه‌ترسی دا ده‌بینن. هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ خۆهه‌ڵكێشان و هه‌راوهویایه‌، له‌ ژیانی واقعی دا، ده‌بێته‌ هیچ و مفع ده‌بێته‌وه‌. ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هه‌موو ناڕه‌زایه‌تیه‌ك “كۆبوونه‌وه‌ و ساخت و پاخت دژبه‌ ئه‌منییه‌تی وڵات” له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ڕێبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، موعه‌لیمانێك كه‌ نیسبه‌ت به‌ خسووسی سازیی ئامووزش و په‌روه‌رش ناڕازین، خانه‌نشینان، چالاكانی ژینگه‌ پارێز، ژنانێك كه‌ دژبه‌ حیجابی ئیجبارین و هه‌ر چالاكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت پارێزه‌رانی ئه‌م چالاكانه‌ش‌، هه‌ر به‌و به‌ناو تۆمه‌ته‌وه‌‌‌، موحاكمه‌ و زیندانی ده‌كرێن. هه‌ڵبه‌ت هه‌مووی ئه‌وانه‌ نیشانه‌ی خۆفێكه‌ كه‌ ڕژیم له‌ پۆتانسیه‌لی ئاڵوگۆڕخوڵقێنی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی.

ڕژیمێك كه‌ لای وابوو به‌ سه‌ركوتی خوێناویی ده‌یه‌ی ٦٠، به‌ وه‌به‌ر گولله‌دانی كرێكارانی خاتوون ئاباد، به‌ ڕێكخستنی قه‌تڵه‌ زنجیره‌ییه‌كان و ته‌رخان كردنی ملیاردها دۆلار له‌ ده‌ستڕه‌نجی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ دامه‌زراوه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی دواكه‌وتووترین بیری دژه‌ زانستی، خورافی و پڕچه‌كی هێزی نیزامی و ئینتزامی و هه‌روه‌ها تێبه‌ردانی ئه‌وباشانی قه‌مه‌ به‌ده‌ست له‌ گیانی خه‌ڵكی ناڕازی و به‌شداری كردن له‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزیه‌كانی ناوچه‌كه‌، ده‌توانێ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ بكاته‌ گۆڕستانێكی خامۆش، له‌ ئێستادا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا كه‌ خه‌ڵك بۆیان هه‌ڵكه‌وێ، دێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و گشت ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌به‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. هه‌ربۆیه‌، ئه‌م ڕژیمه‌ ته‌نیا ڕێگای ده‌ربازبوونی خۆی له‌ په‌ره‌پێدانی ڕه‌شبگیری و ئێعدامه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م كرده‌وانه‌ و گشت ئه‌م سه‌ركوتگه‌ریانه‌، نه‌ته‌نیا خه‌ڵك پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو هه‌ر هێرشێكی ڕژیم و هه‌ر حوكمی ئێعدامێك، خۆی ده‌بێته‌ هانده‌رێك بۆ خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی زیاتر دژبه‌م ڕژیمه‌. مه‌گه‌ر بێجگه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌ركوتانه‌، هێستاش پاش تێپه‌ڕینی پتر له‌ سێ ده‌یه‌ له‌ جینۆسایدی دیه‌ی ٦٠، دایكانی جه‌رگ سووتاو، هه‌موو ساڵێ له‌ خاوه‌ران له‌ ده‌وری یه‌ك كۆده‌بنه‌وه‌، مه‌گه‌ر بێجگه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش تێپه‌ڕینی چه‌ندین ساڵ له‌ وه‌به‌ر گولله‌دانی كرێكارانی خاتوون ئاباد، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران، ئه‌م كرده‌وه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ی ڕژیم به‌ به‌شێك له‌ سه‌ركوتی چینایه‌تیی ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری ده‌زانێت، مه‌گه‌ر جگه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ مۆسته‌نه‌ده‌كانی هاوشێوه‌ی “ته‌راحیی سووخته‌” و ئێعتراف وه‌رگرتنی ئیجباری له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا، به‌ته‌نیا، شه‌پۆلێك له‌ نه‌فره‌تی گشتی دژبه‌م جه‌نایه‌ته‌ و شه‌پۆلێك له‌ هاوده‌ردی و هاوپشتی مرۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌شكه‌نجه‌دراوه‌كان ده‌خاته‌ ڕێ؟ هیچ كه‌س ئێعترافی نه‌ویدی ئه‌فكاری، ڕۆڵه‌ی كار و زه‌حمه‌تی، له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا باوه‌ڕ نه‌كرد و ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕژیم، خه‌ڵك له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئه‌م وڵاته‌، یادی نه‌ویدیان به‌رز ڕاگرت و ناسناوی “نه‌ویدی قاره‌مانیان” پێدا. ڕێك له‌ جه‌رگه‌ی ته‌قه‌لای ڕژیم بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌ناو ئێعترافی نه‌وید، حه‌وت سه‌ندیكا و ڕێكخراوی كرێكاران، موعه‌لیمان و خانه‌نشینان، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌كی هاوبه‌ش نووسییان: “ئێمه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كرێكاریی ئێران، وێڕای ئاراسته‌ كردنی سه‌ره‌خۆشیی خۆمان به‌ خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و بنه‌ماڵه‌ی داغ دیتوو له‌ دڵڕه‌قیی سته‌مكاران، هه‌موجۆر هه‌ڕه‌شه‌، ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام، به‌ نیشانه‌ی ترس و داماویی كارگێڕان و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی سه‌رمایه‌ ده‌زانین و مافی به‌شداری كردن له‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاری به‌ به‌شێك له‌ مافی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای كرێكاران و جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌شی ده‌زاننین. به‌ باوه‌ڕی ئێمه‌، هیچ كه‌س نابێ به‌خاتری ناڕه‌زایه‌تی دژ به‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كه‌ به‌رۆكی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی گرتووه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی لێبكرێت و له‌وه‌ش دڵته‌زێنتر، ده‌ستبه‌سه‌ر، زیندانی، ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام بكرێت.

مه‌حكووم كردن و به‌ به‌ند كێشانی سێ ئه‌ندامی ناوه‌ندی نووسه‌ران به‌ تاوانی به‌ خزمه‌ت گرتنی قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خۆیان له‌ مه‌یدانی ئه‌ندێشه‌، هونه‌ر و زانست، به‌ تاوانی دیفاع له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌ جیهانیه‌كانی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و قه‌ڵه‌م و ئه‌ندێشه‌، بێ گومان به‌ زه‌ره‌ری ڕژیمی جه‌نایه‌تكار، دژه‌مرۆیی و سه‌رمایه‌داریی ئیسلامیی ئێران، ته‌واو ده‌بێت. ئه‌و سێ كه‌سه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌دا كه‌ چاوه‌ڕوانی حوكمی بێدادگاكانی ئه‌م ڕژیمه‌ بوون، نیشانیان دا كه‌ به‌ڵێنیان به‌ قه‌ڵه‌م و ئازادی، به‌ هیچ به‌هایه‌ك نافرۆشن. سه‌رانی ڕژیم ده‌بێ باش بزانن، وه‌ك چۆن جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، خه‌باتكاران و شۆڕشگێڕانیان، له‌ جه‌ره‌یانی ڕووخاندنی ڕژیمی سته‌مكاری شا دا، له‌ زیندانه‌كان ئازاد كرد، ئه‌مجاره‌ش له‌ جه‌ره‌یانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌دا‌، هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌ و زیندانه‌كان، به‌سه‌ر سه‌ری سازێنه‌رانیدا ده‌ڕووخێنن.