کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ره‌و پێشوازی كردن له‌ ڕۆژی جیهانیی ژن

Untitled 7

سبه‌ینێ ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌یكه‌ ده‌وڵه‌ته‌ بورژواییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ ویرووسی كۆرۆنا و نه‌خۆشیی گشتگیری كۆویدی ١٩ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، ئه‌مساڵ ژنان به‌تایبه‌ت ژنانی كرێكار، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان دیلی ناو ماڵه‌كانن و به‌ناچار له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانیی خۆیان له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان بێبه‌رین. ئه‌وان له‌م ڕۆژه‌دا له‌جیات به‌شداری كردن له‌ میتینگ و ڕێپێوانه‌كان، ناچارن درێژه‌ به‌ كاری تاقه‌ت پڕووكێنی ناو ماڵ بده‌ن. ژنان ئه‌گه‌ر له‌ ماڵیش بێنه‌ ده‌ر، خه‌ریكی كاری به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری ده‌بن و مه‌ترسیی تووش بوون به‌ نه‌خۆشیی كۆویدی ١٩ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كات. ژنان له‌ ناوه‌نده‌كانی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌، وه‌ك كرێكاری خزمه‌تگوزاریی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی به‌ مایه‌ دانان له‌ ته‌ندرووستی و گیانی خۆیان، كاری درێژماوه‌ی پاراستنی نه‌خۆشه‌كانی تووش بوو به‌ كۆویدی ١٩ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌هۆی كه‌مبوونی كه‌ره‌سته‌ی پارێزگاری، له‌وانه‌ ده‌زگای هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد، ژماره‌یه‌كی زۆریان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا به‌ناچار زۆربه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كانی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، به‌ شێوه‌ی ئانلاین به‌ڕێوه‌ده‌چن.

به‌ پێی تێگه‌یشتنی ماتریالیستی و وته‌كانی ئێنگێڵس: فاكته‌ری چاره‌نووس ساز له‌ مێژوودا، له‌ دوالێكدانه‌وه‌دا، به‌رهه‌مهێنان و دووباره‌ به‌رهه‌مێهانه‌وه‌ی ژیانی بێ‌پسانه‌وه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌ نۆره‌ی خۆی، خه‌سڵه‌تێكی دوولایه‌نه‌ی هه‌یه‌. له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیی ژیان، له‌وانه‌ خوارده‌مه‌نی، پۆشاك، سه‌رپه‌نا و ئه‌و ئامرازانه‌ی كه‌ بۆ مرۆڤ پێویستن، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی خودی بوونه‌وه‌ری‌ مرۆڤ. ژنان هه‌ر له ‌سه‌رده‌می سه‌رتای ژیانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌تا ئێستا له‌م دوو بواره‌دا به‌شێوه‌ی شیاو چالاكییان كردووه‌ و ده‌ستكه‌وته‌ چاره‌نووس‌سازه‌كانی ژیانی مرۆڤ له‌م دوو بواره‌دا ، به‌رهه‌می كار و ڕه‌نجی ئه‌وانه‌. ئه‌وان به‌رله‌ چینایه‌تی بوونی كۆمه‌ڵگا، له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگاكاندا ڕۆڵی شایسته‌ی خۆیان نواندبوو‌ و له‌و‌ بواره‌دا پێگه‌یه‌كی باڵایان به‌ده‌ست هێنابوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ شكڵ گرتنی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و له‌گه‌ڵ مسۆگه‌ر بوونی، به‌ره‌به‌ره‌ ژنان وێڕای پاراستنی ڕۆڵی خۆیان له‌ به‌رهه‌مهێناندا، له‌ لایه‌ن پیاوسالاریی جێكه‌وتوو له‌ناو ئایین و ده‌سه‌ڵاتدا، له‌ ئیمكانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا بێبه‌ری كران. هه‌ربۆیه‌ ژنان چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانیان و به‌هێز كردنی پێگه‌ی خۆیان ناچاربوون له‌گه‌ڵ ئایین، پیاوسالاری و دیكتاتۆره‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و چه‌وسێنه‌ران، كێشمه‌كێش و خه‌بات بكه‌ن. ئه‌م خه‌باته‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا دژوارتر بووه‌ته‌وه‌ و جه‌وهه‌ر و شێوازێكی جیاوازتری له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می زه‌ویداری و كۆیله‌داری به‌خۆی گرتووه‌.

به‌ڵام ئه‌م خه‌بات و كێشمه‌كێشه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا، سه‌خت و تاقه‌ت‌پڕووكێن بووه‌ته‌وه‌‌. كۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رمایه‌داری و ئایینییه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ لیبڕاڵه‌كان كه‌ قه‌بووڵ كردنی به‌رابه‌ریی یاسایی ژن و پیاویان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌، به‌شێوه‌ی ئاشكرا له‌ ته‌بلیغاته‌كانیدا به‌رابه‌ر نه‌بوونی ژن و پیاوی له‌ جاڕ داوه‌. ڕژیمی ئیسلامی ئه‌م بێمافییانه‌ی له‌ یاساكانیدا گونجاندووه‌ و بۆ داسه‌پاندنیان، ڕێكخراوی پۆلیسی و ئه‌منیی پێكهێناوه‌. كه‌وابوو ئه‌و خه‌باته‌ی كه‌ ژنان و پیاوانی داكۆكیكاری مافی ژن، له‌ ماوه‌ی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بۆ ڕێگری له‌ پێشێلكردنی ئه‌م مافه‌، دابین كردنی داخوازییه‌ مرۆییه‌كانیان و پاراستنی پێگه‌، كه‌رامه‌ت و ئازادییه‌كانیان ئه‌نجامیان داوه‌، گه‌لێك دژوار و ئاڵۆز و شیاوی ستایشه‌.

یه‌كێك له‌ بواره‌كانی خه‌باتی ژنان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی، حیجابی ئیجبارییه‌. ڕژیمی ئیسلامی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، یه‌كه‌مین هێرشه‌كانی خۆی بۆسه‌ر كرێكارانی بێكار و ژنان ده‌ستپێكرد. خومه‌ینی، كه‌ له‌ به‌شداری كردنی به‌رینی ژنانی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب له‌ شۆڕشی  ٥٧دا ئاگادار بوو، له‌ ٨ی مارسی ١٩٧٩ به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٧ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٣٥٧ی هه‌تاوی، فتوای دا كه‌ ژنان له‌ ئیداره‌ و وه‌زاره‌تخانه‌كاندا پێویسته‌ به‌ پۆشش و حیجابی ئیسلامییه‌وه‌ حزووریان بێت. ژنانی سێكۆلار، سۆسیالیست و دژبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئایینی توانییان به‌ ٦ ڕۆژ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی، پاشه‌كشه‌ به‌ حكوومه‌تی نوێ بكه‌ن. له‌وێدا بوو كه‌ سه‌رانی ڕه‌وتی ئیسلامی به‌وه‌ گه‌یشتن كه‌ بۆ سه‌قامگیر كردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له‌گه‌ڵ چ حه‌ریفێكی به‌هێز به‌ره‌وڕوون.

ژنان له‌ بواری ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوورییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك داخوازییان هه‌یه‌ كه‌ بۆ وه‌دی هاتنی ئه‌م داخوازییانه‌یان به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ و له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌وڕوو بوونه‌ته‌وه‌.  له‌و نێوه‌دا موقاومه‌تی په‌یگیر و ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتی بوێرانه‌ی ژنانی پێشڕه‌و به‌رامبه‌ر به‌ داسه‌پاندنی حیجابی ئیجباری، دام و ده‌زگای پۆلیسیی حكوومه‌تی ئیسلامیی كڵۆڵ و داماو كردووه‌ و هه‌تا سه‌ر لێواری شكست خواردن بردوویه‌تی‌. له‌و كاته‌وه‌ كه‌ “تاهێره‌ قوره‌تۆلعه‌ین” حیجابی له‌سه‌ری خۆی كرده‌وه‌، تا ده‌ستپێكی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و له‌وێوه‌ تا ڕێكه‌وتی ٦ی به‌فرانباری ١٣٩٦ی هه‌تاوی كه‌ “ویدا موحێدی” له‌سه‌ر به‌رزایی شه‌قام ڕووسه‌رییه‌كه‌ی به‌دارێكه‌وه‌ به‌ست، خه‌بات، موقاومه‌ت و ناڕه‌زایه‌تی دژبه‌ حیجابی ئیجباری درێژه‌ی بووه‌. له‌ ئاكامی وه‌ها كه‌مپه‌ینێكی پڕهه‌زینه‌ و گیانفیدایانه‌دا، بێگومان ده‌توانین بڵێن كه‌ ڕژیم سه‌ره‌ڕای به‌كار هێنانی هێزی ڕێكخراوی پۆلیسی، گه‌شته‌ جۆراوجۆره‌كان، مه‌ئموورانی بارهاتوو و داسه‌پاندنی هه‌مووجۆره‌ وه‌حشیگه‌ری و كرده‌وه‌یه‌كی دژه‌مرۆیی، له‌ داسه‌پاندنی حیجابی ئیجباری به‌سه‌ر ژناندا شكستی خواردووه‌.

له‌ ڕۆژی جیهانیی ژندا، پێویسته‌ له‌سه‌ر سه‌كه‌وتنه‌كانی ژنان له‌ ئێران و باقیی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان پێداگری بكرێت. به‌ڵام ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ نابێ له‌بیر بكه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئایین و پیاوسالارییه‌وه‌ درێژه‌ی به‌ باروودۆخی ژێرده‌ست بوونی ژن داوه‌ تا له‌ بوار ئابوورییه‌وه‌ حه‌قده‌ست و خزمه‌تگوزاریی كه‌متری بۆ به‌ڕه‌سمی بناسێت و كاری ناوماڵی بێبه‌رامبه‌ری به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت و له‌ بواری سیاسی و خه‌باتدا له‌ نێوان ژنان و پیاوانی كرێكاردا ناكۆكی و دووبه‌ره‌كایه‌تی بنێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ر مافێك له‌ چوارچێوه‌ی یاسا و ڕێسای ئه‌م نیزامه‌دا، سه‌ره‌ڕای هه‌ر ئاڵووگۆڕێكی ئه‌رێنی كه‌ ده‌توانێ له‌ بواری ژیان و كاری ژناندا بیخوڵقێنێ، ڕیشه‌ی سته‌می داسه‌پاو به‌سه‌ر ژنان، كه‌ خودی نیزامی سه‌رمایه‌دارییه‌، بنبڕ ناكات. هه‌موو ده‌ستكه‌وتێك پێویسته‌ له‌ پێناو ڕزگار بوونی ژنان له‌ كۆت و به‌ندی سه‌رمایه‌، له‌پێناو دامه‌زراندنی سۆسیالیسمدا به‌كار بگیرێت.

پیرۆز بێت ٨ مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن.