کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بنگلادێش، دۆزەخی کرێکارانی ڕستن و چنین

لە ٢٤ی مانگی ئاوریلی ٢٠١٣دا هەزار و ١٣٩ کرێکاری نەساجی لە ژێر داروپەردوی بینایەکی هەشت نهۆمی موجتەمەعی “رانا پلازا”دا گیانیان لەدەستدا. لەگەڵ ئەوەدا دوو هەزار و ٤٠٠ کرێکاری تریش بە ڕادەی جۆراو جور بریندار بوون و هێندێکیان دەبێ تا کۆتایی تەمەنیان دەست و پەنجە لەگەڵ سەدەمەکانی سەرچاوە گرتوو لەو رووداوەوە نەرم بکەن. لەخۆڕا نییە کە هەموو ساڵێک لە وەها رۆژێکدا خەڵک لەبەردەم بینای ئەم موجتەمەعەدا کۆدەبنەوە. بە ڕاشکاوی دەکرێ بوترێت کە کەمتر روداوێک تا ئەم ڕادەیە لە زنجیرەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە زەینی مێژوویی خەڵکدا ماوەتەوە. دادخوازی پاشماوەکانی ئەم کارەساتە لەدژی نەزمێک کە بەشێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام لەسەر کەم بوونەوەی هەزینەی بەرهەمهێنان لە لایەکەوە و زیاد بوونی بەرچاوی سود لە لایەکی دیکەوە بنیاد نراوە، وەها ناڕەزایەتیەکی بەرینی جیهانی بەدی هێناوە کە هێندێک لەو کۆمپانیا گەورانەی کە کالاکانیان لەم بینا هەشت نهۆمەدا بەرهەم دێنا، ناچار بوون کە خوازیاری ڕه‌چاوکردنی هێندێک بارودۆخی ئیمنی و هاسان کاری لەم مێحنەتکەدانەدا بن. لەژێر گوشاری ئەم ناڕەزایەتیە جیهانیەدا دەوڵەتی بنگلادێش ناچار بوو سێ حەفتە دواتر لە ١٥ ی مانگی مەیدا هێندێک هەنگاو لە ڕاستای دابین کردنی ئیمنی ئەم بینایانەدا هەلێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ٤ ساڵ دواتر لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ دا بازڕەسانی دەوڵەتی چوون بو سەردانی هەزار و ٨٠٠ کارگا کە کاریان بۆ نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیا دەکرد، بەرەو رووی ١١ هەزرار و ٨٠٠ حاڵەتی ڕەچاو نەکرانی ئەم ڕادەیەش لە ئیمنی بوونەوە. تا جێگایەک کە ناچار بە داخستنی هێندێک لە کارگاکان بوون. هێشتاش گەلێک لە کۆمپانیا رۆژئاواییەکان و شیرکەتەکانی بەرهەمهێنانی مادەی سەرەتایی ڕازی بەم یاسا و ڕێسایانە نوبوون. هێندیک لە ئامارە بڵاو کراوەکان باس لە ٨ هەزار کارگای نا ڕەسمی دەکەن کە هیچ چەشنە کۆنترۆڵێکیان بەسەرەوە نییە.

هەناردە کرانی بەرەهەمی نەساجی بنگلادێش بە قەبارەیەکی نزیک لە ٢٨ میلیارد دۆلار لە ساڵدا دوای چین خاوەنی پلەی دووهەمە. نزیک بە ٤ هەزار و ٥٠٠ کارگای بەرهەمهێنەری کالا نەساجیەکان سەهمێکی نزیک بە ٨٠ لەسەدیان لە هەناردەی بنگلا دێشدا پێکهێناوە و نزیک بە ٦ ملیۆن کرێکار کە بەشی زۆریان ژنانن لەم دۆزەخانەدا کراونەتە کۆیلە. ئەوان ١٤ تا ١٥ کاتژمێر لە رۆژدا لە دوو شیفت و ٧ رۆژ لە حەفتەدا ئارەق دەرێژن.

دوای کارەساتی موجتەمەعی ” ڕانا پلازا” چەندین مانگی پێویست بوو تا یەکێتی کرێکارانی ڕستن و چنین لە شۆکی ئەم کارەساتە دەرچن و ناڕه‌زایەتییەکی بەرین ڕێکبخەن. لە ئۆكتۆبری هەمان ساڵدا دوای چەند رۆژ مانگرتن، کرێکاران دەستیان دایە ڕێپێوانێکی ٥٠ هەزار کەسی لە داکا پێتەخت و گەلێک لە خیابانەکانی شاریان داگیر کرد. ئەوان خوازیاری زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەست بۆ مانگانە ٧٥ یۆرۆ بوون. لانیکەمی حەقدەست بەپێی قەرادادێک کە لە ساڵی ٢٠١٠ لە نێوان یەکێتی کرێکارانی نەساجی، خاوەنکاران و دەوڵەتدا مۆر کرابوو، بڕی ماگانە ٢٨ یۆرۆ بوو کە لە خوارەوە ترین ئاستی حەقدەستە لە دنیادا. خودی ئەم تەوافوقاتە سێ لایەنەیە بەرهەمی ناڕەزایەتیەکی بەردەوام بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دا لەدژی بارودۆخی فەلاکەتباری کرێکارانی نەساجی لە بنگالدێش کەتبووە ڕێ و ببووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە کرێکاران. لە ساڵی ٢٠٠٥ دا لانیکەمی حەقدەست بڕی ١٣ یۆرۆ بوو. لە جەریانی ئەم خەباتەدایە کە سەرئەنجام لە ساڵی ٢٠١٠ دا کرێکاران توانیان یەکێتی کرێکارانی ڕستن و چنین دروست بکەن.

لە پێنجەم ساڵیادی ئەم کارەساتەدا رۆژی سێشەممە ٤ ی مانگی گوڵان، ٢٤ ی ئاوریل ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە بەردەم بینای ئەو موجتمەعەدا کۆبوونەوە و خوازیاری سزادانی عاملینی ئەو کارەساتە بوون. بە تێپەڕ بوونی ٥ ساڵ چاو گێڕانێک بەسەر کارگاکانی نەساجیدا قوڵایی بارودۆخی دژی ئینسانی زاڵ بەسەر ئەواندا نیشان ئەدات. هێشتاش حەقدەستەکان لە بنگلادێش لە نزم ترین ئاست دان لە دنیادا. بارودۆخی ئیمنی چی وا باشتر نەبووە و بەردەوام روداوی لە چەشنی کارەساتی ” رانا پلازا” رویداوە و ناڕەزایەتی کرێکاران بەرەو رووی بەرخوردی سەرکوتگەرانەی خاوەنکاران و دەوڵەت دەبێتەوه‌. کاتێک کە لە ساڵێ ٢٠١٦ دا بە هەزاران کرێکار لە ناوچەی ” ئاشولیا” بە داخوازی زیاد کرانی حەقدەستەوە مانگرتنیان دەست پێکرد، بە خێرایی بەرەو رووی کاردانەوەی خاوەنکاران و پۆلیس بوونەوە. ٦ کەس لە کرێکاران و ئەندامانی یەکێتیەکە بران بۆ دادگا. هەزار و دووسەد کرێکار دەرکران و ٢٦ کەسیش زیندانی کران. سیاسەتی خاوەنکاران و دەوڵەت هیچ شتێک نییە بێجگە لە نانەوەی ترس و وەحشەت لەنێو کرێکاراندا.

بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە لە سیپتامبری ٢٠١٦ دا بە هۆی تەقینەوە و ئاگر کەوتنەوە لە کارگایەکدا لە ٢٠ کیلومیتری داکا ٢٩ کرێکار گیانیان لەدەستدا. لەوێوە کە لەو بینایەدا وێڕای کارگای نەساجی کارگایەکی بەرهەمهێنانی مادەی شیمیایشی تێدا بوو، بینا ٤ نهۆمەکە روخا. لە ٤ ی مانگی ژوئیەی ساڵی ٢٠١٧ لە کارگایەکی نەساجیدا دیگێکی هەڵم تەقیەوە کە لە ئاکامیدا ١٠ کەس کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. بەرینایی تەقینەوەکان لە کارگاکانی نەساجیدا بەڕادەیەک بوو کە دەوڵەت کۆنترۆڵی ئیمنی دیگەکانی هەڵمیشی بە یاساو ڕێسای ئیمنی کارگاکانەوە زیاد کرد و ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا گەلێک جار یەکێتیە کرێکاریەکان خوازیاری ئەوە بوون کە هێندێک یاساو ڕێسا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەمنیەتی دیگەکانی هەڵم دابندرێت. دەبێ دەیان کەس بکوژرێن و بریندار بن تا وەها موقەڕەرەڕاتێک پەسند بکرێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە کارگاکانی نەساجیدا لە بنگلادێش لە ئارادایە ئاکامی ڕاستەو خۆی سازماندەهی نوێی بەرهەمهێنانە لە ئاستی دنیادا. لەم سازماندەهیە نوێیەدا سەرجەم دەوڵەتانی سەرمایەداری و هەموو کۆمپانیا گەورەکان بەشدارن. کەم دبیندرێت کۆمپانیایەیکی جیهانی بەرهەمهێنەری نەساجی بدۆزیتەوە کە لە دۆزه‌خه‌كانی بنگلادێشدا خەریکی بەرهەمهێنانی کالا نەبن. کێ دتوانێ حاشا لەوە بکات دیوەکەی دیکەی سکەی سەروەتە کەڵەکە کراوەکان لە دەست ژمارەیەکی کەمدا بۆتە هۆی بە کۆیلە کردنی ئەو بە ملیۆن کرێکارەی لە کارگاکاندا ئارەق دەرێژن. هەرچەند کە کرێکارانی نەساجی لە بنگلادێش بە بەرەکەتی خەباتیان توانیویانە لانیکەمی حه‌قده‌سته‌كانی ئەمساڵ لە ٢٨ یۆرۆی ساڵی ٢٠١٠ وە بگەیەننە ٥٥ یۆرۆ بەڵام هەموان دەزانن کە ئەم ئاستە لە حەقدەست مەودایەکی زۆری لەگەڵ سەبەدی نیازی بنەماڵە کرێکاریەکان لە بنگلادێش هەیە.

ئەگەرچی کرێکارانی به‌نگلادێش لە نزم ترین چەرخەی ئەم کۆیلەتیە مۆدێڕنەدان بەڵام پچڕاندنی ئەم زنجیرانەی کۆیلەتی لە ئەستۆی چینی کرێکاری جیهانیە. ئەوەڵی مانگی مەی دەرفەتێکە کە ئەم چینە شەقام و مەیدانەکان بکاتە گۆڕەپانی پڕ شکۆی خەبات و تێکۆشانی خۆی و بیانکاتە مەیدانی دادخوازی لەدژی بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری.

بابەتی پەیوەندیدار

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-