کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی ژنان و ناڕەزایەتی لەدژی ڕژیم و لایەحەی بەرگرتن لە تەندوتیژی لەدژی ژنان

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ژنان لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی رۆژانە ئاستی بەرین تر بە خۆیەوە دەگرێت. ئەگەر بڵێسە سەرەتاییەکانی ئەم بزوتنەوە ناڕزایەتیە لەم مانگانەی دواییدا لەگەڵ ناڕەزایەتی کرێکاران، موعەلیمان، کەسانێک سەروەتیان لەقیس چووە و لە داکۆکیکردن لە زیندانیانی سیاسیدا لێدرابوو، ئێستا کێشراوەتە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و بۆتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری ناڕەزایەتی سەرتاسەری. لە ناخی ئەم بارودۆخە پڕ لە گۆڕانە و لە بارودۆخێکدا کە ژنانی نارازی لە ئاستیێکی بەرچاودا لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا بەشدارن، تەرحی لایەحەی بەرگرتن لە توندتیژی لەدژی ژنان لە ئیختیار مەجلیس دایە بۆ تاوتوی کردن.1 1

کێ دەتوانێ گومانی هەبێت کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە دژی ژن ترین ڕژیمەکانی مەوجود لە دنیادایە. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی ژنان هەم لە بەرین ترین ئاستدا بوونەتە نیشانەی توندوتیژیە کۆمەڵایەتی و بنەماڵییەکان و هەم لە پانتاییەکی زۆر و لە بواری جۆراو جۆردا دەستیان داوەتە خۆڕاگری. ئیدئۆلۆژی ئیسلامی بەستێنێکە کە تەنیا پێوەندی پیاوسالارانە لە هەموو سوچ و قوژبنەکانی یاسای دژی ژنی خۆیدا نیهادینە نەکردوە، بەڵکو ژنانی جیرەخۆری ڕژیمی کردۆتە بڵیدگۆی سوک و بێ نرخ ترین جاڕچی مناسباتێکی دژ بە ژن. تەرحی لایەحەی بەرگرتن لە توندوتیژی لەدژی ژنان لە مەجلیسی ڕژیمدا لە رۆژانی ڕبردوودا دەرفەتێک بووە کە ژنان لەگەڵ ئەوپەڕی کۆنەپەرستانە ترین ئیدئۆلۆژی ئیسلامیدا بەرە روو ببنەوە.

لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٣٩٢ دا ئیدەی ئامادە کرانی گەڵاڵەیەک سەبارەت بە توندتیژی بنەماڵەیی لەنێو بەشێک لە هەڵسوڕاوانی ژن و ژمارەیەک لە وەکیلانی دادگوستەریدا شکڵی گرت. بێجگە لەوەی کە ئەم ئیدەیە لە نێو کام بەش لە هەڵسوڕاوانی ئەم بوارەدا و بە کام ئاسۆ و بەربەستەوە تەرحکراو، بەڵام بەهەر حاڵ وڵامێک بوو بە گرفتێکی گیان تاوانی کۆمەڵایەتی کە بە شێوەی ئاسایی کۆمەڵگا بە هاسانی بەلایدا تێدەپەڕیت و لەگەڵ ئەوەشدا لە پێوەند لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان تەنیا یەک حاڵەت لە یاسای سزادانی ئیسلامیدا بوونی هەیە کە تێیدا هاتوە “کەسێک کە لە مەعابری گشتی مزاحمەت بۆ ژنان دروست بکات، بەرخوردی پێ دەکرێت.” ئەمە گشت ئەو شتەیە کە لە مێشکی کۆماری ئیسلامیدا گونجاوە. ئێستا نزیک بە ٥٠ ساڵ لە شکڵگرتنی ئیدەی وەها تەرحێک تا دروستکردنی گروپێکی کاری لە بەناو خاوەنڕایان لەم بوارەدا و بەرپا کردنی دەیان سمینار، سەردانی” ئایاتی عوزام”، پێشکەشکردنی بە قوەی قەزاییە و دواتر هەیئەتی دەوڵەت، ڕەشنووسی لایەحەی مەنعی توندوتیژی لەدژی ژنان بە مجلیسی ڕژیم دراوە.

کاربەدەستانی ڕژیم هەر یەکە و بە شێوەیەک قسە دەکەن. جێگری قوەی قەزاییە ڕەخنە دەگرێت کە ئەم لایەحەیە ” جورم نیگاری” بەرینی هەیە کە تا ئێستا نیزامی حقوقی لەگەڵ لایەحەیەکی بەم قەبارە گەورەوە لە ” جورم نیگاری” بەرەو روو نەبۆتەوە. نوێنەری وەزاڕەتی دادگوستەری دەڵێ لە ” هێندێک لە مەسادیقدا هاتینە سەرئەوەی کە لەگەڵ فەرهەنگی ئیسلامی و یاساوڕێسای نێوخۆیدا بگونجێ و هەوڵمان دا هاوسەنگیان بکەین و هەڵبەت سازگار بوون” لەگەڵ فەرهەنگی ئیسلامیدا کە نزیک بە چوارەدەیەیە ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە ئەزمونی دەکەن، ئەزمونێک کە ڕەنگە یەکێک لە خوێناوی ترین تەجروبە مێژووییەکانی ژنان لە ئێراندا بێت. لەم نیوانەدا بەڵام زارا ئەیەتۆاللهی کە لەقەبی چالاکی ئوسولگەرای بۆ خۆی دەستەبەر کردوە و گرنگتر لەوەش سەرۆکی ” شورای فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ژنان و بنەماڵە”یە لە ڕەخنە گرتن لەم تەرحە هەوساری پچڕاند و جەوهەری ڕاستەقینەی ئیدئۆلۆژی ئیسلامی باشتر ئاشکرا کرد. ناوبراو لایەحەکەی بە لایەحەیەکی ” لایەنگری ژنانی ڕوسپی” ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەم لایەحەیە پەسند بکرێت ” کوڕان ئیتر ناوێرن زەماوەند بکەن”. ئەو لە درێژەدا ڕێگاچارەی دژی ژنی خۆی بە ئاشکرایی دەربڕی. ” تەجروبە نیشانی داوە کە باشترین جۆری پشتیوانی لە ژنان ئەوەیە کە بە پیاوانی بنەماڵەی بسپێرین. باوک، برا، باوەگەورە، باوکی هاوسەر و کەسانی مەحرەم کە توانایی پشتیوانی و دیفاع لە ژنیان هەیە”. رەنگە خراپ نەبێت چاوێک بەئامارەکاندا بگێڕین. ئەو ئامارانەی بڵاو کراونەتەوە لە لایەن هەڵسوراوانی ژنانەوە پەردە لەسەر ڕاستیەکانی پشتیوانی پیاوانی بنەماڵە لە ژنان هەڵئەدەنەوە. بەپێی ئەم ئامارانە ٧٦ لەسەدی ژنان توندوتیژیان بەرانبەر کراوە، ئەو توندوتیژیانە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کراوە. لە ساڵی ڕابردودا ١٣ هەزار و ٣٧٠ حاڵەتی هاوسەر ئازاری بە ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی گەیەندراوە و هەڵبەت دەزانین ئەوە تەنیا ئاماری ئەو بەشە لە ژنانێکە کە توندوتیژیان بەرانبەر کراوە و چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقانیان و وێراویانە هەموو موسیبەتەکانی سەردان کردنی ئەو شوێنە قەبوڵ بکەن. مەگەر کەم رویداوە کە ژنان بۆ هەڵاتن لە دەست توندتیژی لە ماڵەباوان ناچار بە قەبوڵ کردنی هاوسەر گیری دەبن و تازە ئەمجار لە بنەماڵەی مێرد بەرەو رووی توندتیژی تازە دەبنەوە. کاتێک کچێک لە تەمەنی منداڵی و یان تەنانەت تازە لاویدا وادار بە هاوسەر گیری کراوە و بووە بە خزمەتکاری بنەماڵەیەکی نوێ کە نەتەنیا مێرد بەڵکو باوکی مێرد و تەنانەت برای مێردیش ئازار و ئەزیەتی دەکەن و لە هێندێک حاڵەتدا دەیکوژن و تەرمە کەی تەحویلی بنەماڵەکەی ئەدەنەوە، بەم جۆرە سپاردنی پشتیوانی لەژن بە پیاوانی بنەماڵە ئەوپەڕی بێ شەرمیە. ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە تەنیا ١٣ و نیو لەسەد لە توندتیژی بەرانبەر کراوان لە لایەن بنەماڵەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەو دیوی ئەم پشتیوانی لێ نەکرانە بیجگە لە مانەوەی چەرخەی توندوتیژی هیچی تر نییە. ئەم بەناو هەڵسوراوەی ژنانی ئوسولگەرایە لە درێژەدا ئەڵێ” تەنانەت ئەگەر ژنێک گومانێکی لە توندتیژی لە ڕەفتاری پیاودا هەبێت، ئەم لایەحەیە ئەو مافەی ئەداتێ کە پیاوەکە مەحکوم بکات و دادگا بێنێتە نێو ماڵەوە.” ئەوەی کە ژن لێدان دەخوات، ئەوەی کە دەست درێژی دەکرێتەسەر لە لایەن هاوسەرەوە، ئەوەیکە گەلێک جار بە شێوەی کەلامی توندوتیژی بەرانبەر دەکرێت، ئەوەی کە مافی سەرپەرستی کردنی منداڵی لێ زوت دەکرێت، ئەوەیکە دەکرێتە کالا و دەفرۆشرێت و ئەوەی کە هەموو ئەم توندوتیژیانە بە پێست و ئێسکەوە هەست پێدەکات، بە ڕیوایەتی ئەم ژنە ئوسولگەرایە” تەوەهومە”.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر لایەحەکە دوای بەناو ئیسلاحاتی پێویست بۆ هاوسەنگ کردن لەگەل فەرهەنگی ئیسلامی و دواتر دەرچوون لە گشت ئەم کۆسپە ” شەرعیانە” پەسند کرا لە باشترین حاڵەتدا دەربڕی ئاوات و ئارەزوەکانی بەشێک لە ژنانە کە باوەڕیان بە ئیسلاحات لەنێوخۆی ڕژیمدا هەیە و بە هەزار و یەک بەند بە باڵێک لە باڵەکانی ئەم ڕژیمەوە وەسڵن. راستیەکی تر و گرنگ ئەوەیە کە توندوتیژی لەسەر ژنانە چ لە بواری کۆمەڵایەتی و چ لە حەوزەی تایبەتیدا دەربری ئەو مناسباتەیە کە ژن وەک کالایەک دەبێ پارێزگاری کەر لە پێوەندیەکی بەرهەمهێنانی دیاریکراو بێت و ئەمە لە ڕاستیدا ئەو بابەتەیە کە دەبێ لە لایەن هەڵسوراوانی ڕادیکاڵی ژنانەوە بەرەنگاری بکرێت. ڕاستە کە ئەم هەڵسوراوانە بۆ هەر ڕادەیەک لە سڕینەوەی توندتیژی لەسەر ژنان لە هەموو ساتێکدا دەبێ خەبات بکەن، بەڵام هیجکات لەبیریان ناچێتەوە کە ئەم خەباتە بەبێ بوونی ئاسۆیەک کە مناسباتی زاڵ بەسەر بنەماڵەی ئێستادا تێک بشکێنێ، ناتوانێ پرۆسەیەک دەست پێبکات کە ژێر دەستەیی ژنان و پەیڕەو کرانی توندوتیژی لە دژیان بە زەینیەتی مێژویی کۆمەڵگای بەشەری بسپێردرێت. بێ گومان بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا دەرفەتێکە تا هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی ژنان بە داخوازی و ئاسۆی ڕزگاریدەری خۆیانەوە بێنە مەیدان.