ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی مانگی جۆزه‌ردان، هێزه‌كانی سپای پاسداران له سنووری “گۆڕه‌شێری نۆكان”ی سه‌رده‌شت، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی گوندی “شێنێ”ی سه‌ر به شارۆچكه‌ی “قه‌ڵادزێ”یان داوه‌ته به‌ر ده‌سترێژی گولله و له ئاكامدا ناوبراو به‌سه‌ختی بریندار بووه. له هه‌واڵێكی دیكه‌دا، هێزه‌كانی ئیدراه‌ی ئیتلاعاتی ڕژیم، كۆڵبه‌رێكی خه‌ڵكی گوندی “سه‌ردووش”ی مه‌ریوانیان به ناوی “دانا پیروزی” بانگهێشت و ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.
دوانیوەڕۆی سێشه‌ممه لەسەر سنووری نێوان “گۆڕەشێر”ی سه‌رده‌شت و گوندی “شێنێ”ی سەر بە شارۆچکەی “قەڵادزێ” له باشووری کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان كرد لە كۆڵبه‌رێكی ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵ به ناوی “ڕه‌سووڵ ئه‌وڕه‌حمانه” و ناوبراو به‌سه‌ختی برینداربوو. جێگای ئاماژه‌یه كه دوو ڕۆژ پێش ئێستاش گەنجیکی خه‌ڵكی شارەدێی “سەنگەسەر” لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان، لەلایەن سپای پاسدارانەوە كرایه ئامانج و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. هه‌روه‌ها “دانا پیروزی” ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی مانگی گوڵان، بەهۆی تەقەی هێزەكانی ڕژیم لە سنووری “دۆڵەبی” به‌سه‌ختی برینداركرابوو و هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ئه‌م جاره‌ی له‌به‌رده‌ستا نییه.