کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

با له‌ مافی ڕاپه‌ڕین و ئازادیی به‌ندكراوان دیفاع بكه‌ین!

411090 270

411090 270

سه‌ره‌ڕای میحنه‌ت و سه‌ركوتگه‌ری و هه‌ژاریی ملیۆنی و كاره‌ساتی منداڵانی كار و به‌تاڵان چوونی ژیان و بژێوی خه‌ڵك، له‌ ئێستادا چه‌ندین حه‌فته‌یه‌ كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا كۆمه‌ڵگای له‌گه‌ڵ مه‌ترسیه‌كی مه‌رگباری نوێ به‌ره‌وڕوو كردووه‌. خه‌ڵك به‌ چاوی خۆیان دیتیان كه‌ چۆن ڕژیم به‌ نهێنی كاریه‌كانی بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی كۆنه‌په‌رستانه‌ی خۆی، كایه‌ی به‌ گیان و سڵامه‌تی ئینسانه‌كان كرد. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ویرووسی كۆرۆنا داوێنی كۆمه‌ڵگای گرتووه‌، له‌ باروودۆخێكدا كه‌ نهێنی كاریی سه‌رانی كۆماری ئیسلامی بووه‌ته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رینی ئه‌م ویرووسه‌ و له‌ باروودۆخێكدا  كه‌ له‌ هه‌موو جیهان هه‌موو ڕۆژێك ئاماری مه‌رگی هه‌زاران كه‌س و تووش بوونی ڕۆژانه‌ی ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌بیستین و له‌ باروودێخێكدا كه‌ ته‌پڵی ڕسواییی تیببی ئیسلامی له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌نگی داوه‌ته‌وه‌‌ و شاره‌ به‌ناو پیرۆزه‌كانیان بوون به‌ ناوه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ میدیاكانه‌وه‌ ڕێگای نهێنی كاری له‌ سه‌رانی ڕژیم به‌ست، سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه‌، به‌و په‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه‌ له‌ تلویزیۆن ده‌ركه‌وتن و باسیان له‌ شه‌ڕی بیۆلۆژیكی دوژمن كرد. ئه‌وان له‌ باروودۆخێكدا كه‌ زۆرێك له‌ شوێنه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ له‌وانه‌ نوێژی جومعه‌كان، مزگه‌وت و مه‌نبه‌ره‌كان، حه‌وزه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ و فێركردنی بیری پرتووكاو و كۆنه‌په‌رستانه‌ی قۆم و مه‌شهه‌د و زۆرێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان و مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامیان ته‌عتیل كرد، به‌ڵام به‌ندكراوان و به‌تایبه‌ت به‌ندكراوانی سیاسی و چالاكانی مه‌ده‌نیان له‌ تاران و شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران كه‌ ته‌نیا تاوانیان دیفاع له‌ نان و كار و ئازادی و دیفاع له‌ ئازادیی مه‌ده‌نی و مافی ئینسانه‌كان بوو، له‌ مه‌ره‌خه‌سیی بێبه‌ری كرد.

هه‌واڵی بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ زیندانه‌كانه‌وه‌ ده‌بیسترا. ئه‌م هه‌واڵه‌ نه‌یده‌توانی نیگه‌رانی واقعیی و به‌رحه‌قی به‌ندكراوان و بنه‌ماڵه‌كانیانی لێنه‌كه‌وێته‌وه‌. ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی وا مه‌ره‌خه‌سیان وه‌رگرتبوو له‌ ڕاپۆرتێك دا سه‌باره‌ت به‌ باروودۆخی به‌ندكراوانی به‌ندی ژنانی زنیدانی ئێوین له‌ ساڵۆنی ٢دا وتیان: “هه‌ر كه‌سێك تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ بوایه‌، كه‌سانی دیكه‌ش به‌رده‌وام مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ربوو كه‌ لێی بگرنه‌وه‌. تا نیوه‌ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌، ئێمه‌ ته‌نانه‌ت جیره‌ی ماده‌ی خاوێنكردنه‌وه‌( له‌وانه‌ تاییت و كه‌ف شۆر و وایتێكس )مان پێنه‌درا و مه‌حرووم ماینه‌وه‌. بێهداریی ئێوین نه‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ كه‌مبوونی پزیشكی شاره‌زا و په‌رستار به‌ره‌وڕووه‌ به‌ڵكوو ساده‌ترین و سه‌ره‌تاییترین ده‌رمانه‌كانیشی لێ وه‌گیر ناكه‌وێ … “. له‌ وه‌ها باروودۆخێكی تاقه‌ت پڕووكێن دایه‌ كه‌ به‌ندكراوانی عادیی سه‌رتاسه‌ری ئێران له‌وانه‌ عادڵ ئابادی شیراز، ورمێ، هه‌مه‌دان، سه‌قز، مه‌هاباد، ڕه‌شت، ته‌ورێز، ئه‌هواز و زیندانی ئه‌لیگووده‌رز له‌ ترسی بێ په‌نایی له‌ به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنادا، له‌ زیندانه‌كاندا ده‌ستیان داوه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕین و ژماره‌یه‌كیان توانیویانه‌ خۆیان ده‌ربازكه‌ن و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان له‌ لایه‌ن هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیمه‌وه‌ یان كوژراون و یان بریندار بوون.

نابێ له‌بیرمان چێته‌وه‌ كه‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام شوێنێكی دژه‌ ئینسانی و قه‌تڵگان. كێ ده‌توانێ كوشتاره‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی دا فه‌رامۆش كات، كێ ده‌توانێ فه‌رامۆشی كات كه‌ كچانی لاوی به‌ندكراو، شه‌وێك به‌رله‌ ئێعدام كردنیان ده‌خرانه‌ به‌رده‌ست پاسدار و جه‌للاد و زیندانبانه‌ به‌كرێ گیراو و په‌سته‌كانی ڕژیم. كێ ده‌توانێ ئه‌وه‌ی له‌بیرچێته‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ باروودۆخی ئاساییشدا، به‌ندكراوانێك كه‌ به‌ تاوانی قه‌تڵ و قاچاغ و باقی تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان گیرابوون، له‌ گیانی به‌ندكراوانی سیاسیان به‌رده‌دان. بیره‌وه‌ریی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ ئه‌شكه‌نجه‌كانی كۆماری ئیسلامی، له‌ ئه‌شكه‌نجه‌گه‌رانی وه‌ك حاجی داوود، له‌ به‌ ڕۆژ و به‌ حه‌فته‌ له‌ تابووتدا مانه‌وه‌، به‌شێكه‌ له‌ بیری مێژوویی خه‌ڵك له‌ زیندان و له‌ ئێستاشدا هه‌ر له‌و زیندانانه‌دا كه‌ چیی وا له‌ قه‌تڵگایه‌ك كه‌متر نین، به‌هۆی پیس بوون و ناسالم بوونیانه‌وه‌، بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه‌ و گیرۆده‌ بوونی به‌ندكراوان به‌م نه‌خۆشیه‌. خه‌ڵك به‌ ئه‌زموون دیتیان كه‌ ئازیزانیان ته‌نانه‌ت له‌ باروودۆخی ئاساییشدا كاتێك كه‌ نه‌خۆش ده‌كه‌ون  و یان به‌ ژانی نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، چۆن له‌ ناردنیان بۆ ناوه‌نده‌ پزیشكی و نه‌خۆشخانه‌كان ڕێگری ده‌كه‌ن.

هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمان ده‌ڵێن كه‌ به‌ندكراوانی گرفتار له‌ به‌نده‌كانی ڕژیمدا، هیچ ڕێگایه‌كیان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ویرووسی كرۆنا له‌ ئه‌مان دابن. له‌و ناوه‌دا باروودۆخی به‌ندكراوانی سیاسی زۆر مه‌ترسیدارتره‌. كێ ده‌توانێ ئه‌وه‌نده‌ی متمانه‌ به‌ ڕژیم بێت  كه‌ به‌ بیانووی تووش بوون به‌ كۆرۆناوه‌، به‌ندكراوانی سیاسی له‌كۆڵ خۆی نه‌كاته‌وه‌. بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوان خۆیان دیتیان، له‌ باروودۆخێكدا كه‌ سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ ئازادیی و یان مه‌ره‌خه‌سی ده‌یان هه‌زار به‌ندكراو، به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیان، هه‌راو هوریایه‌كی زۆریان وه‌ڕێخستبوو، كاتێك كه‌ باسی به‌ندكراوانی سیاسی هاته‌ به‌ره‌وه‌ ژماره‌ی به‌ندكراوانێك كه‌ بۆ مه‌ره‌خه‌سی ناردرانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ١٠٠ كه‌س زیاتر نه‌ده‌بوو. له‌ هه‌واڵه‌كانی هه‌ر ئه‌م حه‌فته‌یه‌دا هاتبوو كه‌ سێ كه‌س له‌ مه‌حكوومانی په‌روه‌نده‌ی دادگای تایبه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، به‌ حوكمی زیندانیی درێژماوه‌ی ٢٠ ساڵ و ١٠ ساڵه‌وه‌ و له‌ حاڵێكدا كه‌ له‌ ده‌وره‌ی زیندانی ئه‌و ئاغازادانه‌ نزیك به‌ ٦ مانگ تێپه‌ڕ ببوو،‌ له‌ سه‌روبه‌ندی ساڵی تازه‌دا  و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه‌، ناردرانه‌وه‌ بۆ مه‌ره‌خه‌سی. بێ گومان ئه‌وانه‌ كه‌سانێكن كه‌ به‌ ملیاردهایان له‌ ده‌ستڕه‌نجی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌ تاڵان بردووه‌. به‌ڵام دیتمان كه‌ هێندێك له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ساڵی نوێیان له‌ زیندانه‌كاندا ده‌ست پێكرد. دایكانی پاركی لاله‌ حه‌قیانه‌ كاتێك كه‌ له‌ به‌یانیه‌كه‌یاندا له‌ ژێرناوی “مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ زیندانه‌كانی ئێران بێداد ده‌كا و به‌ندكراوانی سیاسی و عادی پێویسته‌ هه‌رچی زووتر له‌ زیندانه‌كان ئازاد بكرێن“، ده‌نووسن: “چۆن ده‌كرێ باوه‌ڕ بكه‌ین كه‌ له‌و باروودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌دا كه‌ گه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌چاو كردنی مه‌ودادانان و ئیزۆله‌ كردنی كه‌سه‌كان كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستووری كاره‌وه‌، به‌رپرسانی قه‌زایی و ئه‌‌منیه‌تی به‌م جۆره‌ بێره‌حمانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ندكراوان و بنه‌ماڵه‌كانیان هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن، ده‌ڵێی به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌یانهه‌وێ به‌ندكراوان و بنه‌ماڵه‌كانیان له‌ناوبه‌رن. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ بنه‌ماڵه‌كان و به‌ندكراوان بۆ ڕێگری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا ته‌نانه‌ت‌ له‌ خێری سه‌ردانیش گوزه‌راون تا مه‌ترسیی تووش بوون به‌م ویرووسه‌ كه‌متر بكه‌نه‌وه‌، ڕژیم كه‌ به‌رپرسی گیانی به‌ندكراوانه‌، هیچ هه‌وڵێكی نه‌داوه‌. له‌ زیندانه‌كانی ئێراندا ئه‌گه‌ر به‌ندكراوێك تووشی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ بێت، بێ گومان باقی به‌ندكراوان و ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ كه‌ بۆ چاوپێكه‌وتنیان دێن، به‌ خێرایی ده‌یگرنه‌وه‌. پێویسته‌ هه‌رچی زووتر به‌ندكراوانی سیاسی و عادی، له‌ زیندانه‌كان ئازاد بكرێن و له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا بخرێنه‌ ژێر چاوه‌درێریه‌وه‌”.

خواستی دیفاع له‌ ئازادیی به‌ندكراوان له‌وانه‌ سیاسی و عادی ڕێك له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ویرووسی كۆرۆنا جیاوازیی له‌ نێوان به‌ندكراوی عادی و سیاسی دانانێت. مافی هه‌ر به‌ندكراوێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیمكاناتی ته‌ندرووستیی بخرێته‌ ئیختیاره‌وه‌. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ كۆماری ئیسلامی خۆی ڕژیمی جه‌نایه‌ت‌ و گه‌نده‌ڵی و دزیه‌، به‌ندكراوانی ناو زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ده‌ست بده‌نه ناڕه‌زایه‌تی و‌ ڕاپه‌ڕین و خۆیان ده‌رباز بكه‌ن. به‌ده‌ر له‌وه‌یكه‌ جێگای خه‌باتكارانی سیاسی زیندان نییه‌، پێویسته‌ بوترێ  ئه‌و نیزامه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی كه‌ تاوان و جه‌نایه‌ت ده‌خوڵقێنێت و دووباره‌ی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و نیزامه‌ توانای دیتنه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی بۆ پاراستنی سڵامه‌تی كۆمه‌ڵ و توانای دابین كردنی ئیمكاناتی پێویستی بۆ ڕیشه‌كێش كردنی تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نییه‌. بێ گومان وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌ك پێویسته‌ له‌ بناغه‌وه‌، ژێر و ژوور بكرێت.