کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی ١٦ی سەرماوەز ، ڕۆژی خوێندکار، لە هەموو کوردستان

  بزوتنەوەی خوێندکاری یەکێک لە سەنگەرە سەرەکیەکانی شۆڕشی ئێستا

  شازدەی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار، لە ڕێدایە. ٦٩ ساڵ لەوە پێش دوای کودتای ئەمریکایی– ئینگلیسی ساڵی ١٣٣٢ ی هەتاوی و لە کاتی هاتنی کارداری باڵوێزخانەی بریتانیا بۆ ئێران، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خوێنکاران لە رۆژی ١٤ ی مانگی سەرماوەزدا سەبارەت بە ئامادەبوونی لە ئێران ناڕازیەتیان دەربڕی. ناڕەزایەتی خوێندکاران چەندین رۆژ بەردەوام بوو. ئەم ناڕەزایەتیە لە رۆژی ١٦ ی سەرماوەزدا بە لوکەی خۆی گەیشت. هێزەکانی گاردی پاشایەتی کە لە پێشترەوە ئامادە بوون و لەسەروەدەستوری کوشتاریان پێدرابوو، خوێندکارانیان لەنێو کۆلیژی زانکۆی فەننیدا دایەبەر دەستڕێژی گوللە. لە ئاکامی ئەم کردارە جەنایەتکارانەدا سێ خوێندکار بە ناوەکانی مستەفا بوزورگ نیا، ئەحمەد قەندچی و شەریعەت ڕەزەوی گیانیانبەخت کرد. بوێری و گیان فیدایی خوێندکاران لە ناڕەزایەتی دژبە هێمای ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا و بنەماڵەی سەڵتەنەتی وابەستە و گوێلەمشتی، ١٦ ی سەرماوەز رۆژی خوێندکاری کردە بۆنەیەکی مێژوویی.

لە هەموو دەورانی حاکمیەتی ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامیدا، بێجگە لە ماوەیەکی کورت کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی هێژموونیان بەسەر کۆمەڵدا هەبوو، خوێندکارانی چەپ و سۆسیالیست بەردەوام داینەمۆ و ماتۆڕی وەڕێخستنی ناڕەزایەتی و خەباتی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاری و دەنگدانەوەی داخوازیی خەباتی ڕادیکاڵی ناخی کۆمەڵگا بوون. زۆربەی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسیە تێكۆشەرەکان، ڕادیکاڵ و کومونیست لە زانکۆکاندا خوێندنیان تەواو کردوە و لە قۆناغێکدا چالاک و هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی خوێندکاری بوون. خۆڕاگر ترین زیندانیانی سیاسی  و تەسلیم ناپەزیر ترین زیندانی سیاسی لە حکومەتی پاشایەتی و ئیسلامیدا لە نێو خوێندکاراندا سەریان هەڵداوە. بێ هۆ نییە کە سەرجەم دیکتاتۆڕەکان لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاری ئەترسن و بە هەموو ئامراز و ئیمکاناتێکی وەک: پۆلیس، زیندان، ئەشکەنجەگەر و ئاخوند، موبەلغی مەزهەبی و فەتوای دینی، بە خێرایی دەست دەکەن بە سەرکوت و کپ کردنی دەنگی مافخوازانەی مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری خوێندکاران.

ئێستا بزوتنەوەی خوێندکاری لە ژێر ساڵانێک سەرکوت و فریودا پشتی ڕاست کردۆتەوە، سەرلەنوێ پێگە مێژووییەکەی دەستەبەر کردۆتەوە و بۆتەیەکێک لە سەنگەرە سەرەکیەکانی شۆڕشی ئازادیخوازانە و بەرابەریتەڵەبانە. سەرکوتی خوێناوی وەحشیانەی زانکۆی سەنعەتی شەریف و تەورێز و شوێنەکانی دیکەی وەک ئەوان، و دەستبەسەر کرانی بە سەدان خوێندکار نە تەنیا نەبۆتە هۆی بە چۆکداهاتنی خوێندکاران، بەڵکو قین و توڕەیی ئەوان و سەرجەم کۆمەڵگای چەند بەرابەر کردوە. ئێستا خوێندکاران بە پشتیوانی باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان، وەک بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەبات لەدژی سەرمایەداری و ئیستبدادی ئاینی و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، بەرابەر و پڕ لە ڕیفاهدان.ئەوە خوێندکاران بوون کە هاواریان دەکرد:” منداڵی کرێکارانین– لەگەڵیانین“. وڵامی کرێکارانیشمان بۆ جوابدانەوە بە خوێندکاران بیست. ئەو کاتەی کە هێزە سەرکوتگەرەکان بە دەستوری کاربەدەستانی سەرەوە لە رۆژی دەی مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ هێرشیان کردەسەر زانکۆی شەریف شوڕای خانەنشیکراوانی ئێران، سەندیکای کرێکارانی حەوت تەپە و یەکێتی خانەنشینان بە بڵاوکردنەوەی بەیانیەی جوداگانە کاردانەوەیان نیشاندا.لە ڕاگەیاندنی یەکێتی خانەنشینکراواندا هاتوە کە مێژوو هەموو هێرشەکان بۆسەر زانکۆ تۆمار دەکات و رۆژی وڵامدانەوەش دێت. لە بەیانیەی سەندیکای حەت تەپەدا هاتوە کە بێگومان ئەم جەنایەتە و باقی جەنایەتەکانی تریش نە لەبیر دەکەین و نە دەیانبەخشین. لە بەیانیەی شوڕای خانەنشینانیشدا هاتوە کە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو لاوانەی کە تەنیا کۆڵەپشتی و کتێب و دەفتەریان پێیە، ئەڕتەش و لیباس شەخسی دێننە مەیدان، گەمارۆیان ئەدەن و دەیانگرن، گازی فرمێسک ڕێژ و گوللە یان بۆ دەهاون، ئەم دیمەنانەمان تەنیا لە فیلمرکانی نازیسمدا بینیوە! ئەگەر ئێوە دەزانن و هەستتان بەوە کردوە کە ئاکام  و کۆتایی بە گوێ دەگات، دەڵنیا بن ئێمەش ئاگادارین.

  لەسەرودەمی نزیک بوونەوە لە ١٦ ی سەرماوەز لاوانی گەڕەکی ٣٠ شاری ئێران، بەرەی یەکگرتوی گەڕەکەکان و گوروپی پزیشکان و پەرستارانی ئازادی خواز، کۆمەڵێک بانگەوازیان بۆ مانگرتن  و ناڕەزایەتی سەراسەری بڵاو کردۆتەوە. بە هۆی هاودەردیەکی قوڵ کە لە کۆمەڵدا سەبارەت بە بزوتنەوەی خوێندکاری بوونی هەیە، ئەم بانگەوازانە بە شێوەیەکی بەرین وڵامی ئەرێنیان وەرگرتۆتەوە. ئێمە پشتیوانی لەم بانگەوازە سیاسیە دەکەین و دڵنیاین کە سەرجەم چین و تویژە ناڕازیەکان بە وڵامی ئەرێنی و هەمەلایەنەی خۆیان بەم بانگەوازانە، ئاگری شۆڕش بڵێسەدار تر دەکەن.

لەمڕۆدا بزوتنەوەی خوێندکاری هاو تەریب لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران و باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتی و جەماوەریەکان، بە دۆزینەوەی سەرلەنوێێ پێگەی شیاوی خۆیان لە ناخی شۆڕشی ئێراندا، هیوا و هومێدێکی زۆری بەخشیوەتە گەیشتن بە سەرکەوتن. ئەم بزوتنەوەیە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، بۆ گۆڕینی ڕادیکاڵانەی بارودۆخی مەوجود و روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئیستبدادی مەزهەبی زاڵ بەسەر ئێراندا پێویستی بە هاوجیهەتی بە یەکەوە، بە هەول و کۆشش بۆ ڕێکخستن و دروست کردنی تەشکیلات، بە هەبوونی ڕێبەری و سیاسەتێکی چینایەتی و دوور ئەندیشانەی کومونیستی، بە خەت و مەش و ئیسترتیژییەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە هەیە، تا بتوانێ باقی بزوتنەوە ڕەسەنە خەباتکار و کۆمەڵایەتیەکان ڕێکبخات و یەکگرتویان بکات و ڕێگا بۆ ڕوخانی هەرچی خێراتری کۆماری ئیسلامی، و چوون بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی خۆش بکات.

حیزبی کومونیستی ئێران

سەرماوەزی١٤٠١

دسامبری ٢٠٢٢

حزب کمونیست ایران

آذر ماه ۱۴۰۱

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاری ٢٠٢٤

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە هەموو تواناوە  پشتیوانی لە ژنانی بوێر و ئازادپۆش و لاوە قارەمانەکانیان دەکەن!

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

حکوومەتی ئیسلامی لەئاست خەڵک،ناوچەکە و جیهاندا،لەهەمووکاتێک لاواز و تاککەوتووترە-هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

نەورۆز، شادی، خۆڕێکخستن و گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی

-