کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بارودۆخی عێڕاق لە ئاوێنەی هەڵبژاردندا

رۆژی شەممە ١٢ی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ٢ی مانگی گوڵان هەڵبژاردنی پاڕلمانی لە عێڕاق بەڕێوەچوو. لەسەر بنەمای راپۆرتی هەواڵنیریە جۆراوجۆرەکان زیاتر لە ٥٥ لەسەدی ئەو کەسانەی کە مەرجی بەشداری کردنیان هەبووە نەچوونەتە سەر سندوقەکان و ئەم هەڵبژاردنەیان تەحریم کردوە. ژمارەی کەسانێک کە بەشداریان کردوە نزیکەی ٢٠ لەسەد کەمتر بووە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤. هەرچەند هێشتا ئاکامی کۆتایی ڕانەگەیەندراوە بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە ٩٠ لەسەد لەو دەنگانەی ژمیردراون، لیستی ئیئتیلافی موقتەدا سەدر رووحانی شیعە لەژێر ناوی “سائیرون” زۆرترین دەنگ و کورسی دەستەبەر کردوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ” سائیرون” بە دەستەبەر کردنی ٥٤ کورسی، ئیئتیلافی “فەتح” بە ڕێبەریی هادی عامری کە لە لایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە پشتیوانی دەکرێت بە ٤٩ کورسی و ئیئتیلافی “نەسر” بە ڕێبەری حەیدەر عەبادی بە ٣٩ کورسی، دەوڵەتی یاسا بە ڕێبەریی نوری مالکی بە ٢٥ کورسی و ڕەوتی حیکمەت بە ڕێبەریی عەمار حەکیم بە ١٩ کورسی زۆرترین نوێنەریان لە پارلمانی داهاتوی عێراقدا دەبێت.

دابەزینی بەرچاوی بەشداری کردنی خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا دەرخەری ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی عێڕاق هیچ هیوایەکیان بە هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕ لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدان و لەژێر حاکمیەتی ئیئتیلافی ئەم حیزب و هێزانەی ئێستا لە گۆڕەپانی عێڕاقدان، نییە. بەم حاڵەوە ئەم هەڵبژاردنە قەرارە ئارایشی هیزەکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق لەم دەورەیەدا پێکبێنێ. لەوێوە کە عێراق دوای روخانی ڕژیمی سەدام و لەژێر حاکمیەتی ڕەوتی مەزهەبی شیعەدا یەکێک لە کانونەکانی دەخاڵەتگەری و ڕقابەتی ئەمریکا و پاشایەتی عەرەبستانی سعودی بووە، ئەم کێشە و کێشمەکێشانە مۆری خۆیان لە ئاڕایش و ئیئتیلافەکانی هەڵبژاردنی ئەم دەورەی دوایی داوە. لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تایبەت دوای دەستەبەر بوونی سەرکەوتن بەسەر داعشدا ئێتیلافێك لە لایەن موقتەدا سەدر، عەمار عەکیم و عیبادیەوە لە ئارادا بوو، تا بەڵکوو بتوانن بە پەنا بردنە بەر هۆویەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و پەرەدان بە مناسباتی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و لێک نزیک کردنەوەی هێندێک لە گوروپە مەزهەبیەکانی شیعە و سوننی مەترسی تەجروبەی ڕابردووی عێراق تێپەڕێنن. لەپشت پەردەی ئەم هەوڵانەوە ئەمریکا و بە تایبەت عەرەبستان هەن و ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی دەخاڵەتگەریەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاقدا. لەم روەوە پێگەی بانتری ئیئتیلافی سائیرونی ژێر ڕێبەریی سەدر لەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد لەگەڵ ئیئتیلافی فەتح بە ڕێبەریی هادی عامری کە پێكهاتەیەک لە حەشدی شەعبیە، نیشانەی پەرەگرتنی نفوزی پاشایەتی عەرەبستان بە بەراورد بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە عێڕاق دایە. ئیتیلافی نەسر بە ڕێبەریی حەیدەر عیبادی کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت بە توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی دیسانیش زیاتر لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دوور دەکەوێتەوە.

لە رۆژانی داهاتودا و بە ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەوە لە پشت پەردەی گۆڕەپانی سیاسی عێڕاقدا و بە دوور لە چاوی دەنگدەران، وتووێژەکان و دانوستانەکان بۆ دابەش کردنی دەسەڵاتی داهاتو لە عێڕاق دەست پێدەکات. لە ئێستاوە ئاشکرایە کە دەوڵەتی ئەمریکا، حکومەتی پاشایه‌تی عەرەبستان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیە هەوڵ ئەدەن کە لەم پرۆسەیە لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانیان دەستێوەردان بکەن و جارێکی تر سه‌ره‌تای تەوافوق لەسەر دابەش کردنی دەسەڵات بکەنە جێگرەوەی پێوانەی دەنگی خەڵک. لە وڵاتێکی وەک عێڕاق کە زۆرتر ئەحزاب یان ئیئتیلافە سیاسییەکان پشت بە هێزی چەکدار، سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی هێزە کۆنەپەرستە جیهانی یان ناوچەییەکان دەبەستن، هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان نە تەنیا هیچ پێوەندیەکی بە دابین بوونی دخاڵەتی خەڵک بۆ دیاری کردنی چارەنووسی کۆمەڵگاوە نییە، بەڵکوو لە دیاری کردنی ئاڕایشی سیاسی هێزەکان لە دەسەڵاتیشدا دەورێکی ئەوتۆ نابینێ.

لە کوردستانیش زیاتر لە دوو دەیە لە حاکمیەتی ئەحزابی ناسیۆنالیست و بیزاری گشتی لە کردارەکانیان لەم ماوەیەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە دەرسەدێکی زۆر لە خەڵک هیوایان بە باشتر بوونی بارودۆخ لەژێر حاکمیەتی ئەم حیزبانەدا لەدەست بدەن و نەچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. لە کوردستان بێتوانایی حکومەتی هەڕیم و ئەحزابی دەسەڵاتدار لە وڵام دانەوە بە چاوەروانیەکانی جەماوەری خەڵک، پەرەسەندنی گەندەڵی دارایی و ئیداری، ئیفلیج بوونی سیستمی نیوە و ناتەواوی دیموکراسی پاڕلمانی، ڕاکێشانی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفڕاندۆمێک کە پێداویستیەکانی بەڕێوەبردنیان فەراهەم نەکردبوو و واوەتر لەوانەش نەبوونی ئاسۆیه‌كی روون بۆ باشتر بوونی ئەم بارودۆخە، بە گشتی دەستیان دایە دەستی یەک و خەڵکی کوردستانیان لە ئاستێکی بەریندا لە حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دوور خستۆتەوە. ئەزمونی ئەم ساڵانە نیشانی ئەدات کە سیستمی ناتەواوی دیموکراسی پارلمانی لە کوردستان هیچ ڕێژەیەک لە دخاڵەتی خەڵکی لە دیاری کردنی چارەنووسیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای دابین نەکردوە. لە هەڵبژاردنی پارلمانی ئەم دواییەدا یەکێتی نیشتمانی و حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق واتە هەردوو حیزبی سەرەکی حاکم زۆر ترین کورسیان دەستەبەر کردوە، بەڵام لانیکەم تا ئێستا ٤ حیزب و ڕەوت لەو ‌هێزانەی کە لە هەڵبژاردندا بەشدار بوون ڕایانگەیاندوە کە بە هۆی گزی زۆر گەورە و بەرین لەم هەڵبژاردنەدا ئاکامی ڕاگەیەندراو بە ڕەسمیەت ناناسن و خوازیاری ژماردنەوەی دەنگەکان سەرلەنوێ بە دەستن. بەڵام له‌ ڕاستیدا ئاکامی هەڵبژاردن و ژماردنەوەی دەنگەکان هەرچیەک بێت لە عالەمی واقعدا ئەو حیزبانە قسەی کۆتایی دەکەن کە هێزی چەکدار، دەزگای ئەمنیەتی و بەرژەوەندی ماڵییان لەبەر دەستدایە.

بەم حاڵەشەوە قەت نابێ هیوا بە ئاڵوگۆر لەدەست بدرێت. پەنجا و پێنج لەسەد لە کەسانی واجدی شەرایەت لە عێڕاق لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارییان نەکردوە. بەشێک لەم کەسانەی بایکۆتیان کردوە هەمان ئەو خەڵکانەن کە لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار لە بەغدا و شارەکانی دیکە لە ناڕەزایەتی بە گەندەڵی ماڵی باندە حکومەتیەکان هاتونەتە سەر شەقامەکان. ئەوان بە تەرح کردنی داخوازییە دیموکراتیک و پێشڕەو بێزاری خۆیان لە دووبەرەکی نانەوە مەزهەبی و فیرقەییەکان ڕاگەیاندوە. کومونیستەکانی عێڕاق دەتوانن بە هەڵخراندنی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی ئێستا دەور و نەخشیان هەبێت و ئاستی نفوزیان لەم کۆمەڵگایەدا بەرین تر بکەنەوە. لە کوردستان ناڕەزایەتی خەڵک لەم مانگانەی دواییدا لەدژی درێژەی بارودۆخی موجود نیشانی ئەدات کە خەڵک ملیان بە سیاسەتی ئەحزابی حاکم نەداوە. کەوایە هێزی مادی و ڕاستەقینە بۆ گۆڕینی ئەم کۆمەڵگایە بوونی هەیە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، ژنانی ستەم دیتو، مامۆستایان و سەرجەم ئەو ئینسانانەی کە لە درێژەی بارودۆخی مەوجود وەگیان هاتوون ڕێگایەکیان بێجگە لەوە نییە کە بۆ کۆتایی هینان بە بەم بارودۆخە، لە گۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگادا ئامادە بن، ڕیزەکانیان یەکبخەن، تەشەکول و سازمانی سەربە خۆیان پێکبێنن و لە ڕێگای ئەم ناوەندانەوە دەخاڵەتیان لە کاروباری کۆمەڵگادا و لە دیاری کردنی چارونووسی خۆیاندا زەمانەت بکەن. کرێکارانی وشیار، کومونیستەکان و هێزە ئازادی خوازەکان بە پتەو کردن و یەکخستنی ڕیزەکانیان و بە ئاڕاستە گرتنە ستراتیژیکەکانە کە دتوانن کوردستان بکەنە پێگەی شۆڕش لە سەرتاسەری عێڕاقدا.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-