کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

باج وەرگرتنی مەدرەسە دەوڵەتییەکان لە خوێندکاران لەڕێگەی بەبارمتە گرتنی کارمانە

هەواڵنێریی تەسنیم لە ڕاپۆرتێکدا کە لە چەند مەدرەسەی تاران ئامادەی کردووە دەنووسێت: “لە مەدرەسە دەوڵەتییەکان، گوشار بۆسەر دایک و باوک بۆ پووڵ خستە سەر حیسابی مەدرەسە لەبری دانەوەی کارنامەی خوێندکاران چووەتە سەرێ. لە زۆر حاڵەتدا، کارنامەی خوێندکاران لە لایەن بەڕێوەبەرانی مەدرەسەوە بە بارمتە دەگیرێت و تەنیا کاتێک پێیان دەدرێتەوە کە پووڵیان دابێت”. ئەم باج وەرگرتنە لە حاڵێک دایە کە بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم بۆ نموونە دایکێک بەناوی مەهتاب پێشتر بۆ ناونووس کردنی دوو منداڵەکەی لە مەدرەسەیەکی دەوڵەتی لە ناوچەی ١٧ی تاران مانگانەی ٥٠٠ و ٣٠٠ هەزار تمەنیی داوە. ئەم دایکە بەم هەواڵنێرییەی وتووە کە ئەو لە حاڵێکدا ناچار بە پەرداختی ئەم پووڵە بووە کە ڕۆڵەکانی بەهۆی کۆرۆناوە نەچوونەتە مەدرەسە و تەنیا بەشێوەی نیوە و ناتەواو لە کلاسە ئانلاینەکاندا بەشدارییان کردووە. نموونەیەکی دیکە ئەوەیە کە مەدرەسە بۆ خوێندکاران جوزوەی ئامووزشیی ئامادە کردووە و خوێندکاران ناچارن دوو بەرابەری هەزینەی ئامادەکردنەکەی پووڵ بدەن. بەپێی بەرئاوردێکی سەرەتایی، مەدرەسەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی تاران لە ڕێگەی ئەمجۆرە باج وەرگرتنانەوە توانیویانە نزیکەی دە هەزار ملیارد تمەن داهات بەدەست بێنن.

ئیجبار و ملهوڕیی شێوەی دەسەڵاتداریەتیی ئیسلامی لە ئێرانە، بەڵام مانگانەی زۆرەملێ و تەحویل دانی کارنامەی خوێندن لەبری پووڵ، لە جۆری خۆیدا یەکێک لە دیاردە دەگمەنەکانی ناو سیستەمی پەروەردە لە ئاستی جیهان دایە. لە حاڵێکدا کە کۆرۆنا، بێکاری و گرانی پشتی بەشێکی بەرینی لە خەڵک چەماندووەتەوە، دایک و باوکی خوێندکاران ناچار دەکرێن مانگانەی قورس بۆ ڕۆڵەکانیان، تەنانەت لە سەردەمی داخرانی مەدرەەسەکان بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە بدەن. ئەم باجگیرییە ئاشکرایە بە مانای زیاتر دەست لە خوێندن هەڵگرتنی خوێندکارانی بنەماڵە هەژارەکانی کۆمەڵگا و زۆرتربوونی لەشکری منداڵانی کارە.

لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: “دەوڵەت ئەرکی سەر شانیەتی کەرەستەی پەروەردە و بارهێنانی بەخۆڕایی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵ تا کۆتایی قۆناغی مامناوەندی دابین بکات و کەرەستەی خوێندنی باڵا تا ئاستی خودکەفایی وڵات بەشێوەی بێبەرامبەر پەرەپێبدات.” لە باروودۆخێکدا کە هەزینەی ئێستای مەدرەسە دەوڵەتییەکان لە لایەن خەڵکەوە دابین دەکرێت و خوێندنی منداڵانی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان لە مەدرەسە غەیرە دەوڵەتییەکان باری ماڵیی پەروەردە و بارهێنانی سووک کردووە و ژمارەی مەدرەسە غەیرە دەوڵەتییەکان بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونن، کوالیتیی خوێندن لە مەدرەسە دەوڵەتییەکان ڕۆژبەڕۆژ هاتووەتە خوارێ. هاوکات لەژێرناوی جۆراوجۆریشدا لەم مەدرەسانە هەزینەی خوێندن بەسەر بنەماڵەکاندا دەسەپێت. بەمجۆرەیە کە لە خوێندنی بەخۆڕایی هیچ خەبەرێک نییە و ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی تەنیا وەرەقێکی شڕی بێ کەڵکە و هیچی تر.

ناوەرۆکی پەندی “چەندە پووڵ بدەی، هەر ئەوەندەش ئاش دەخۆی” لە پەروەردەی خوێندکارانی ئەم مەملەکەتەدا بەدی دەکرێت.  واتە ئەگەر پووڵی زیاترت بێت دەڕۆیە مەدرەسەی تایبەت و غەیرە دەوڵەتی تا مەدرەسەی باشتر و فێرکردن بە کوالیتیی بانتر بەنەسیبی منداڵەکانت بێت! زۆربەی مەدرەسە غەیرە دەوڵەتییەکان لەژێر خاوەنداریەتیی بەرپرسانی ڕژیم دان و یان خاوەنەکانیان خودی بەرپرسانی ئامووزش و پەروەرشن! ئەوان بە بردنەسەرەوەی کوالیتیی فێرکردن لەم مەدرەسانە، منداڵی بنەماڵە دەوڵەمەندەکان بەرەو ئەم ناوەندانە ڕادەکێشن. یەکێک لە خواستەکانی بزووتنەوەی مامۆستایان کە لەم ڕۆژانەدا لە سەرتاسەری ئێران لە ئارا دایە، کۆتایی هێنان بە پووڵی کردنی خوێندن و دامەزراندنی مەدرەسەکان لە لایەن بەشی خسووسییەوەیە. بەڵام ناڕەزایەتی مامۆستایان و بنەماڵەکانیان تەنیا بە دژایەتی لەگەڵ پەرەسەندنی مەدرەسە خسووسییەکان سنووردار نەبووەتەوە.

مەدرەسە دەوڵەتییەکان تەنانەت لە ساڵی خوێندنی کۆرۆناییدا، ئەویش لە باروودۆخێکدا کە مەدرەسەکان داخراون و خوێندکاران بەشێوەی مەجازی فێر دەکرێن، بنەماڵەکان ناچارن مانگانە بدەن و تەنانەت پووڵی ئاو و بەرقی مەدرەسەکانیش بەسەر بنەماڵەی خوێندکاراندا دەشکێننەوە.

دەسەڵاتی ئیسلامی لە حاڵێکدا بوودجەی پێویست بۆ پەروەردە و بارهێنان دابین ناکات کە ملیاردها دۆلار دەکاتە خەرجی مەدرەسە و ناوەندی مەزهەبی، سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریسم لە دەرەوەی وڵات. پێویستە پەروەردە و بارهێنان بێبەرامبەر بێت و هەژاری و بێکاریی دایک و باوک نەبێتە هۆی دەست لە خوێندن هەڵگرتنی منداڵان. دەسەڵاتی ئیسلامی و مانەوەی زیاتری دەبێتە هۆی ئەوەیکە کەم خوێندەواری و نەخوێندەواری بەرۆکی ملیۆنان کەس لە خوێندکاران بگرێت.

.

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-