بە پێی ڕاپۆرتەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرایل پیشینیاری هاوپەیمانی سەربازی دژی حوسییەکانی بە وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە داوە.
هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژی و ئالۆزییەکانی ناوچەکە و داگیر کردنی گەرووی باب ئەلمەندەب و دوورگەی میۆن لە لایەن حوسییەکانی یەمەنەوە و هەروەها مەترسی لەسەر ئازادی کەشتیوانی لەو ناوچە ئاوییە، میدیاکانی ئیسرایل بڵاویان کردووەتەوە کە بنیامین نەتانیاهوو پیشینیاری هاوکاری سەربازی بە وڵاتانی ناوچەکە دژی حوسییەکان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، میلیشیاکانی لە عێراق و یەمەن بو شێوەیەکی بێ وێنە خستووەتە جموجوڵ و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها ئەمنیەتی کەشتیوانی نێودەوڵەتی درووست کردووە.
