کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

   ئەسلاح خوازانی حکومەتی ناتوانن کەشتی تۆفان لێدراوی ڕژیمی ئیسلامی ڕزگار بکەن

  

  محەممەد خاتەمی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران لە پەیامێکی ١٢ مادەیی دا بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ باسی لە پێویستی گەڕانەوە بۆ سیاسەتی ڕیفۆڕم خوازانی حکومەتی بۆ ڕزگار کردنی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێک کرد کە تێیدا گیری خواردەوە. خاتەمی لەو پەیامەدا ئەڵێ:

  ” ئیسلاح خوازەکان بەشێکن لە کۆمەڵگایەکی فرە لایەن. و خوازیاری گۆڕانی پێکهاتە و ئاڕاستە و هەڵسوکەوتن بەڵام بەرئەندازی بە تایبەت بەو مەترسیانەی بۆ خەڵک و وڵات هەیەتی تەوسیە ناکەن.” محەممەد خاتەمی لە بەیانیە دوور درێژ و کلیشەییەکەیدا ڕێکاری پاراستنی کۆماری ئیسلامی، پاراستنی سیستمی وەلایەتی فەقیە و گاڵتەجاڕانە تر لەوەش ئیسلاحات لە مەجلیسی خوبرەگان و لە سیستمی بەڕێوەبردنیدا پێشنیار کردوە. ئەو لە بارودۆخێکدا کە زۆربەی خەڵکی ئێران خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، باس لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت لە ڕیفۆڕم لە مەجلیسی خوبرەگاندا دەکات. بێ ئابڕویی سیاسی و ئەخلاقی ئیسلاح خوازانی حکومەتی کە خۆیان بەشێک لە هەیئەت حاکمەی ئێران و بە تایبەت لە ناوەندە ئەمنیەتیەکاندا بوون سنورێکی نییە. گاڵتە جاڕانەتر لەوەش ئەوەیە کە ئەم بەیانیە لە بارودۆخێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە بەشی سەرەکی ئیسلاح خوازان یان لە حەسەر و زینداندان و یان لە دەسەڵات وەدەر نراون. دامەزراوەی نەزەر سەنجی” گومان” لە نەزەر سەنجی ئەم دواییەدا وتویەتی کە ٨١ لەسەدی خەڵکی ئێران و نزیک بە هەموو ئێرانیەکانی دەرەوەی وڵات خوازیاری گۆڕانی نیزامی کۆماری ئیسلامین.

  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە خەباتی خەڵک ساڵانێکە لە ئیسلاح خوازنی حکومەتی تێپەڕێوە و هەوڵەکانی ڕژیم بۆ بوژاندنەوەی گیانی بێ هێزیان کارێکی پێکناکرێت. حکومەتی ئیسلامی وەها نوقمی گەندەڵی، جەنایەت، سەرکوت و تاڵانچێتی بووە کە لە هیچ بوارێکدا شیاوی ئیسلاح کردن نییە. شەپۆلی شۆڕشی ژیناش خەیاڵی هێور بوونەوەی نییە و هەوڵی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆ هاندانی خەڵک بە قوبوڵ کردنی نیزامی ئیسلامی بەرەوڕووی شکست و ڕیسوایی دەبێتەوە.

  ئێستاش هەم حکومەت و هەم خەڵک دەزانن کە ئەم بارودۆخە ناتوانێ بەردەوام بێت. هەڵوەرین لە نێوخۆی حکومەت گەیشتۆتە ئاستی کەسانی وەک موسەوی. کەسانێکی زۆر لە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم کە ئامادە نەبوون بەرەوڕووی خەڵکی ناڕازی تەقەبکەن دەستبەسەر کراون و زیندانی درێژ ماوەیان بۆ دیاری کراوە.

  کۆمەلێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لەبەر دەستدان کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی سەرەوەی حکومەتی لە بارودۆخ و شەخسی عەلی خامنەیی ناڕازین و بۆ پاراستنی نیزام و ڕزگار کردنی گیان و سەروەتی تاڵان کراویان خوازیاری کۆنترۆڵ کردنی عەلی خامنەیی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێک لە حکومەتدان. بارودۆخەکە بە شێوەیەکە کە دوای چوار مانگ لە شۆڕشی ژینا و چل و چوار ساڵ لە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی نە خەڵک ڕازی بە قەبوڵ کردنی حکومەتی ئیسلامین و نە حکومەتیش دەتوانێ درێژە بە حکومەت کردن و کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە و بەڕێوەبردنی وڵات بدات.

  بێکاری و گرانی بێ ئەوپەڕ چەقۆی گەیاندۆتە سەر ئێسقانی خەڵک، دزییە نجومەیەکان خێراتر بوون و هەر سەردارێکی سپا و هەر بەرپرسێک لە هەوڵی ئەوەدایە دەرفەت بێنێ تا ڕوخانی ڕژیم زۆرترین تاڵان و دزی بکات. خەڵکی ئێران عەزمیان جەزم کردوە کە حکومەتی ئیسلامی بڕوخینن. پیلانی هێنانە پێشی خاتەمی ناتوانێ بەر بەم ڕەوەندە بگرێت. ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە سیستمێک دا کە شیاوی ئیسلاح کردن نییە هیچ کارێکیان لەدەست نایەت و هیچ شتێکیش بێجگە لە ڕێسوا بوونی زیاتری پشتیوانان و ڕێبەرانی ئیسلاح خوازانی حکومەتییان بە نەسیب نابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-