کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  ئیستبداد، هەژاری و برسیەتی، گرانی و بێکاری، زۆربەی خەڵکی هەراسان کردوە

  ڕۆژ نییە کە ڕاپۆرت و ئاماری نوێ سەبارەت بە پەرەسەندی هەژاری و فەلاکەت لە کۆمەڵدا بڵاو نەبێتەوە. بەرئاوردەکانی ناوەندی ئاماری ئێران نیشانی ئەدات لە مانگی خرمانانی ساڵی ڕابردوودا هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی بەرابەری ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن دیاری کراوە. ئەم ڕەقەمە بە گشت دەستکارییە ئاماریەکانەوە کە ناوەندی ئاماری ئێران تێیدا پسپۆڕیەکی تایبەتی هەیە، هەر لەم ئاستەشدا نیشانەی ئەوپەڕی کارەساتێکە کە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا لە ئارادایە.

  لەم پەیوەندیەدا ڕۆژنامەیسوبحی ئیمروزی چاپی تاران لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا نووسیویەتی:” نە تەنیا لە قسەی لاوەکی و سەرشەقام و نێو تاکسی، بەڵکو لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ڕای گشتی کە بەڕێوەچووە لە ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامیدا هەڵاوسانی هەست پێکراو لە لایەن خەڵکەوە نزیک بە دوو بەرابەری نرخی تەوەڕومی ڕەسمی ڕاگەیەندراو لە وڵاتدایە. ئابووری ئێران ڕێکۆرد داری نرخی هەڵاوسانی دوو ڕەقەمییە لە دنیادا.”

  لە عەینی حاڵدا ئاقا محەممەدی، ئەندامی مەجمەعی تەشخیسی بەرژەوەندیەکانی نیزامیش وتویوتی:” دوو هەزار و ٢٠ ناوچە و ١٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە جەمعیەت لە سەرتاسەری ئێراندا بوونیان هەیە کە لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان وەک ماڵ، کار، خوێندن، بێهداشت و دەرمان، خۆراک و پۆشاک بێبەشن.”

  کار گەیشتۆتە ئاستێک کە هێندێک لە خەڵک بە شێوەی ڕەسمی دەستیان داوەتە فرۆشتنی کوللیە، ڕەشێنەی چاو و منداڵە تازە لە دایک بووەکانیان، تا لەبرسان نەمرن. گەڕان لەنێو زبڵدا کە زیاتر منداڵان و تازە لاوانن بۆ یارمەتیدانی بژیوی بنەماڵە و دابین کردنی ژیانێکی لانیکەم بۆ یان، خەریکی ئەو کارەن و یان لە کارگا و خیابانەکاندا خەریکی دەستەبەرکردنی داهاتێکی مەمرەومەژین. کارتۆن خەوی، چادر خەوی لەسەر بانەکان، گۆڕ خەوی، دەست فرۆشی، کۆڵبەری، سوختبەری و بەناو کاری لەم بابەتانەش ڕێگا چارەیەکن کە هەژاران بۆ مانەوەیان و بە ناچار ڕوویان تێدەکەن.

  هەژاری لە ئێران هەم ڕیشەی لە سیاسەت و هەم لە ئابووری کۆماری ئیسلامیدایە. لە بواری سیاسەتدا: کۆماری ئیسلامی بە دخاڵەت کردن لە قەیرانە ناوچەییەکاندا، بە بەکردەوە دەرهێنانی پڕۆژەگەلی ماجەراجۆیانەی ئەتۆمی و موشەکی، بە سەرفی هەزینەی بە میلیارد دۆلاری بۆ پەرەدان بە دامەزراوەی مەزهەبی، گشت ئەمانە لەسەر ناوەرۆکی گەندەڵیەکی نیهادینە بووی دارایی، بە تڕیلیۆن دۆلار لە سەروەتی خەڵکی ئەم وڵاتە و بەرهەمی کار و ڕەنجیانی بە فەنا داوە. لە بواری ئابووریدا: بە پەیڕەوی کردن لە ئابووری نیئۆلیبڕالیستی، واتە خوسوسی سازیەکان، کەم کردنەوەی یارانەکان و داشکاندن لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، کەم کردنەوەی هێزی کار و بێکارکردنی بەرینی کرێکاران بەبێ دانی بیمەی بێکاری، لابردنی مەزایای کرێکاری وەک مافی مەسکەن و بیمە دەرمانیەکان، بە گشتی ئەمانە لەسەر ناوەرۆکی قەیرانێکی ئابووری چەند لایەنە، لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەرزبوونەوەی ئاماری برسیەتی لە ئێراندا بوون. لەمڕۆدا زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئێران ٤ تا ٥ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەم بارودۆخە بە نۆبەی خۆی بۆتە هۆی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە بشێوی و خەسارێکی کۆمەڵایەتی وەک لەش فرۆشی، گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، لە زبڵدا گەڕان، کارتۆن خەوی منداڵانی کار و خۆکوژی و هیتر.

  ئیستبداد و خەفەقان، تەوەڕوم و گرانی، بێکاری دەیان ملیۆنی، برسیەتی و هەژاری و کەلێنی قوڵی چینایەتی گیانی جەماوەری چەوساوەی هەرسان کردوە. بێ گومان جەماوەری کرێکار و خەڵکی ئازار چەشتوی ئێران کە ٤٤ ساڵە لەژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمە چەوسێنەر و جەنایەتکاراەدا بۆ باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان خەبات دەکەن، لەم بارودۆخەشدا درێژە بە خەباتی خۆیان ئەدەن. کرێکاران و خەڵکی ئازار دیتو کە لەژێر گوشاری بەڕێچووندا چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقانیان، ڕێگایەکیان نییە بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەخێک کە ڕژیمی ئیسلامی دایمەزراندوە، بێچگە لەوەی قۆڵی لێ هەڵماڵن و بەبێ ترس لە سەرکوت، گرتن و زیندان، شێلگیرانە و لێبڕاوانە تر لە پێشوو دژبە سەبەبکارانی ئەم هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە نەبەردی یەکلا کەرەوەی خۆیان لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەو پێش بەرن.

  خەبات بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی خەباتە لەپێناو ڕزگارکردنی ٧٠ لەسەدی خەڵکی کۆمەڵ لە چنگ هەژاری و بێکاری، لە چنگ بێبەشی و بێ مەسکەنی، لە چنگ گرانی و دەیان کێشە و گرفتی دیکەی گەورە و بچوک.

  ئێستا کە لە ناخی ئەم هەموو فەلاکەتەدا، لە ناخی ئەم گشتە هێرشەی دەکرێتە سەر سفرەی بە ملیۆن خەڵک، کۆمەڵگا شاهیدی ناڕەزایەتی ڕۆژانەی کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان و هیترە، خۆی بەرچاوترین هێمای بێ کاریگەر بوونی لاف و گەزافەکانی سەرانی ڕژیم و هاوکات بوونی پوتانسیەل و زەرفیەتێکی تەقینەوەی گەورەیە لەم کۆمەڵگایەدا. خەڵک لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیاندا و رۆژ لە ڕۆژ زیاتر پەی بەم ڕاستیە دەبەن کە ڕێگای ڕزگار بوون لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە، پەرەدان بە ناڕەزایەتی، هاتنە سەرشەقام، مانگرتن لە کارخانەکان و دامەزراوە پیشەسازی و بەرهەمهێنەرەکاندا و ئامادەکاری هەمە لایەنەیە بۆ ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە.

PAGE   \* MERGEFORMAT 4

بابەتی پەیوەندیدار

خواردن و خواردنەوە لە شوێنە گشتییەکان، درێژەی خەباتی مەدەنی

-

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

-

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

-

هیوا بە ئازادی لەدەست ستەم و سەرەڕۆیی پەرە دەستێنێ

-

کاریگەریی وێرانکەری هەژاری لەسەر دۆخی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چینی کرێکار

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-