کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیدیعانامه‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی: “ژیانی ئێمه‌ له‌ قازانجی ئێوه‌ به‌نرختره‌”

unnamed 2

unnamed 2

ئه‌م ڕسته‌یه‌ له‌ لایه‌ن كرێكارانی ئیتالیایه‌وه‌،‌ له‌ ناو دڵی گیرۆده‌بوون و مه‌رگی هه‌زاران مرۆڤ به‌ ویرووسی كۆرۆنا و پێداگری ده‌وڵه‌ت بۆ درێژه‌دانی كار و له‌ بانگهێشتی مانگرتنه‌كه‌ی خۆیان دا، به‌رز كرایه‌وه‌. بۆ ده‌وڵه‌تی ده‌ست نیشانده‌ی بورژوازی، ڕزگار كردنی سه‌رمایه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ ڕۆیشتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خێرا له‌ ڕكوود، له‌ ژیانی ئه‌و ئینسانانه‌ به‌نرختره‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رمایه‌ ڕزگار بكه‌ن.

هه‌موو هه‌وڵی ده‌وڵه‌ته‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نیشانی بده‌ن كه‌ گۆیا كۆرۆنا سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ڕكووده‌یه‌. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، كۆرۆنا ته‌نیا، خێرایی به‌خشی به‌و قه‌یرانه‌ی وا هه‌ر له ساڵی ٢٠١٩ه‌وه‌ خۆی ده‌رخستبوو. شاره‌زایانی ئابووری و ژورنالیسته‌كانی بورژوازی ده‌یانهه‌وێ پێمان بسه‌لمێنن كه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا پاش تێپه‌ڕین له‌ قه‌یرانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ ڕوویداوه‌. ئه‌وان بۆ نموونه‌ ئاماژه‌ به‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئاماری بێكاری له‌ ئه‌مریكا و ئاڵمان ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌بیر خۆیانی ده‌به‌نه‌وه‌ كه‌ بڵێن ئه‌م هاتنه‌ خواره‌وه‌ی بێكارییه‌ سه‌رچاوه‌ گرتوو له‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی كرێكارانه‌ به‌ حه‌قده‌ستی كه‌مه‌وه‌. ئه‌م گه‌شه‌یه‌ ئابوورییه‌ی ئه‌وان باسی لێده‌كه‌ن بریتیه‌ له‌ ملیۆنان كرێكار كه‌ بۆ دابین كردنی بژێویان ناچارن هاوكات چه‌ندین پیشه‌یان به‌ حه‌قده‌ستی كه‌مه‌وه‌ بێت و  له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌‌وه‌ به‌ سه‌رمایه‌ی ماڵیی بوورسه‌كان زیاد بكه‌ن. ئێستا له‌ هه‌ر دووی ئه‌م وڵاتانه‌ هه‌ر ئه‌م ملیۆنان كرێكاره‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی سه‌ره‌كیی هێرشی كۆرۆنا. ته‌نیا له‌ ئه‌مریكا هه‌تا ئێستا نزیك به‌ ٢٠ ملیۆن كه‌س پیشه‌كانیان له‌ده‌ست داوه‌. له‌ ئاڵمان نزیك به‌ ٤ ملیۆن كه‌س له‌ به‌رامبه‌ر ئیداره‌كانی كاردا به‌ڕیز بوون. به‌ پێی گشت پرسیه‌ك كه‌ ئه‌نجام دراوه‌، ٧٠ له‌سه‌دی كرێكاران له‌ ئاڵمان، نیگه‌رانی داهاتووی پیشه‌كانیان و باروودۆخی ماڵیی خۆیانن. ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی ٢٠٠٨ قه‌یران له‌ به‌شی خانوو و شوێنی نیشته‌جێ بوونه‌وه‌، بوو به‌هۆی وه‌ڕێكه‌وتنی قه‌یرانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌، ئه‌م جاره‌یان، كۆرۆنا له‌سه‌ر به‌ستێنی ڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنان، قه‌یرانێكی زۆر قووڵتری به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ كرد. كۆرۆنا هه‌موو بیر و باوه‌ڕه‌كانی نه‌زمی تاڵانكه‌ریی سه‌رمایه‌داریی كردووه‌ته‌ ئامانج. ژووره‌ فیكریه‌كانی بورژوازی و بڵینگۆكانیان ده‌ڵێن كه‌ ئه‌وه‌ “شه‌ڕ“ێكه‌ كه‌ به‌سه‌رمان دا سه‌پاوه‌، ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت مه‌ترسیدارتره‌ له‌ قه‌یرانی كۆتایی ساڵه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو كه‌ له‌ ناو دڵیدا فاشیسم سه‌ری هه‌ڵدا. به‌ڵام بێ گومان هه‌مووی ئه‌وانه‌‌ داپۆشینی زیاتری ئه‌م ڕاستیه‌یه‌ كه‌ قه‌یرانی كۆرۆنا له‌ دڵی قه‌یرانێكی گه‌وره‌تردا كه‌ هه‌مان قه‌یرانی نه‌زمی زاڵی سه‌رمایه‌داریه‌، سه‌ری هه‌ڵداوه‌. كۆرۆنا ته‌نیا كاتالیزۆرێك بوو بۆ ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ له‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ نیشانه‌كانی له‌ساڵی ٢٠١٩ه‌وه‌ وه‌ده‌ركه‌وتبوون و ته‌نیا خێرایی به‌ هاتنه‌ به‌ره‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌خشی. ئه‌وه‌یكه‌ بیندرا ئه‌و ڕاستیه‌ بوو كه‌ زیان هه‌ڵگرترین توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، بوون به‌ قوربانیانی سه‌ره‌كیی كۆرۆنا. ئه‌وانه‌ی وا له‌ كارخانه‌ و كارگاكاندا و له‌ په‌راوێزی شاره‌كاندا، هه‌موو هێز و تونایان ده‌بووه‌ قوربانیی قازانج په‌ره‌ستیی سه‌رمایه‌، هه‌ر ئه‌وانه‌ی وا له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی ئینسان، له‌ پێداویستیی پزیشكی و له‌ ئاوی خواردنه‌وه‌ی خاوێن و له‌ مافی هه‌بوونی ماڵ و شوێنی نیشته‌جێ بوون بێبه‌ری بوون، ئه‌مجاره‌شیان ده‌بوایه‌ ببنه‌ قوربانی. ئه‌گه‌ر بێكاری و برسیه‌تی نه‌هاتبایه‌ سۆراغیان، ده‌بوایه‌ له‌ كارخانه‌ و كارگاكاندا، چه‌رخی به‌رهه‌مهێنانیان وه‌كار خستبایه‌ تا به‌رهه‌مهێنانی دووباره‌ و كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌رمایه‌ كه‌متری زیان پێبگات. ئه‌وه‌یكه‌ بیندرا ئه‌وه‌ بوو: سه‌ده‌یه‌ك پاش ‌ “ئانفۆڵانزای سپانیایی” كه‌ ملیۆنان كه‌سی كرد به‌ قوربانی و له‌ باروودۆخێكدا كه‌ مۆدێڕنترین چه‌كه‌كان بۆ كوشتنی مرۆڤه‌كان به‌رهه‌م دێت و له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ سه‌یاره‌كان به‌ خێراییه‌كی كه‌م وێنه‌وه‌ فه‌تح ده‌كرێن، دیسان ماسك و ده‌ستكێش و ماده‌ی خاوێنكردنه‌وه‌ بوون به‌ كاڵایه‌كی نایاب بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به كویله‌ بوونی خۆیان، سه‌رمایه گه‌وره‌ ده‌كه‌نه‌وه و شاخ و باڵی پێده‌ده‌ن‌. ئه‌وه‌یكه‌ بیندرا ئه‌وه‌ بوو: باروودۆخێك هاته‌ به‌ره‌وه‌ كه‌ تێیدا پزیشكه‌كان ناچار بوون هه‌ڵیبژێرن كه‌ كێ زیندوو بمێنێت و كێ بمرێت. سه‌رمایه‌ ژینگه‌ی بوونه‌وه‌ره‌كانی كه‌ هه‌ڵگری گه‌لێك ویرووسی نه‌ناسراون، به‌جۆرێك وه‌رد داوه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یان سرووشت له‌ قامه‌تی كۆرۆنادا تۆڵه‌ی لێكرده‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی وا هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌م وێرانیه‌ی سرووشت بوون له‌ شوێنه‌ ئه‌منه‌كانی خۆیاندا مانه‌وه‌. ده‌وڵه‌تانی بورژوازی كه‌ قه‌رار بوو له‌ ڕوانگه‌ی بازاڕی ئازاده‌وه‌ ته‌نیا ئه‌ركی پێڕاگه‌یشتن به‌ كاروباری كۆمه‌ڵگایان وه‌ئه‌ستۆ بێت تا سه‌رمایه‌ بتوانێ به‌ بێ هیچ به‌ربه‌رستێك حه‌ره‌كه‌ت بكات، له‌ ئێستادا دیسان ده‌بێ ئه‌ركی ده‌رباز كردنی سه‌رمایه‌ له‌ ڕێگه‌ی پێدانی هه‌زاران ملیارد دۆلار به‌ بازار وه‌ئه‌ستۆ بگرن تا له‌ ده‌رفه‌تێكی دیكه‌دا، هه‌ر ئه‌و به‌ هه‌زاران ملیارده‌ له‌ گه‌رووی ده‌ست به‌تاڵكراوان‌ ده‌ربكێشێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی شكست هێنانی نیزامێكه‌ كه‌ ساڵانێكی دوور و درێژ، هات و هاوارێكی زۆریان بۆ وه‌ڕێ خست كه‌ ئه‌وه‌ “كۆتایی مێژوویه‌”. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ هه‌موو بیر و باوه‌ڕه‌كانی نه‌زمی زاڵی ئێستا بۆشایی قووڵی كه‌وتووه‌تێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاسته‌ كه‌ هه‌موو تێئۆریه‌كانی پاراستنی نه‌زمی زاڵ به‌ڕاستی شكستییان هێناوه‌، كه‌وابوو بۆچی نابێ له‌ جیهانی پاش كۆرۆنادا كه‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی گۆڕانی به‌سه‌ر دادێت، ده‌رفه‌تی نۆژنكردنه‌وه‌ به‌و نیزامه‌ دژه‌ مرۆیی و تاڵانكه‌ره‌ بدرێ. بۆ جارێكی دیكه‌ و زیاتر له‌ هه‌موو ده‌ورانێك، جیهان هاواری گۆڕانی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌. ئه‌م گۆڕانه‌ ته‌نیا دژبه‌ نه‌زمی زاڵ و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دایه‌ كه‌ ده‌توانێ به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆر و ملیاردیی دانیشتوانی جیهان ده‌سته‌به‌ر كات. به‌ڵام هێزێك كه‌ پێویسته‌ ئه‌م گۆڕانه‌ ڕێكبخات، چینێكه‌ كه‌ له‌و گۆڕانه‌ دا هیچ شتێكی بۆ له‌ده‌ست دان نییه‌. ئه‌و چینه‌ له‌ دڵی په‌لاماری كۆرۆنادا، له‌ زۆرێك له‌ شوێنه‌كانی جیهان، به‌ بێ هیچ پاراستنێك به‌ره‌و گۆڕه‌پانی كوشتاری ئه‌م ویرووسه‌ ناردرا. ئه‌وه‌مان له‌ناو كرێكارانی ملیۆنیی ڕۆژمزدی هێند دا بینی، له‌ناو كرێكارانی كارگاكانی نه‌ساجیی به‌نگلادێشدا بینیمان، ئه‌وه‌مان له‌ناو ٣٨ كرێكاری تووش بوو به‌كۆرۆنا له‌ پێترۆشیمیی ورمێ بینی، له‌ناو كرێكارانی ڕۆژمزدی نانه‌واییه‌كان، له‌ناو كرێكارانی بێكار كراوی بیناسازی، له‌ناو منداڵانی كار و ته‌نانه‌ت له‌ ناو ئه‌وانه‌ی وا له‌ نه‌خۆشخانه‌كان شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی ده‌رمانی نه‌خۆشه‌كان بوون، بینیمان. ڕێك له‌و باروودۆخه‌دایه‌ كه‌ چینی كرێكار له‌ ڕۆژی ڕه‌زم و هاوپشتیی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه‌. ڕه‌نگبێ بورژوازی و سه‌رانی ده‌وڵه‌ته‌كانی به‌خاتری ئه‌وه‌یكه‌ ئه‌مساڵ چینی كرێكار له‌ ئاست جیهاندا ناتوانێ به‌ ملیۆن بڕژێته‌ سه‌قامه‌كان، ڕێز له‌ كۆرۆنا بگرێت به‌ڵام بێ گومان، كۆتایی قه‌ره‌نتینه‌ی كۆرۆنا، ده‌ستپێكی جیهانێك ده‌بێ كه‌ بوار بۆ ناڕه‌زایه‌تیی هێزی كار و زه‌حمه‌ت، بوار بۆ هاتنه‌ به‌ره‌وه‌ی به‌دیلی نیزامی ئێستا خۆشتر ده‌كات. پێویسته‌ ڕێگه‌ نه‌درێ كه‌ له ده‌ورانی پاش كۆرۆنادا، بورژوازی و ده‌وڵه‌ته‌كانی، بۆ جارێكی دیكه‌ به‌ بیانووی وه‌ڕێخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی چه‌رخی به‌رهه‌مهێنان، هێرشی خۆیان ئه‌مجاره‌یان وه‌حشیانه‌تر له‌ ده‌وره‌ی پێش كۆرۆنا ڕێكبخه‌ن. بێ گومان، ئه‌وه‌ش خۆی ئه‌ركێكی گرینگه‌ له‌سه‌ر شانی پێشڕه‌وانی چنیی كرێكار و كۆمۆنیسته‌كان.