کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئۆپراسیۆنی نیزامیی ئه‌مریكا، به‌ره‌كه‌تێك بۆ كۆماری ئیسلامی

1455762 156

1455762 156

هه‌واڵنێریی ڕوویتێرز حه‌فته‌ی ڕابردوو ڕایگه‌یاند كه‌ ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی سپای قۆدس بۆ یه‌كه‌م جار پاش كوژرانی قاسم سوله‌یمانی ڕۆیشتووه‌ته‌ عێراق تا هاوئاهه‌نگیی نیزامیی پێویست بدا به‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی نزیك به‌ ڕژیم. ئه‌م سه‌فه‌ره‌ له‌ باروودۆخێكدا ڕوویداوه‌ كه‌ حیزبه‌ شیعه‌كانی عێراق كێشه‌ و ناكۆكیی زۆریان له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ سیاسیه‌كانی وه‌ك دیاری كردنی كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران لێ په‌یدا بووه‌. له‌ هه‌مان حاڵیشدا هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و هێندێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كانی له‌وانه‌ چۆڵ كردنی هێندێك له‌ پێگه‌كانیان به‌ مه‌به‌ستی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌منیه‌تی هێزه‌كانیان و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی دوو سیستمی دیفاعی دژه‌ مووشه‌كی پاتریۆت له‌ “عه‌ینول ئه‌سه‌د” و ده‌ورووبه‌ری هه‌ولێر، فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی نیگه‌ران كردووه‌. ئه‌وان ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌ ده‌ستپێكی هێرشی به‌م زوانه‌ی ئه‌مریكا ده‌زانن بۆسه‌ر حه‌شدی شه‌عبی. كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌ كۆن و نوێیه‌كانی سپای پاسدارانیش به‌ هه‌ڕه‌شه ناوبه‌تاڵه‌كانی هه‌میشه‌ی خۆیان و به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌، شوێن گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌ ده‌ستپێكی هێرشی ئیحتمالیی ئه‌مریكا ده‌زانن بۆ سه‌ر هێندێك له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانی عێراق كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان دان له‌وانه‌ “كه‌تائیبی حیزبوڵڵا” و گرووپی “نۆحه‌با“. محه‌ممه‌د باقری سه‌رۆكی ستادی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ هێرشی ڕاكێتیی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر پێگه‌كانی ئه‌مریكا پاكانه‌ی بۆ ڕژیم كرد و وتی “كۆماری ئیسلامی هیچ جۆره‌ ده‌خاڵه‌تێكی له‌ هێرشی میلیشیاكانی عێراقدا نییه‌ و به‌نیازیش نییه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا.”

له‌م‌ دوایانه‌دا، ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز باسی له‌ فه‌رمانی پێنتاگۆن كرد‌ بۆ تاوتوێ كردنی چه‌ند گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا به‌ ئامانجی ئۆپراسیۆنی نیزامی بۆ له‌ناو بردنی گرووپه‌كانی “كه‌تائیبی حیزبوڵڵا” و “نه‌حه‌با“. له‌ هه‌مان حاڵدا، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٣ی مانگی خاكه‌لێوه‌ ترامپ له‌ توێتێكدا كۆماری ئیسلامی و میلیشیاكانی نزیك به‌وی به‌ پیلانگێڕی و ئۆپراسیۆنی خافڵگیرانه‌ دژبه‌ هێزه‌ نیزامیه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا تۆمه‌تبار كرد و هۆشداری دا كه‌ حكوومه‌تی ئیسیلامی به‌هایه‌كی زۆر قورسی بۆ ده‌دات. پاشان له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیشدا هۆشداری دا كه‌: “ئه‌مریكا له‌ نزیكه‌وه‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی عێراق چاوه‌دێری ده‌كات و له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ هه‌ر ڕووداوێك له‌وێ ڕوو بدات، ئێران به‌رپرسیه‌تی“. له ‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عادڵ عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ست له‌كار هه‌ڵگرتووی عێراق، حه‌فته‌ی ڕابردوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌رجۆره‌ هه‌وڵێكی نیزامی له‌ عێراق به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندیی ده‌وڵه‌ت، هۆشداری دا. فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی داوایان لێ كردووه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌ پێشبینی كراوه‌كانی ئه‌مریكادا، پشتیوانیان لێ بكا. له‌ ماوه‌ی دوو سێ مانگی ڕابردوودا، چه‌ندین جار پێگه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ربه‌ كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ به‌ ئامانجی گوشار خستنه‌سه‌ر ئه‌مریكا بۆ چۆڵ كردنی عێراق، به‌ ڕاكێت هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مریكاش چه‌ند جارێك له‌ به‌رامبه‌ردا زه‌ربه‌ی لێداونه‌وه‌ و خه‌ساره‌تی پێگه‌یاندوون.

ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیمپریالیستیی ئه‌مریكا به‌ هه‌زینه‌ كردنی پتر له‌ سێ تریلیۆن دۆلار و قوربانی كردنی پتر له‌ چوار هه‌زار ئه‌مریكایی له‌ شه‌ڕی عێراقدا، حازر نابێت ئه‌م وڵاته‌ پڕ له‌ نه‌وت و پڕ له‌ سه‌رچاوه‌ سرووشتیه‌ به‌ جێ بهێڵێت. ته‌نانه‌ت له‌ ڕێكه‌وتنه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌ جیهانیه‌كانیشدا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ قه‌بووڵ كراوه‌ كه‌ عێراق به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی ژێر نفووزی ئه‌مریكایه‌. ته‌نانه‌ت كۆماری ئیسلامی و باقی گرووپه‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌م ڕژیمه‌ش له‌و ڕاستیه‌ ئاگادارن. كۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی ١٧ ساڵی ڕابردوودا له‌ ڕێگه‌ی هاوكاری و هاوئاهه‌نگیه‌وه‌، له‌ به‌كرده‌وه‌ هاتن و به‌ره‌وپێش بردنی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، یارمه‌تیده‌ر بووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، هه‌ر چه‌ند وه‌خت جارێك به‌ ئامانجی دیاری كراوی سیاسیه‌وه‌ و بۆ موعامه‌له كردن‌‌، ده‌ست ده‌داته‌ ئه‌نجام دانی ئۆپراسیۆنی هانده‌رانه‌ له‌ عێراق كه‌ هه‌زینه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ خه‌ڵكی عێراق بیده‌ن.

به‌ڵام به‌لای كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ هیچ گرینگ نییه‌ كه‌ به‌هۆی ته‌حریكات و جموجۆڵی‌ نیزامیی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی شیعه‌ی لایه‌نگری خۆی له‌ عێراق، خه‌ڵك بكوژرێن و ببنه‌ قوربانیی به‌ره‌وپێش بردنی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی.  گرووپه‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌م ڕژیمه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش‌، هه‌ر ئه‌و كاراییه‌یان بۆ كۆماری ئیسلامی هه‌یه‌. سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه‌‌، ئۆپراسیۆنه‌ سنوورداره‌كانی ئه‌مریكا دژبه‌م گرووپانه‌ و دژبه‌ كۆماری ئیسلامی له‌م باروودۆخه‌دا ده‌توانێ وه‌ك به‌ره‌كه‌تێك وابێت بۆ كۆماری ئیسلامی تا به‌م بیانوویه‌وه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌منیه‌تی تر به‌سه‌ر ئێران دا بسه‌پێنێت و گوێی خۆی له‌ ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و خواستی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ئێران بخه‌وێنێ.

ڕژیمی ئیسلامی له‌وه‌یكه‌ ئه‌مریكا له‌ ئێستادا نه‌ ئیمكان و نه‌ پێویستی به‌ وه‌ڕێخستنی شه‌ڕێكی به‌ ته‌واو مانا هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا و ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ شه‌ڕێكیش وه‌ڕێبخات ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ئۆپراسیۆنێكی نیزامی ده‌بێت له‌ عێراق و شوێنه‌كانی دیكه‌، ئاگاداره‌ و هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانی سه‌ربه‌خۆی و له‌ ڕێگه‌ی هه‌وڵی نیزامیی ئیزاییه‌وه‌، بۆ سووك كردنی گه‌مارۆكان و وه‌رگرتنی چه‌ند پوانێك، ئه‌مریكا بخاته‌ ژێر گوشاره‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكاش له‌وه‌ ئاگاداره‌ كه‌ ئابووریی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر لێواری داڕمانه‌ و به‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م باروودۆخه‌، ڕژیم ناتوانێ درێژه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بدات. هه‌ربۆیه‌ ترامپ له‌ وته‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی خۆیدا له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا باسی له‌ ئاماده‌بوونی ئه‌مریكا كرد بۆ موعامه‌له‌ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ ڕێبه‌رانی ڕژیم هه‌ڵوێسته‌كانیان بگۆڕن و وتی: “ئه‌مریكا به‌شوێن گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نییه‌ له‌ ئێران و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێران ئاسانه‌. ئه‌وان ده‌بێ له‌ چالاكیی هه‌سته‌یی و ده‌خاڵه‌ت له‌ كاروباری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ده‌ست هه‌ڵگرن“.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ قه‌یرانێكی قووڵی ئابووری دایه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا و دابه‌زینی قیمه‌تی نه‌وت له‌ په‌نا توندبوونه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا، بناغه‌ی ئابووریی ئێرانی لێكهه‌ڵوه‌شاندووه‌ و به‌ره‌و داڕمانی بردووه‌، بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی و ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاران و باقی توێژه‌ هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵ و بێ توانایی ڕژیم له‌ وڵامدانه‌وه‌ به‌ خواسته‌كانیان، ئه‌م ڕژیمه‌ی زیاتر له‌ جاران داماو و بێ ده‌سه‌ڵات كردووه‌. هه‌وڵه‌كان و خۆمه‌زلووم نیشاندانی كۆماری ئیسلامی بۆ لابردنی گه‌مارۆكان به‌ بیانووی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه‌، به‌ جێگایه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌. هه‌وڵی نیزامیی هانده‌رانه‌ و نیابه‌تیی ڕژیم له‌ عێراق له‌ ڕێگه‌ی مووشه‌ك هاویشتنه‌كانی به‌ره‌و پێگه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌تا ئێستا نه‌ ته‌نیا نه‌یتوانیوه‌ ئیمتیازێك بۆ ڕژیم به‌ حیساب بێت، به‌ڵكوو یه‌كجار ده‌شیخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.