کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئه‌وپه‌ڕی داماویی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا

w1240 p16x9 2020 04 03T105104Z 1808072000 RC2YWF9PA44V RTRMADP 3 HEALTH CORONAVIRUS IRAN

w1240 p16x9 2020 04 03T105104Z 1808072000 RC2YWF9PA44V RTRMADP 3 HEALTH CORONAVIRUS IRAN

سه‌ره‌نجام پاش تێپه‌ڕبوونی نزیك به‌ سێ مانگ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئێران و درۆنانه‌وه‌ی سه‌ران و كاربه‌ده‌ستانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی سه‌باره‌ت به‌ پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه‌، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٨ی مانگی خاكه‌لێوه‌ حه‌مید سووری، ئه‌ندامی “ستادی میللیی مۆدیریه‌تی كۆرۆنا” له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، دانی به‌وه‌ دانا كه‌ “له‌ وڵاتی ئێران نزیك به‌ ٥٠٠ هه‌زار كه‌س، نه‌خۆشیی كۆرۆنایان گرتووه‌”. ئه‌م ئه‌ندامه‌ی “ستادی میللیی مۆدیریه‌تی كۆرۆنا” وێڕای ئاماژه‌ به‌ چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی تووش بووان وتی: “له‌ هیچكام له‌ ئۆستانه‌كانی ئێران نه‌گه‌یشتوون به‌ چارتێكی ئۆفۆقی و باروودۆخی گشت ئێران جێی نیگه‌رانیه‌”. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كانی ڕووحانی كه‌ وتبووی هێندێك له‌ ئۆستانه‌كان له‌وانه‌ بوشێهر و سیستان و به‌لوچستان، له‌ بواری تووش بووانه‌وه‌ له‌ باروودۆخێكی سپی دان، وتی: “ڕووحانی ڕایگه‌یاند كه‌ باروودۆخی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ سیستان و به‌لوچستان سپییه‌. من تێناگه‌م زانیاریه‌كانی له‌ كوێوه‌ هێناوه‌؟ باروودۆخه‌كه‌ له‌ ئۆستانی سیستان و به‌لوچستان سپی نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌ نه‌خۆشخانه‌كان ته‌ختی به‌تاڵمان نییه‌.” هاوكات هه‌واڵنێریی حكوومه‌تیی مێهر له‌سه‌ر زاری عه‌لیره‌زا زالی فه‌رمانده‌ی “ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا” له‌ تاران وتی ” كۆرۆنا له‌ تاران گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناخی پاندێمی و هه‌موو شوێنێكی گرتووه‌ته‌وه‌”.

ئیعترافی ئه‌ندامی “ستادی میللیی مۆدیریه‌تی كۆرۆنا” به‌ بوونی ٥٠٠ هه‌زار تووش بوو به‌ ویرووسی كۆرۆنا له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ڕژیم له‌ دوایین ڕاپۆرته‌كه‌یدا، ژماره‌ی گشت تووش بووانی به‌ كۆوید–١٩ له‌ ئێران ٦٤ هه‌زار ٥٩٨ كه‌س و ژماره‌ی قوربانیانیشی ٣٩٩٣ كه‌س ڕاگه‌یاندووه‌. به‌ وته‌ی ئه‌ندامێكی “ستادی میللیی مۆدیریه‌تی كۆرۆنا” ئاماری تووش بووان به‌ كۆرۆنا له‌ ئێران پتر له‌ حه‌وت به‌رابه‌ر و نیوی ئه‌و ئامارانه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ڕژیمه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌.

حه‌سه‌ن ڕووحانی، ئه‌و گه‌وره‌ درۆزنه‌، هه‌ر به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ ساختانه‌یه‌ كه‌ فه‌رمانی ئاسایی كردنه‌وه‌ی چالاكیه‌ ئابوورییه‌كان له‌ ڕۆژان و حه‌فته‌كانی داهاتوودا ده‌رده‌كات. نهێنی كاریی به‌ئه‌نقه‌ستی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ په‌یدابوون و پانتای بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئێران، موقاومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر خواستی قه‌ره‌نتینه‌ كردنی شار و شوێنه‌ ئایینیه‌كان، هه‌ڵیت و پڵیته‌كانی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێرا له‌گه‌ڵ ئه‌م ویرووسه‌ و شێوازی كۆنتڕۆڵه‌كه‌ی، سه‌رجه‌م هه‌مووی ئه‌وانه‌ نیشانیان دا كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی كۆرۆنادا له‌و په‌ڕی داماویی خۆی دایه‌ و هیچ ڕێكار و ستراتێژیه‌كی ڕوونی بۆی نییه‌.

بێ توانایی و داماویی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ باروودۆخێكدایه‌ كه‌ به‌ پێی ڕێنوێنیه‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانی و ئه‌زموونه‌كانی هه‌تا ئێستای هێندێك له‌ وڵاته‌كان، ڕێكاری تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووی كۆنتڕۆڵی ویرووسی كۆرۆنا خراوه‌ته‌ بواری تاقی كردنه‌وه‌. ئه‌زموونه‌كانی هه‌تا ئێستا به‌ ڕوونی نیشانیان داوه‌ كه‌ سیاسه‌تی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌رینی كه‌سه‌كان بۆ زانیاری له‌سه‌ر تووش بوونیان به‌ كۆویدی ١٩، جیا كردنه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ی كه‌سانێك كه‌ نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشیه‌یان پێوه‌دیاره و پاشان په‌یگیركردن و قه‌ره‌نتینه‌ی كه‌سانێك كه‌ له‌گه‌ڵیان له‌‌ په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ بوون و به‌سته‌ری كردنی كه‌سانێك كه‌ پێویستیان به‌ چاوه‌دێریی تایبه‌ت هه‌یه‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش داخستن و قه‌ره‌نتینه‌ی شاره‌كان و ڕه‌چاوكردنی ڕێنوێنیه‌ ته‌ندرووستیه‌كان، ڕێكاره‌ گونجاوه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵ كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ویرووسه‌ن. به‌ په‌یڕه‌و كردنی هه‌ر ئه‌م ستراتێژیه‌ له‌ وڵاتانێك وه‌كوو كۆره‌ی باشوور، تایوان، وییه‌تنام، سه‌نگاپوور و له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌وانه‌ ئاڵمان و نۆروێژ و فه‌نلاند، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌ و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیش ئاسۆیه‌كی ڕوونیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌ له‌به‌رچاوه‌. به‌ڵام له‌ ئێران هه‌ر ئه‌م ستراتێژیه‌ سه‌رڕاسته‌ و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنای هه‌ر ئه‌م ڕێنوێنیانه، بووه‌ته‌ قوربانیی ئامانجی داماوانه‌ی سیاسیی كۆماری ئیسلامی. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به‌و پێكهاته‌ چینایه‌تی و سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، به‌و درۆ و ده‌له‌سه‌ و گه‌نده‌ڵیه‌ی كه‌ له‌ ناخیدا ڕیشه‌ی داكوتاوه‌، به‌و ئه‌وله‌ویه‌تانه‌ی وا داواهاته‌كانی، ژێرساختی لاوازی ته‌ندرووستی و ده‌رمانیی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، توانای كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ی نییه‌. كۆماری ئیسلامی هه‌وڵ ده‌دا پانتایی ترسناكی ئه‌م كاره‌ساته،‌ زۆر له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه،‌ چكۆله‌تر نیشانی دات.

ئه‌م باروودۆخه‌ و داماویی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانێك كه‌ هه‌موو ڕۆژێ سه‌دان كه‌س ده‌كاته‌ قوربانیی خۆی، خه‌بات بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی قه‌یرانی كۆرۆنای له‌گه‌ڵ خه‌بات بۆ ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه‌ جه‌نایه‌تكاره‌ی پێكه‌وه‌ گرێ داوه‌. كۆماری ئیسلامی خه‌ڵكی ئێرانی، به‌كرده‌وه‌، خستووه‌ته‌ پێگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ یان ده‌بێ له‌ ماڵه‌كانیان دا بمێننه‌وه‌ و مه‌ترسی مه‌رگ له‌ برسیه‌تی ته‌حه‌مول بكه‌ن و یان ده‌بێ‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی بژێویان له‌ ماڵه‌كانیان بڕۆنه‌ در و خۆیان بخه‌نه‌ به‌رده‌م مه‌ترسیی تووش بوون به‌ ویرووسی كۆرۆنا. كرێكاران و جه‌ماوه‌ری به‌رینی هه‌ژارانی شار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌تای كۆرۆنا ڕێگایه‌كیان نییه‌ بێجگه‌له‌ ئه‌وه‌یكه‌ كار له‌و ناوه‌ندانه‌ی وا به‌رهه‌م هێنان بۆ كۆمه‌ڵگا زه‌رووری نییه،‌ ته‌عتیل بكه‌ن و ڕژیم ناچار بكه‌ن كه‌ حه‌قده‌ست و مه‌زایای ته‌واویان پێ بدات. ئه‌گه‌ریش بێكارن، پێویسته‌ بیمه‌ی بێكاری و پێداویستیه‌كانی مانه‌وه له‌ ماڵه‌كانی خۆیان، له‌ گه‌رووی ئه‌م ڕژیمه‌ ده‌ركێشن.

‌ هه‌ر له‌م ده‌وره‌ دوو مانگه‌یه‌دا، به‌ خواستی هاوشێوه‌وه‌‌، به‌ده‌یان جار شایه‌دی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاری له‌ مه‌عده‌ن و ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری بووین. هه‌ر له‌م ده‌وره‌یه‌دا ناڕه‌زایه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوانی سیاسی و پشتیوانی بیروڕای گشتی له‌وان بۆ ئازادیی به‌ندكراوان، هه‌روا درێژه‌ی بووه‌. له‌ ماوه‌ی دوو حه‌فته‌ی ڕابردوودا، زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی ناڕه‌زایه‌تی و ڕاپه‌ڕینی به‌ندكراوان دژبه‌ باروودۆخی نائینسانیی زیندانه‌كان و ترس و نیگه‌رانیان له‌ مه‌ترسیی تووش بوون به‌ ویرووسی كۆرۆنا. سه‌ربازه‌كان بۆ ڕزگار كردنی گیانی خۆیان له‌ پادگانه‌كان هه‌ڵدێن. له‌ هێندێك له‌ شار و گونده‌كانی ئێران، لاوانی پڕ جۆش و خرۆش و خه‌ڵكی خه‌باتكار به‌ پێكهێنانی كۆمیته‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان و به‌ به‌كارهێنانی داهێنانی جۆراوجۆر‌، له‌ناو خه‌ڵكدا ده‌ستیان داوه‌ته‌ پێكهێنانی هاوپشتی و له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنا یارمه‌تیان ده‌ده‌ن و به‌كرده‌وه‌، بێ توانایی و داماویی ڕژیمیان بردووه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌. بێ گومان، خه‌باتی كرێكاران و په‌راوێزخراوان له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی كۆرۆنادا، له‌سه‌ر به‌ستێنی ئه‌و نایه‌كسانی و كێشمه‌كێشه‌ چینایه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادایه‌، سه‌ره‌نجام هه‌ڵچوونی تۆفانی تووڕه‌یی و شۆڕشی هه‌ژاران و بێبه‌شانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. شۆڕشێك كه‌ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی، ته‌نیا یه‌كه‌م هه‌نگاوی ده‌بێت.