کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی سه‌رانی ڕژیم نابێ بێ‌وڵام بمێنێته‌وه‌!

55709910 401

له‌ حاڵێك‌دا كه‌ له‌ هێندێك له‌ وڵاتانی جیهان واكسیناسیۆنی كۆرۆنا ده‌ستیپێكردووه‌، ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ كردنی واكسێن بۆ ئێران، تووڕه‌یی و نه‌فره‌تی ملیۆنان كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌. له‌ باروودۆخێك‌دا كه‌ خه‌ڵك هه‌موو ڕۆژێ تازیه‌باری له‌ده‌ست دانی ڕۆڵه‌كانیانن و له‌ باروودۆخێك‌دا كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی ویرووسی كۆرۆنا و دواهاته‌كانی، هه‌موو بواره‌كانی كۆمه‌ڵگای داگرتووه‌ و وێنه‌ و ئاماری قوربانیان و تووش‌بووانی كۆرۆنا له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌بیندرێ، فتوای خامنه‌یی بێجگه‌له‌ به‌ره‌و قه‌تڵگا بردنی جه‌ماوه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌، هیچ شتێكیتر نییه‌ و درێژه‌ی هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ڕژیمه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كۆرۆناوه‌، گرتوویه‌ته‌ به‌ر. له‌ ئێستادا بۆ جارێكی دیكه‌ وێنه‌ی مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردوو دێته‌وه‌ به‌ر زه‌ینی بیروڕای گشتی. خه‌ڵك له‌بیریان ناچێته‌وه‌ كه‌ چلۆن ویرووسی كۆرۆنا له‌ به‌ناو پیرۆزترین شاره‌كانی ڕژیم چنگی له‌ گه‌ردنی خه‌ڵك توند كرد و هاوكات له‌ناو سه‌رسووڕمانی گشتی‌‌دا، سه‌رانی ڕژیم سیاسه‌تی نهێنكارییان گرته‌ به‌ر و دواكه‌وتووترینیشیان، جلی به‌ناو پزیشكانی ئیسلامییان له‌به‌ر كرد و خه‌ڵكیان بانگهێشتی ئه‌وه‌ كرد كه‌ په‌نا بۆ شوێنه‌ موقه‌ده‌سه‌كان به‌رن. سه‌رانی ڕژیم، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمییه‌وه‌ له‌ دووربینه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتن و ئیدیعایان كرد كه‌ “ڕێگاچاره‌ی ئه‌وان سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونی ده‌وره‌ی كۆرۆنا بووه‌ له‌ناو وڵاتانی جیهاندا“. هه‌مووی ئه‌م خۆهه‌ڵكێشان و به‌خۆهه‌ڵكوتنانه‌ش له‌ باروودۆخێكدا بوو كه‌ خه‌ڵك شاهیدی ئه‌وه‌ بوون كه‌ چلۆن كۆرۆنا، لێره‌ش، وه‌ك زۆرێك له‌ شوێنه‌كانی جیهان، ده‌ڕواته‌ سۆراغی زیانهه‌ڵگرترین توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا. خه‌ڵك به‌چاوی خۆیان بینییان كه‌ چلۆن تووش بووانی كۆرۆنا له‌ به‌ر ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كان‌ له‌پێ ده‌كه‌وتن و  زۆر جار ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌تی ناشتنی نزیكترین ئازیزانیشیان نه‌بوو.

هه‌ر له‌ ماوه‌ی ٩ مانگی ڕابردوودا، خه‌ڵك بینییان كه‌ چلۆن ملیۆنان كه‌س، كه‌ حه‌قده‌ستی ژیانێكی مه‌مره‌ومه‌ژییان له‌ به‌رامبه‌ر فرۆشتنی دوایین پاشكه‌وتی هێزی كاریان به‌ده‌ست دێنا، له‌ناكاو بێكار بوون و به‌حاڵی خۆیان ڕه‌ها كران و له‌ جه‌رگه‌ی ئه‌م باروودۆخه‌شدا ته‌وه‌رۆم به‌جۆرێك هاوساری پسا كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌ست‌ نیشانده‌كانی ڕژیم له‌ شۆرای باڵای كار ناچار بوون دان به‌وه‌ دانێن كه‌ سه‌به‌دی هه‌زینه‌ی بنه‌ماڵه‌كان، گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌رووی ٦ ملیۆن تمه‌ن. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدا بوو كه‌ ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكارییه‌كان، به‌ درووستی و به‌هۆی ئه‌زموونی ڕاسته‌وخۆ و ڕۆژانه‌ی خۆیان، هێڵی هه‌ژارییان، ده‌ ملیۆن تمه‌ن ڕاگه‌یاند. خه‌ڵك له‌ زمانی وته‌بێژی هه‌مان ده‌وڵه‌تێك كه‌ ئیدیعای ده‌كرد كه‌ به‌ناو سه‌ركه‌وتووترین ئه‌زموونی وڵاتانی جیهان بووه‌، بیستییان كه‌ پتر له‌ سێ ملیۆن دامه‌زراوی ڕه‌سمی و چوار ملیۆن دامه‌زراوی غه‌یره‌ ڕه‌سمی، له‌به‌رده‌م كه‌م بوونه‌وه‌ی حه‌قده‌ست دان و چالاكیی پتر یه‌ك ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار كارگه‌ ڕاگیراوه‌.

ئاماره‌ ڕه‌سمییه‌كان له‌ ئێران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌تا ئێستا یه‌ك و نیو ملیۆن كه‌س تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ٥٦ هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. له‌حاڵێكدا كه‌ ملیۆنان كه‌س له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه‌ واكسێن بكرێن و گرینگرین بابه‌ت بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان خێرایی به‌خشینه‌ به‌ واكسیناسیۆن، بۆ ڕێگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵنه‌دانی جۆری پێشكه‌وتووتری ئه‌م ویرووسه‌، له‌ حاڵێكدا كه‌ چاوی هیوای هه‌مووان به‌م واكسێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م دوایانه‌دا به‌رهه‌م هاتوون، بۆ جارێكی دیكه‌، خامنه‌یی به‌ ده‌ركردنی فتوا،  دانیشتووانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ره‌و قه‌تڵگا ده‌بات. ئه‌گه‌ر ناوبراو له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنادا باسی له‌ “شه‌ڕی بیۆلۆژیكی“ی دوژمن ده‌كرد، ئه‌مجاره‌یان موریدانی ویلایه‌ته‌كه‌ی، له‌ تاریكخانه‌ی خه‌یاڵاتی خۆیان هاتنه‌ ده‌رێ و ڕایانگه‌یاند كه‌ “ئه‌م واكسێنه‌ تایبه‌ت به‌ ئێرانه‌ و ده‌یانهه‌وێ خه‌ڵك یه‌خته‌ بكه‌ن و تووشی سه‌ره‌تانیان بكه‌ن“. ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسه‌كه‌دا‌، ده‌ستیان كرد به‌ نهێنكاری و ته‌حویل‌دانی درۆ به‌ خه‌ڵك، ئه‌مجاره‌یان له‌ قالبی فتوادا، جه‌نایاته‌كانیان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن.

له‌ ڕێكه‌وتی ٤ی مانگی به‌فرانباردا، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ڕایگه‌یاند كه‌ ٢٠٠ ملیۆن دۆلار ئه‌رز بۆ كڕینی “كواكس” ته‌رخان كراوه‌ و گواستنه‌وه‌ی واكسێنی كۆرۆنا، به‌ زووترین كات ئه‌نجام ده‌درێ.  چه‌ند ڕۆژ دواتر، وته‌بێژی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ئیدیعای كرد كه‌ ٥٢ ملیۆن دۆلار بۆ كڕینی واكسێنی “كواكس” هه‌زینه‌ كراوه‌ و به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ٨ ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار كه‌س واكسێن كڕدراوه‌. وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ڕژیمیش ڕایگه‌یاند كه‌ واكسێنێك ده‌كڕدرێ كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی جیهانییه‌وه‌ ته‌ئید كرابێت و له‌و وڵاته‌ی كه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌، به‌كارهێندرابێت. هه‌ڵبه‌ت ده‌شزانین كه‌ هه‌مووی ئه‌م مه‌رجانه‌ له‌پێوه‌ند له‌گه‌ڵ واكسێنه‌كان له‌به‌رچاو گیرابوون.

به‌ڵام فتوای خامنه‌یی مۆری كۆتایی له‌ هه‌مووی ئه‌م ئیدیعایانه دا و پاش وته‌كانی ئه‌و، ڕێكخراوی مانگی سوور كه‌ پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه‌ له‌ هه‌وڵی كڕینی واكسێنی شیركه‌تی “فایزێر ـــ بیونتێك“ی به‌رهه‌می هاوبه‌شی ئه‌مریكا و ئاڵمان دایه‌، ڕایانگه‌یاند كه‌ هاورده‌ كردنی ئه‌م واكسێنه‌یان ڕاگرتووه‌. پاشان موریدانی خامنه‌یی، یه‌ك له‌دوای یه‌ك‌، له‌ به‌رامبه‌ر دووربینه‌كان‌دا ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵیت و پڵیته‌كانی ئه‌ویان، “باوكانه‌” و “به‌جێ” وه‌سف كرد.

بڕیاره‌كه‌ی خامنه‌یی شه‌پۆلێكی به‌رینی ناڕه‌زایه‌تیی گشتی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه‌ و له ‌دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م بڕیاره‌، چه‌ندین به‌یانییه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆ كرێكاریه‌كان، خانه‌نشنان و موعه‌لیمان ده‌ركرا. سه‌ندیكای شیركه‌تی واحید وێڕای جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ “واكسیناسیۆنی كۆرۆنا پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ و به‌خۆڕایی بۆ هه‌موو هاووڵاتییان ئه‌نجام بدرێت” ڕایگه‌یاند كه‌ “چه‌ند مانگ پاش كۆرۆنا ته‌وه‌رۆم یه‌كجار ڕۆیشته‌ سه‌رێ و چینی كرێكار ٧٠ له‌سه‌دی توانای كڕینی له‌ده‌ست دا و له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ به‌شێك له‌ چینی كرێكار بێكار و به‌شێكی به‌رینتریشی داهاته‌كانیان كه‌متر بۆوه‌، به‌رده‌وام ته‌وه‌رۆم زیادی كردووه‌ و چینی كرێكار توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌م هاتنی ئه‌و واكسێنه‌ ناوخۆییه‌ بێت كه‌ هێشتا ڕێژه‌ی كاریگه‌ری و كاتی به‌رهه‌مهێنانی نادیاره‌”.

“ئه‌نجومه‌نی سینفیی خانه‌نشینانی كیشوه‌ری” له‌ به‌یانییه‌ی خۆیان‌‌دا نووسییان كه‌ “ئێمه‌ خانه‌نشینان به‌ حكوومه‌ت ده‌ڵێین كه‌ ته‌نیا ده‌مانهه‌وێ زیندوو بمێنینه‌وه‌. ئێوه‌ ئه‌ركی زاتی و یاسایی خۆتان به‌جێ بێنن. پێمان وا نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ خواستێكی زۆر بێت“.

“ناوه‌ندی پیشه‌یی موعه‌لیمانی قه‌زوین” نووسییان: “یه‌ك ساڵ پاش گشتگیر بوونی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان، سه‌همی ئێران، پێنج ملیۆن خوێندكاری به‌جێماو له‌ خوێندن و ته‌عتیلیی ده‌یان پیشه‌، بێكاری و هه‌ژاریی به‌رین و منداڵانێك بوو‌ كه‌ له‌ حه‌سره‌تی كڕینی مۆبایلێكی پێشكه‌وتوودا، په‌تی خۆكوشتنیان هه‌ڵگرت‌. خۆ ته‌حریم كردنی ده‌رمانی، بۆ خه‌ڵكێك كه‌ له‌ژێر توندترین گوشاره‌ ئابوورییه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌بات، دواهاتێكی بێجگه‌له‌ گه‌وره‌ بوونه‌وه‌ی گۆڕستانه‌كان نییه‌”.

له‌ ڕاستیدا ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ماوه‌ی پتر له‌ چوار ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتیدا، ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵدێری نه‌مان بردووه‌ و كارنامه‌یه‌كی خوێناویی له‌ كوشت و كوشتار و جه‌نایه‌ت هه‌یه و فتوای خامنه‌ییش درێژه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌یه‌. ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ملیۆنیی و به‌رینه‌وه‌ ده‌كرێ ده‌سه‌ڵاتی نگریسی ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ ڕیشه‌ ده‌ربێت. بێگومان، له‌ئێستادا، پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌ بۆ واكسیناسیۆنی به‌خۆڕایی و به‌پێی ستاندارده‌كانی ته‌ندرووستیی جیهانی، بۆ گشت دانیشتووانی ئێران، ئه‌ركی سه‌ره‌كییه‌.