٢٩ی مانگی خاكه‌لێوه، ڕۆژی ئه‌رته‌شی كۆماری ئیسلامی بوو. له‌م ڕۆژه‌دا نومایشی نیزامی له جه‌رگه‌ی كاره‌ساتی كۆرۆنادا ڕه‌ونه‌قێكی نه‌بوو. میدیاكانی نزیك به سپا‌ش هه‌ر ئه‌م كه‌م ڕهونهقیهیان به شێوه‌یه‌كی كه‌م ڕه‌ونه‌قتر نیشان دا. خومه‌ینی له په‌یامێكدا، ٢٩ی خاكه‌لێوه‌ی ڕۆژی ئه‌رته‌ش ناودێر كرد. ئه‌و له‌م په‌یامه‌یدا، جهنایاتی به‌رینی فه‌رمانده‌كانی ئه‌رته‌شی شای “گوناحی سه‌غیره” ناو لێنا و وه‌ك وه‌لیی فه‌قیه ئه‌وانی به‌خشی. خومه‌ینی، ئه‌و هێزه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیسمی ئێرانی و به‌رژه‌وه‌ندی ئیمپریالیستی شكڵی گرتبوو، له‌م په‌یامه‌دا وه‌ك ئه‌رته‌شی ئیسلامی و ته‌وحیدی ناولێبرد.
پڕۆسه‌ی پێكهاتنی ئه‌رته‌شی ئێستای ئێران له ساڵی ١٣٠٠ی هه‌تاوییه‌وه ده‌ستیپێكرد و به پشتیوانی و یارمه‌تیی ماڵی و نیزامیی ده‌وڵه‌تی ئینگلیس، به‌خێرایی بوو به‌و هێزه‌ی كه كۆنه‌په‌رستانی خۆجێیی و ده‌وڵه‌تی ئینگلیس چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد. ئه‌م هێزه سه‌ركوتگه‌ره كه به‌رده‌وام هۆكاری ماڵوێرانی و نائه‌منی بووه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه جهنایاتێكی خۆفناكی له لۆرستان، كوردستان و ئازه‌ربایجان خوڵقاند. حكوومه‌تی ڕه‌زاشا له‌م هێزه بۆ سه‌ركوت كردنی كۆمۆنیسته‌كان و كرێكاران كه‌ڵكی به‌رینی وه‌رگرت. جهنایاتی ئه‌رته‌ش له كوشتاری كرێكارانی مانگرتووی شیركه‌تی نه‌وتی ئێران و ئینگلیس له خووزستان، له ساڵی ١٣٠٨ی هه‌تاوی و به شكست كێشانی ئه‌م مانگرتنه مێژووییه به‌قازانجی شیركه‌تی ئینگلیس، به‌ناوبانگه.
به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ی كه له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی بێدفاعدا ده‌ستی دابووه كوشت و كوشتاری به‌رین، له به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یماناندا له خه‌رمانانی ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی به بێ ته‌قاندنی یه‌ك گولـله، له پێ كه‌وت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتنی گشت فه‌رمانده‌كانی، به ته‌واوی لێكهه‌ڵوه‌شاوه. سه‌رانی هاوپه‌یمانان، به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا و بریتانیا پاش زاڵ بوون به‌سه‌ر حكوومه‌تی ئێران، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستیان كرد به نۆژن كردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزه و له ساڵه‌كانی ١٣٢٤ و ١٣٢٥ له كوردستان و ئازه‌ربایجان، له گیانی خه‌ڵكیان به‌ردان. كوشتنی هه‌زاران كه‌س له كوردستان و ئازه‌ربایجان مۆرێكی نهنگینی دیكه‌ی له ناوچاوانی ئه‌رته‌شی شا دا. كودتای ده‌ربار دژبه حكوومه‌تی موسه‌دێق له مانگی گه‌لاوێژی ١٣٣٢ به پیلانی “سیا“، ڕێكخراوی سیخوڕیی ئه‌مریكا و به ده‌ستی فه‌رمانده‌كانی ئه‌م ئه‌رته‌شه ئه‌نجام درا.
ڕۆڵی جهنایهتكارانهی ئه‌رته‌ش له سه‌ركوتی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و دژه پاشایه‌تیی ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی، له هه‌موو جه‌نایه‌ته‌كانی پێشوو به‌رچاوتره. له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ك ساڵه‌دا كه خه‌ڵك به‌تایبه‌ت كرێكاران، له ڕێگه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتنه‌كانیان بۆ ڕووخاندنی حكوومه‌تی ٢٥٠٠ ساڵه‌ی پاشایه‌تی خه‌باتیان ده‌كرد، هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش به فه‌رمانده‌یی فه‌رمانده جهنایهتكارهكانیان، هه‌زاران كه‌سیان له خه‌ڵك، به‌تایبه‌ت لاوانی خه‌باتكار كوشت و ژماره‌یه‌كی زۆرتریشیان بریندار و كه‌م ئه‌ندام كرد.
سه‌ره‌نجام كاتێك كه كرێكارانی شیركه‌تی نه‌وت، شێره‌كانی نه‌وتیان له وڵاتانی ئیمپریالیستی و سه‌نعه‌تی به‌ست، سه‌رانی ئه‌مریكا، ئاڵمانی ڕۆژئاوا، بریتانیا و فه‌ڕانسه له مانگی به‌فرانباری ساڵی ٥٧ی هه‌تاوی له كۆنفڕانسی “گوادلۆپ“دا به‌وه گه‌یشتن كه ته‌مه‌نی حكوومه‌تی په‌هله‌وی كۆتایی پێهاتووه. ئه‌وان بڕیاریان دا تا له ڕێگه‌ی به‌هێز كردنی هێزه مه‌زهه‌بییه‌كان به ڕێبه‌ریی خومه‌ینی له به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی هێزه چه‌په‌كان و زاڵ بوونی حكوومه‌تی شۆره‌ویی ئه‌وكات به‌سه‌ر ئێران، ڕێگری بكه‌ن. سه‌رانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه و له سه‌روویانه‌وه ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ باندی خومه‌ینی ده‌ستی كرد به موعامه‌له و بڕیاریاندا له ڕێگه‌ی ڕاده‌ست كردنی ئه‌رته‌ش به هێزه كۆنه‌په‌رسته ئیسلامییه‌كان، شۆڕش به‌ره‌و شكست به‌رن. سه‌رانی ئه‌رته‌ش به فه‌رمانی “هایزێر“، ژێنێڕاڵی ئه‌مریكایی، به‌ر له‌وه‌یكه ئه‌م هێزه زهربهخواردووه له لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه هه‌ڵوه‌شێته‌وه، ته‌حویلی هێزه ئیسلامییه‌كانیان دا. شۆڕشگێڕان به هێنانه گۆڕی درووشمی “ئه‌رته‌شی دژه جه‌ماوه‌ر ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه”، به‌ره‌نگاری ئه‌م پیلانگێڕیه ئیمپریالیستی و كۆنه‌په‌رستانه‌یه بوونه‌وه. به‌ڵام لاوازبوونی هێزی كرێكاری و چه‌پ، بۆ ده‌سه‌ڵاتی نوێ كه له لایه‌ن گشت كۆنه‌په‌رستانی ناوخۆ و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواوه پشتیوانی لێده‌كرا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی خوڵقاند تا دووباره ئه‌رته‌شی جه‌نایه‌تكار وه‌ك هێزی ئیسلامی و وه‌لایی نۆژن بكه‌نه‌وه و له گیانی جه‌ماوه‌ری خه‌باتكاری به‌رده‌ن. ئه‌رته‌شی نۆژنكراو ده‌ستبه‌جێ دژبه خه‌ڵكی مافخوازی خووزستان و كوردستان هاته مه‌یدان. ئه‌گه‌رچی ئه‌م هێزه وێڕای پاسداره‌كان له كوردستان زه‌ربه‌یه‌كی سه‌ختیان به‌ركه‌وت، به‌ڵام توانییان به كه‌ڵك وه‌گرتن له كه‌ره‌سته‌ی نیزامیی پێشكه‌وتوو، جهنایاتێكی یه‌كجار زۆر له‌م ناوچه‌یه بخوڵقێنن.
كۆماری ئیسلامی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئه‌زموونی بورژوازیی جیهانی، تا توانیی بێجگه‌له شه‌ڕ دژبه خه‌ڵكی كورستان، ئه‌رته‌شی به‌ره‌نگاری خه‌ڵك نه‌كرده‌وه. ڕژیم بۆ سه‌ركوتی خه‌باتی كرێكاران، ژنان، لاوان و ئازادیخوازان له هێزه‌كانی سپا كه‌ڵكی وه‌رگرت. به‌ڵام ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦، ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی گه‌لاوێژی ٩٧ و ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ نیشانی دا كه هێزی سپا به ته‌نیا توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری ناڕازی نییه. هه‌ر بۆیه ئه‌رته‌ش وه‌ك یه‌كێك له پایه‌كانی دیكتاتۆریی ئیسلامی، ناچار بوو گۆشه‌یه‌ك له حزووری خۆی نیشان بدات. “كیوومه‌رس حه‌یده‌ری” فه‌رمانده‌ی هێزی زه‌مینیی ئه‌رته‌ش ڕۆژی ٢٢ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ٩٩ له وتووێژێكدا دانی به‌وه دانا كه هێزه‌كانی ژێر فه‌رمانی له سه‌ركوتی خه‌باتی سه‌رتاسه‌ریی خه‌ڵكدا ڕۆڵێكی به‌رچاویان بووه و وتی كه ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وان جێگای شانازییه. ئه‌و ته‌ئكیدی كرد كه دهخاڵهتهكهیان له‌سه‌ر ئیزنی سه‌ردار باقێری، سه‌رۆكی ستادی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان و به ته‌ئیدی خامنه‌یی ئه‌نجام دراوه.
ئه‌گه‌رچی له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا ئه‌وه سپا بووه كه به‌رده‌وام وه‌ك هێزی سه‌ره‌كیی سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی هاتووه‌ته مه‌یدان، به‌ڵام ئه‌رته‌شیش له په‌نا سپاوه پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی دیكه‌ی دیفاع له دیكتاتۆریی ئیسلامی بووه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌رته‌ش و گشت هێزه نیزامییه پیشه‌ییه‌كانی وه‌ك سپای دژه‌مرۆیی پاسداران، خواستی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی ئێرانه و درووشمێكه كه له دواڕۆژی گه‌شه و قووڵ بوونه‌وه‌ی خه‌باتی شۆڕشگێڕانه دژبه كۆماری ئیسلامی، ده‌بێته یه‌كێك له ئامانجه ڕاسته‌وخۆكانی خه‌ڵك و ئه‌وله‌وییه‌تی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری.