کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامادەکاری بۆ کشانەوەی کۆماری ئیسلامیی لە سوورییە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ ی مانگی گوڵان ویلادمیر پوتین لە شاری سوچی لە چاوپیکەوتنێکدا لەگەڵ بەشار ئەسەد، وتویەتی:” کە لە قۆناغی سەقامگیر بوونی ئاشتی لە سوورییە، هێزە نیزامیەکانی دەرەکی دەبێ ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن.” ڕۆژێک دوای ئەو قسانە نوێنەری تایبەتی ڕووسییە بۆ کاروباری سوورییە لە وڵام بە هەواڵنێراندا روونی کردەوە کە مەبەستی پوتین ” سەرجەم یەکە نیزامییە دەرەکییەکانی نێو سوورییە، لەوانە ئەمریکا، تورکییە، حیزبوڵڵای لوبنان و هەڵبەت ئێرانیشە”. نوێنەری تایبەتی ڕووسییە هەروەها وتویەتی کە قسەکانی ویلادمیر پوتین هەڵگری پەیامی سیاسیە و ئەم ڕەوتە دەبێ لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بەڕێوەبچێت. قسە کردن سەبارەت بە کشانەوەی ئێران لە سوورییە لە لایەن دەوڵەتی ڕووسییه‌وە بابەتێکی نوێیە. بەپێی نووسراوی هەواڵنیریی فەڕانسە، ئەم هەنگاوەی ڕووسییه‌ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە سوورییە بێ وینەیە. ڕاگەیەنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی وای پیشان ئەدەن کە گۆیا ئەم قسانە غافڵگیری کردون و لەم پێوەندەدا تا ئەو جێگایە چوونەتە پێش کە نووسیویانە:” ڕەنگە نوێنەری ڕووسییە واتای وتەکانی پۆتین باش حاڵی نەبوبێت.”

بەڵام له‌ ڕاستیدا سەرجەم دیاردەکان دەرخەری ئەوەن کە تەمەنی حوزوری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سوورییە کۆتایی هاتووە و ئەم ڕژیمە بۆ کشانەوە لە سوورییە لە چەند لاوە خراوەتە ژێر گوشارەوە. یەکەم، لە لایەن خەڵکێکی ناڕازییەوە کە هەزینەی سەرسوڕ هێنەری شەڕی سوورییە له‌ سفرەی بێ ڕەونه‌قی ئه‌وان دابین ده‌بێت. فەلاکەتی ئابووری، خەڵکی وەگیان هێناوە. ناڕەزایەتیی لەم بارەیەوە بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری وڵاتدا به‌رده‌وام درێژەی هەیە و کۆماری ئیسلامیی بەشێوەیەکی جیدی له‌م بابه‌ته‌وه‌ هەست بە مەترسی دەکات.

دووهەم، لە لایەن دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە کە پایەگا و ناوەندە نیزامییەکانی سپای پاسداران لە سوورییەی کردووه‌تە ئامانج و لە ماوەی ئەم ڕۆژانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی بە هۆی هێرشی موشەکی و بۆمبارانی ئاسمانییەوە کوژراون. لە تازە ترین حاڵەتدا ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان باس لەوە كراوه‌ کە ٥٧ کەس لە کەسانی سەر بە سپای پاسداران لە یەکێک لە ناوەندەکانی جیگیر بوونیاندا لە فرۆکەخانەی ” حەما” کوژراون. ئەم هێرشانە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچن کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی زەمین گیر بوون و لە بەرانبەر هیرشەکانی ئیسڕائیلدا توانایی هیچ کاردانەوەیەکیان نییە.

سێهەم، لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی لە بەرجام و فەراهەم کردنی ئامادەکاری تەحریمە ئابوورییەکان لەدژی ئێران، لەوانە حوزوور لە سوورییە دایە. چوارەم، ئەرزش مەسرەفی کۆماری ئیسلامیی لە پاراستنی ڕژیمی بەشار ئەسەد، هەم بۆ ڕووسییه‌ و هەم بۆ ڕژیمی بەشار ئەسەد کۆتایی هاتووە. درێژ تر بوونەوەی حوزووری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سوورییە کە ڕۆژانێک ڕژیمی بەشار ئەسەد بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا پێویستی پێی هەبوو، ئێستا درێژەی حوزووریان لە سوورییە ئاکامی پێچەوانەی هەیە. لەم قۆناغەدا بۆ بەشار ئەسەد، پشتیوانی دەوڵەتی ڕووسییه‌ لە ڕژیمەکەی پێویست و کافییە. لەم ڕووەوە، جێگای چاوەڕوانییە کە ئەویش خوازیاری کشانەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی له‌ سوورییه‌ بێت. درێژەی حوزووری کۆماری ئیسلامیی لە سوورییە بۆ دەوڵەتی ڕووسییه‌ش کە خوازیاری پاراستنی پێوەندی نزیکە لەگەڵ ئیسڕائیل، بە کردەوە سەر ئێشە دەروست دەکات.

سوورییە بووه‌تە زەلکاوێک بۆ کۆماری ئیسلامیی. زەلکاوێک کە هەم هێزی ئینسانی زیاتری دەبێ تێدا قوربانی بکرێت و هەم بە میلیاردها دۆلاری تریش سەرفی درێژەدانی بکرێت. کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا چارەیەکی بێجگە لە تەسلیم بوون نییە. هەڵبەت هەر وەک پێشبینی دەکرێت، هەوڵ ئەدات شێوازێکی بەناو ” ئابڕومەندانە” لە چوارچێوەی سیاسەتی ناسراوی” سازشی قارەمانانە”، بداتە کشانەوەی هێزەکانی لە سوورییە. بیلانی ماڵیی هەزینەی حوزووری کۆماری ئیسلامیی لە سوورییە و یارمەتیە ئابوورییەکانی بە ڕژیمی بەشار ئەسەد، زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلار بەراورد کراوە. ئەو هەزینانەی کە دەیتوانی لە بوارەکانی بێهداشت و دەرمان و ئاموزش و پەروەرش و باقی بوارەکانی خزمەتگوزاریدا مەسرەف بکرێت، ڕاست بە پێچيوانەوه‌ لە بودجەی ڕوتینی ئەم بوارانە هەڵدەگیرا کە بە دەیان خەسار و برینی کۆمەڵایەتی بەسەر جەستەی کۆمەڵگاوە جێ هێشتووه‌.

لە بواری تەلەفاتی ئینسانیشدا کۆمەلێک ئامار بڵاو بوونەتەوە لە لایەن مەتبوعاتی سەربە ڕژیمەوە کە باس لە کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس لە کەسانی سەربە سپای پاسداران لەوانە چەند سەرتیپی سپا لە سوورییە دەکەن. کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕزگار کردنی ڕژیمی بەشار ئەسەد تا ئێستا نە تەنیا پاسدارانی ئێرانی، بەڵکوو بە هەزاران کەس لە ئاوارە بێ پەناکانی ئەفغانستانیشی بە زۆر و بە تەماح وەبەرنان ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی سوورییە کردووە. بە سەدان کەس لە هاووڵاتییانی ئه‌فغانستانی و لە هێزە شیعە عێڕاقییەکانی سەربە سپای پاسداران کە لە شەڕی سوورییەدا کوژراون لە هیچ ئامارێکدا تۆمار نەکراون. لەگەڵ ئەوەشدا هەزاران کەم ئەندام و لە پێ کەوتوو لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەسەر دەستی ئەم کۆمەڵگایەوە ماونەتەوە.

بەڵام هەزینەی دخاڵەتەکانی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا لە کوێوە و چۆن دابین بووە. بەشێکی زۆری لە داهاتی نەوتی ئێران، کە به‌ڕەنج و کاری کرێکاران لە ناخی زەوی دەرکێشاوە، بە شێوەی بودجەی ڕەسمی ساڵانە بە گەروی ماشێنی جەنگی کۆماری ئیسلامیدا لە سوورییە دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا سپای پاسداران شیلەی گیانی بە سەدان هەزار کرێکاری لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و ئابووری ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا كار ده‌كه‌ن، سەرفی دەستێوەردانە کۆنەپەرستانەکانی لە سوورییە کرد. بەشێکی تر لە هەزینەکان لە ڕێگای مافیای مادەی هۆشبەری ژێر چاودێری سپای پاسداران، بە قیمەتی بە هەدەر چوونی گیانی بەملیون کەس لە لاوانی ئەم وڵاتە دابین دەکرا.

بەشار ئەسەد و کۆماری ئیسلامیی هەردووکیان دوژمنانی ژمارە یەکی كۆمه‌ڵانی خەڵکی ئێران و سوورییەن. پاشەکشەی ” ئابڕومەندانە” لە کاردا نییە. کۆماری ئیسلامیی دەبێ تاوانی سیاسەتە دژی خەڵکییەکانی لە سوورییە بداته‌وه‌ کە بە قیمەتی گیان و ژیان و بەڕێچوونی زۆربەی خەڵکی ئێران، به‌ڕێوه‌ی بردووە.

بابەتی پەیوەندیدار

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-