ساسان پاکڕەوان، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئیلام کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی، بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.
ساسان پاکڕەوان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوک و دایکی، بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کرابوو. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: “ناوبراو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی وەک بەکارهێنانی چەک و «محاربه»ی دراوەتە پاڵ؛ ئەو تۆمەتانەی کە دەتوانن سزای زۆر قورسی وەک سێدارەیان بە دواوە بێت.” شایانی باسە کە ساسان پاکڕەوان لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافە سەرەتایییەکانی بەندکراوێک لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و دواجار دوای نزیکەی سێ مانگ ڕاگرتن، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.
