کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخێزی بەهێز تر لە ڕێدان

دوای تێپەربوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ٩٦ دا کە ئێرانی هەژاند، ئێستا زۆرێك لە هەڵسوراوانی بزوتنەوە کۆمەڵاتییەکان، هێزە سیاسی و چاودێرانی بارودۆخی ئێران لەسەر ئەم هەڵسەنگاندنە هاو بۆچوونن کە ئەم ئاخێزە بێ وێنە نەک دیاردەیەکی ناگەهانی و کتوپڕنه‌بوو، بەڵکوو ئاسەواری ئیجرای ئەو سیاسەتە نیئۆلیبڕالی و داسەپاندنی بێ مافییە سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بووە کە پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان بوارە زەینییەکانیانی فەراهەم کردبوو. ئۆلگوی ئابووری بازاڕی ئازاد کە لە هەمان ساڵەکانی دوای کۆتایی شەڕەوە بۆ گەشەی ئابووری ئێران ڕەچاو کرابوو وە دەوڵەتە جۆراو جۆرەکان لە نیزامی سەرمایەدریی ئیسلامیدا لە دەوڵەتەکانی محافزەکاری ڕەفسەنجانییەوە گرتویەتی تا دەوڵەتەکانی خاتەمی ڕێفۆڕخواز و لە کابینەکانی ئەحمەدی نیژادی توندڕەوە گرتویەتی تا هەردوو کابینەی روحانی ئیعتیدال گەرا کە بە گشتی لەسەر ئەوە پێداگرییان دەکرد، نەیدەتوانی ئاسەوارێکی بێجگە لە داسەپاندنی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنە بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا بە شوێنەوە بێت. لە ئاکامی گرتنەبەری ئەم سیاسەتانە و نیهادینە بوونی گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ساختاری حکومەتیدا و ئیختیلاس و دزی گەورە و کەڵان کە کراون، سود و سەرمایەی زۆر و زەوەند لە دەست تاقمێکی کەم لە چینی سەرمایەدار و خاوەنانی دەسەڵات و ئاغا زادەکاندا کەڵکە بووە و کەلێن و كه‌لبه‌ری نێوان هەژاری و سەروەت بە شێوەیەکی بێ وێنە قوڵتر بۆتەوە. ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکاریەکان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە داخوازییە هەنوکەییەکانیان، گەشەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لەدژی بارودۆخی مەوجود و خۆڕاگری ژنان بە پانتایی ئێران لەدژی یاسا و سیاسەتە دژی ژنەکان و نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی، و سەرئەنجام ئاخێزی مانگی بەفرانبار کاردانەوەیەکی چارهەڵنەگری توێژی بێبەشی کۆمەڵگا بە ئاکامی سیاسەتە ڕەچاو کراوەکان لە لایەن ڕژیمی حاکمەوە بووە.

چاوگێرانێکی سەرلەنوێ بە لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٧ دا دوای پەسەند کرانی لە لایەن مەجلیسەوە سەرەڕای ئەو هاوسەنگ کردنانەی کە تێیدا کراوە، نیشانی ئەدات کە ڕژیمی ئیسلامی بەبێ سەرنجدانە بارودۆخێکی خراپ کە سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردودا، هەروا لەسەر درێژە پێدانی پێداگری دەکات. زۆربەی نوێنەرانی مەجلیس ئەگەرچی لەژێر گوشاری ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباردا و لە درێژەی مانگرتنە کرێکاریەکان بە پسند کرانی لابردنی یارانەکان و گران کردنی سوتەمەنی ڕازی نەبوون، بەڵام بە ئەنگیزەی پاراستنی نیزامی ئیسلامی بە تەرخان کردنی سەهمێکی کەڵان لە بوجەی ساڵی داهاتو بۆ سپای پاسداران و ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی سەربە دەزگای روحانیەت موافقەتیان کرد. لەسەر ئەم بنەمایە لایەحەی بوجەی ساڵی ٩٧، سەرچاوەی دابین کردنی درمانیی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی گوازراوەتەوە بۆ خەزانەی دەوڵەت و ئەمە نمونەیەکی ترە لە هێرشی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان بۆسەر ماف و حقوقی کرێکاران. بەم جۆرە ئاشکرایە کە لایەحەی بوجەی ساڵی داهاتو بە ئاوێتە کردنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری لەگەڵ دوو عونسۆری توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتی لە کۆمەڵگادا و پتەو کردنی بونیەی ماڵی ناوەندە مەزهەبیەکان هیچ سەهمێکی بێجگە لە پەرەسەندنی بێکاری و زیاتر بوونی هەژاری و فەلاکەت بۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران نەهێشتۆتەوە.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای ئیدیعای زیاد کرانی نرخی گەشەی ئابووری، ڕەوتی داخرانی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بێکارسازی کرێکاران، کەم بوونەوەی بەرهەمهێنانی بەروبوی گشتوکاڵی و وەرشکست بوونی بانک و بونگا ماڵیەکان هەروا درێژەی هەیە. لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی روحانی دوای بەرجام نەیتوانیوە بەپێی پێش بینی و نەخشەکانی بۆ ڕاکێشانی سەرمایە کەڵانە دەرەکیەکان یارمەتی بە دەرچوونی ئابووری ئێران لە ڕکود بدات، هەڵاتنی سەرمایەکانیش خۆی بۆتە کێشە و گرفت. لە حاڵێکدا کە ئیدیعای زیاد کرانی نرخی گەشەی ئابووری و دابەزینی نرخی تەوەڕوم گوێی عالەمی کەڕ کردوە، پەرەگرتنی بێکاری و زیاد بوونی نرخی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی، رۆژانە ژمارەیەکی زیاتر لە بنەماڵەکان بەرەو ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا پاڵپێوە دەنێت. ئاماری دژبەیەکی ناوەندە جۆراو جۆرە حکومەتیەکان بە چەشنێکی هەژێنەر ئەم ڕاستیە تاڵە ئاشکرا دەکەن. محەممەد موخبر دزفولی، سەرۆکی ناوەندی ناسراو بە ” ستادی ئیجرایی فەرمانی ئیمام” ماوەیەک لەوە پێش ڕایگەیاند لە ئێراندا ١٢ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاری تەواودا دەژین و لە نێوان ٢٥ تا ٣٠ ملیۆن کەسیش لەژێر هێڵی هەژاری ڕێژەییدان. ڕێکخراوە جۆراو جۆرە کرێکاریەکان لە ڕاگەیاندنێکدا وتویانە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان هەژاری و حەقدەستی کرێکاران، لانیکەمی حەقدەستی مانگانە نابێ لە ٥ ملیۆن تەمەن کەمتر بێت. دەوڵەتی روحانی و مەجلیسی ئیسلامی سەرەڕای ئەم دۆخە کارەساتبارە، دیسانیش بەو هیوایەی کە سەرئەنجام سیاسەتی ئابووری بازاڕی ئازاد بەر بگرێت و گەشەی ئابووری، ڕەخسانی هەلی کار و باشتر بوونی ئاستی ژیان و بەڕێچوونی خەڵک بە دیاری بێنێ، بڕیاریان داوە تا هەروا باری قورسی قەیرانی سەرمایەداری ئێران بخەنە سەر شانی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران. بەڵام دەوڵەتی روحانی لە حاڵێکدا هیوای بە دەور و نەخشی ” موعجیزە ئاسای” ئۆلگوی ئابووری بازاڕی ئازاد وەک کلیلی چارەسەری گرفتە ئابووریەکان بەستوە کە تا ئێستا نەیتوانیوە لە حەوزەی سیاسەتی نێو نەتەوەییدا بەپێی نیازەکانی ئەم ئۆلگوە ئابوورییە، خۆی لەگەڵ سیاسەتی زل هێزە رۆژئاواییەکان و هاوپەیمانەکانیان لە ئاستی ناوچەکەدا هاوئاهەنگ بکات.

سەرجەمی ئەم دراوانە و ئەو تەنگوچەڵەمە و بێتواناییانەی ڕژیمی ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانی ئابووری و داماوی لە کەم کردنەوەی ئاستی بێ وێنەی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەرۆکی بە کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران گرتوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە بوارە عەینیەکانی پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ئاخیزە جەماوەریەکان هەروا وەک خۆیان ماونەتەوە. لە لایەکی دیکەوە مانگرتنی کرێکارانی گوروپی میللی ئەهواز، مانگرتن و ناڕەزایەتی کارمەندانی پاڵاوگەی ئیلام، مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی هپکۆ ی ئەراک، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئیسفەهان، ناڕەزایەتی کرێکارانی ماشێن سازی تەورێز، ناڕەزایەتی بەردەوامی کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە و دەیان مانگرتن و ناڕەزایەتی تری کرێکاری لەم رۆژانەی دواییدا نیشانی ئەدات کە ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان ئەوە نیشان نادەن بەرەو دامرکانەوە بچن.

ئەگەر ئاخێزی مانگی بەفرانبار وڵامی هەژارانی نێو کۆمەڵگا لە خیابانەکانی سەد شاری ئێران بە قەیرانی سەرمایەداری و ڕژیمێکی مەزهەبی بوو کە ژیان و بەڕێچوونی بە ملیۆن بنەماڵەی کرێکاری و توێژی خوارەوەی توشی تەنگوچەڵەمە کردوە، کە وایە تا کاتێک کە بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری لەوپەڕی خۆیدا بێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە توند کردنەوەی سەرکوت وڵامێکی دیکەی بۆ تێپەڕ بوون لەم بارودۆخە نییە و لە بارودۆخێکدا کە ئاخێزی مانگی بەفرانبار و درێژەی مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان هاوسەنگی هێز و بارودۆخێکی زەینی گونجاو تری بە قازانجی بەرەی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی فەراهەم کردوە، شەقامەکان هەروا دەتوانن مەیدانی خۆپیشاندانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی توڕە لە نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی و وڵامدانەوەیان بە قەیرانی وێرانگەری مەوجود بێت. دەبێ بۆ ئاخیزی بەهێزتر کە لە ڕێدان خۆمان ئامادە بەکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-