کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کردەوەی تیرۆریستی لە نیوزله‌ند

58

لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ڕۆژی هەینی ٢٤ی مانگی ڕەشەممە به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٥ی مانگی مارس، دوو مزگەوت لە شاری کرایست چێرچ لە نیوزله‌ند کەوتنە بەر هێرش و تا ئێستا ٥٠ کەس کوژراون و ٢٠ کەسی تریش بریندار بوون کە بە وتەی کاربەدەستانی دەوڵەتی، بارودۆخی هێندێکیان خراپە.

بکوژه‌كه‌ کەسێکی نیئۆفاشیستی ٢٨ ساڵەی خەڵکی ئوسترالیایە کە لەگەڵ دوو گومان لێکراوی تر لە لایەن پۆلیسەوە گیراوە. ئەو نیئۆفاشیستە ٧٤ لاپەڕەی وەک” گۆڕینەوەی گەورە” لە تۆڕە مەجازیەکاندا بڵاو کردووه‌تەوە. ئەو سه‌رده‌سته‌ی یەکێک لە” تیئۆریسیەنەکانی” ڕەوتی نیئۆفاشیستی و ڕاسیستی” بەرەی نه‌ته‌وه‌یی فەرانسە”یە. ئەم بەناو تیئۆریسیەنە وەک هەموو ڕاسیستەکان بە تیئۆریزە کردنی بەناو” کشاندنەوەی دانیشتوانی خۆجێی لە لایەن کۆچبەرانی بیگانەوە و بە تایەبەت موسڵمانان” باس دەکات. لە بەشێکی چەکەکەی قاتڵدا ناوی ئەو نیزامیانە هەڵکۆڵدراوە کە لە کوشتاری موسڵمانان لە مێژودا بەشداریان هەبووە. ئەو دەڵێ کە کردەوەکەی” تۆڵە ئەستاندنەوە به‌خاتری هەزاران کوژراوە کە بەهۆی دەستدرێژی بیانیەکانەوە کوژراون،” بەڕێوەچووە. ئەو لە مانیفێستەکەیدا ستایشی ئەو تیرۆریستانەی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٧ بە هێرش کردنە سەر مەدرەسەیەک ژمارەیەک خوێندکاری بە ڕەگەز بیانیان لە سوئێد کوشتووه‌. ئەو هەر وەها وتویەتی کە لەگەڵ تیرۆریستێكی نۆروێژیدا کە هاوینی ٢٠١١ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ٧ کەسی لە ئۆسلۆ و دواتر ٣٩ کەسی لە دوورگه‌یه‌ك لە شوێنی بەڕێوەچوونی ئۆردوی لاوانی حیزبی کارگەری نۆڕوێژ كوشتووه‌ پێوەندی هەبووە. خاڵی هاوبەشی هەرسێکیان کە لە مانیفێستەکانیشیاندا هاتووە، ڕاسیسم و دژی خاریجییە.

گرووپێکی دژی فاشیستی لە نیوزلەند لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەم بارەیەوە بڵاوی کردووه‌تەوە و دەنووسێ:” فرسەت تەڵەبی حیزبی ڕاستی لیبراڵ و نئۆکۆنسێرواتیڤەکان بارودۆخێکی لەباری بۆ سەرهەڵدانی جەریاناتی بچوک بەڵام میلیتانت و ڕاسیستی بەدی هێناوە و گشت ئەمانە لە حاڵێکدایە کە گرایشاتی دژی فاشیستی بەردەوام لەژێر چاودێریدا بووە و بە پێچەوانە چاوپۆشی لە مەترسییەکانی جەریاناتی ڕاسیستی کراوە.

کاتێک کە ڕۆژی شەممە بکوژەکەیان بردە دادگا، لە حاڵێکدا کە بێدەنگی هەڵبژاردبوو، بەڵام بە حەرەکەتی دەست پێوەندی خۆی بە گرووپی ڕاسیستی” هێزی سپی” یەوە ڕاگەیاندبوو.

سەرۆک وەزیرانی نیوزلەند ئەو ڕۆژەی ناونا” ڕەش ترین رۆژی نیوزلەند”. شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ئه‌و كرده‌وه‌ی مەحکومی کردەوە و بە کردەوەیەکی” ترسنۆکانە و وەحشەتناک” ناوی برد. شوڕای ئەمنیەت هەروەها لە بەیانییەکەیدا وتویەتی کە” تیرۆریزم بە هەر شێوەیەک بەڕێوەبچێت، یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانە بۆسەر ئەمنیەت و ئاشتی جیهانی.” هەڵبەت لەم شپرەزە بازاڕیەدا هەموو ئەوانەی کە خۆیان دەستیان لە تیرۆریزمی نێو دەوڵەتیدا هەیە، هاتونەتە زمان و هەریەکە و بە شێوەیەک دەستی کردووە بە مەحکوم کردنی ئەم کردارە جەنایەت کارانەیە. لە پوتینەوە تا ترامپ و لە زەریفەوە تا ئه‌ردۆغان دەکرێ ناو ببەین. زەریف باس لە” تەزویر و ڕیاکاری ڕۆژئاوا لەدژی موسڵمانان لەژێر ناوی ئازادی بەیاندا” دەکا و لەبیری دەباتە کە کۆماری ئیسلامیی نە تەنیا یەکێک لە گەورە ترین سەرکوتگەرانی ئازادی بەیانە، بەڵکوو یەکێک لەو دەوڵەتە سەرەکیانەی هەناردەکاری تیرۆریزم و پشتیوانی لە جەریاناتی تا سەر ئێسقان تیرۆریستی ئیسلامیی لە دنیا دایە. ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا لەعنەتی نارد بۆ ئەو کەسانەی ئەم هێرشەیان ئەنجام داوە و بە هاسانی لەبیری چۆوە کە بەهەزاران کەس لە خەڵکی کورد لە تورکییە و سوورییە قوربانیانی ڕاستەوخۆی هێرشە نیزامی، تیرۆریستی و سەرکوتگەرانەکانی فاشیستی ئەون. ترامپ لە تویتێکدا نووسی کە” ئەمریکا بە هەموو هێزیەوە لەپاڵ نیوزلەنددا وێستاوە” و ئەم ڕستەیە لە زمان کەسێکەوە دەوترێت کە وەک فاشیست و ڕاسیستێکی تەواو عەیار لەسەروی دەسەڵاتی بەهێز ترین دەوڵەتی ئیمپڕیالیستی دنیادایە. کێ دەتوانێ لە بیری بچێتەوە کە ئەو تەنانەت بە بەسۆخرە گرتنی یاری پاڕلمانتاریزمی بۆرژوایی و دەور دانەوەی کۆنگرە و سێنای ئەمریکا بارودۆخی نائاسایی ڕاگەیاند تا بتوانێ بودجەی جێی مه‌به‌ستی خۆی بۆ دروست کردنی دیوارێکی ڕاسیستی بۆ بەرگرتن لە هاتنی کۆچبەرانی ئەمریکای باشوری بخرێتە بەردەست. کێ قسەکانی ترامپ سەبارەت بەوەی کە ئەم کۆچبەرانە” باندی مادەی هۆشبەر، قاچاغچی منداڵان، تیرۆریستەکان و هەڵگرانی نەخۆشیە گوازەرەوەکان”ن، لەبیر دەباتەوە و ئەمانە هەمان ئەو قسانەن کە لە زمان سەرجەم راسیستەکانەوە لە سەرتاسەری دنیادا دەبیسترێت. هەرسێ تیرۆریستە نیوزیلەندی، سوئێدی و نۆروێژیەکە لە مانیفێستەکانیاندا ئەم بیری ڕاسیستیەیان بە شێوەیەک دەربڕیوە.

له‌ڕاستیدا نیزامی سەرمایەداری هەموو گەنیویەکانی لە گۆشە و کەناری دنیادا پیشان داوە. لە ناخی بشیویەکدا کە ئەم نیزامە بەسەر دنیایدا سەپاندووە، بوارەکانی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە تیرۆریزمێکی بەدی هێناوە. تیرۆریزمی دەوڵەتانی سەرمایەداری بە ناوی هەناردە کردنی دێمۆکراسی بە هەمان ڕادە بێزلێكراوه‌ کە هەناردە کرانی تیرۆریزمی ئیسلامیی لە لایەن داکۆکی کارانییەوە و بەهەمان ئەندازە بێ ڕه‌حمه‌ کە هەر ٣ تیرۆریستەکەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا باس لە پاراستنی بەناو ئەرزشەکانی دژە خاریجی خۆیان دەکەن.

هەمان ئەو هێزەی کە ترامپی بەسەر شانی خۆیەوە ڕەوانەی کۆشکی سپی کرد هیچ شتێک نییە بێجگە لە دەربڕینی ڕاسیسزم، ناسیۆنالیزم و فاشیزم. ئەم تایبەتمەندیانە هەمویان هی دەورەکانی سەدەی ڕابردووە کە ئێستا جارێکی تر لە گۆشە و کەنارەکانی دنیا سەریان هەڵداوەتەوە، هەرچەند کە لەهەر وڵاتێک و مۆرکی خۆی لێدراوە. ئەم تایبەتمەندیانە نابێ پەردەیەکی داپۆشەر بن بۆ گشتیان بە شێوەیەکی یەکسان. فاشیزم و ڕاسیزمی ترامپ، لەگەڵ فاشیزم و ڕاسیزمی” بەرەی نه‌ته‌وه‌یی فەڕانسە”، ” حیزبی ئازادی هولەند”، و یان” حیزبی ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان” جیاوازی هەیە. هەروەها کە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی، داعش، ئەردۆغان، نێتانیاهتوو و حەماس بە یەکەوە جیاوازییان هەیە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، هەموویان لە ئۆرکێسرێکی واحد دا ئاهەنگ دەژەنن. هەمویان خوازیاری نیزامێکی دژی بێگانە، دژی کۆچبەرەی، دژی ژن و هارترین هێرشی سەرمایەن بۆسەر هەموو ئەو بایەخانەی کە کۆمۆنیستەکان، هێزە ئازادیخواز و پێشکەوتوەکان بۆ دەورەیەکی درێژ ماوە بۆ پاراستنیان شەڕیان کردووە. ئێستاش لە ناخی وەحشیگەرییەکدا کە گشت ئەمانەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، پێویستی بە ئاسۆیەکی ڕزگاریدەر و ئینسانی زیاتر لە هەمیشە هەست پێدەکرێت. بەشەریەت لە بەرانبەر پرسیاری گەورەی سۆسیالیزم و یان بەڕبەڕیەت دایە و ئێمە خۆمان سەربەو بەشە لە جیهان دەزانین کە بۆ سۆسیالیزم شەڕ دەکات.