کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕه‌مزی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی كرێكارانی مانگرتوو

download 3

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٢ی گه‌لاوێژ، مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی بۆ دوازده‌هومین ڕۆژی به‌رده‌وام درێژه‌ی بوو. ئه‌م مانگرتنه‌ كه‌ له‌ پاڵاوگه‌كانی ئابادان، قێشم، پێترۆشیمیی لامێرد، پارسیان و فازه‌كانی ٢٢ و ٢٤ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، له‌ ئێستادا پتر له‌ ٤٠ پاڵاوگه‌ و شیركه‌ت و وزه‌خانه‌ و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی گرتووه‌ته‌وه‌ و هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ مانگرتنی یه‌كگرتووانه‌ی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ به‌رده‌وامه‌ و ڕۆیشتووه‌ته‌ ٥٩مین ڕۆژی خۆیه‌وه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ درێژه‌ی ئه‌م مانگرتنانه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی هێپكۆ له‌ ئه‌راك، كرێكارانی خانه‌نشینكراوی موخابه‌راتی شیراز، كرێكارانی فه‌زای سه‌وز له‌ قێشم، شۆفیر ئۆتۆبووسه‌كانی تاران و مانگرتنی شۆفیر ئۆتۆبووسه‌كانی ورمێ به‌ خه‌باتی كرێكاران، پانتاییه‌كی تازه‌ی به‌خشیوه‌.

خواستی پێدانی ده‌ستبه‌جێی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كان، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی حه‌قده‌سته‌كان، لابردنی شیركه‌ته‌ پیمانكاره‌كان و قه‌راردادی كاتی و سپی ئیمزا، ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و په‌یگیر كردنی باردووخی دامه‌زراندن، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی به‌شی خسووسی شیركه‌ت، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كرێكارانی ده‌ركراو بۆسه‌ر كار و دابین كردنی بیمه‌ی ده‌رمانی، له‌ زومره‌ی سه‌ره‌كیترین خواستی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمییه‌. هاوكات بوون و درێژه‌ی ئه‌م مانگرتنانه‌ نیشانی ده‌دا كه‌ پانتایی هه‌ژاری و فه‌لاكه‌تی ئابووری بۆ زۆربه‌ی كرێكارانی ئێران ته‌حه‌مول ناكرێت و هیچ ڕێگایه‌كی بۆ پاشه‌كشه‌ نه‌هێشتووه‌ته‌.

مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و گاز و پێترۆشیمی و په‌ره‌سه‌ندنی له‌ پاڵاوگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ پاڵاوگه‌یه‌كیتر  و له‌ ناوه‌ندێكه‌وه‌ بۆ ناوه‌ندێكیتر، دیارده‌یه‌كی له‌ناكاو و چاوه‌ڕوان نه‌كراو نه‌بوو. باروودۆخی دژواری كار و ئه‌و بێ مافیانه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ له‌ كرێكاراندا سه‌پابوو، زۆر پێشتر، به‌ستێنه‌كانی وه‌ها مانگرتنێكی خوڵقاندبوو. كرێكارانی ئه‌م ناوه‌ندانه‌ نزیكه‌ی ٣٠ ساڵه‌ له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی په‌لاماری ڕژیمی كۆماری ئیسلامی دان بۆ هه‌رزان كردنی هێزی كار. یه‌كێك له‌ گرینگرین سیاسه‌ته‌كانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سه‌مایه‌ له ئێران پاش قۆناخی شه‌ڕی ئێران و عێراق كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانی ڕه‌فسه‌نجانی خاته‌مییه‌‌وه‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات، كاتی كردن، كه‌م كردنه‌وه‌ی حه‌قده‌ستی كرێكاران و هه‌رزان كردنی هێزی كاری سه‌نعه‌تی نه‌وت و پاشان پێترۆشیمی بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا، به‌ پڕۆژه‌ی كارمه‌ند كردنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پاش چه‌ند ساڵ به‌ سه‌پاندنی خانه‌نشینی پێشوه‌خت و كڕینه‌وه‌ی ئیجباری و  سیاسه‌تی بێكاركردن، له‌ سه‌نعه‌تی نه‌وت به‌ شێوه‌ی به‌ربڵاو، ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهات. پاشان به‌ پێی بڕیاری ده‌وڵه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت، به‌شێكی زۆر له‌ چالاكی و پیشه‌كانی سه‌نعه‌تی نه‌وت له‌وانه‌ پاڵاوتن، بڵاوكردنه‌وه‌، گواستنه‌وه‌ی ماده نه‌وتیه‌كان و به‌رهه‌مه‌كان و هه‌روه‌ها ڕۆن سازی و مه‌زروف سازی و خزمه‌تگوزاریه‌كانی دیكه‌ و نۆژنكردنه‌وه‌، به‌ شیركه‌ته‌ په‌یمانكاریه‌كان سپێردرا. شیركه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی ژێرده‌ستی وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌ دانی پاره‌ی كه‌ڵان به‌ شیركه‌ته‌ په‌یمانكاریه‌كان، واسته‌چیه‌تی و ده‌ڵاڵییان په‌ره‌پێدا و به‌هه‌موو جۆرێك خۆیان له‌ دابین كردنی مافی كرێكاران له‌ بوار حه‌قده‌ست و حه‌قی بیمه‌ و كه‌ره‌سته‌ی ئیمه‌نی، دزییه‌وه‌.

به‌ پێی ئاماره‌كان، سه‌نعه‌تی نه‌وت له‌ سه‌ره‌تاكانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌د، ٩٠ هه‌زار هێزی كاری ڕه‌سمی و ١٦٠ هه‌زار هێزی كاری ناڕه‌سمیی و كاتیی بووه‌، واته‌ نزیكه‌ی ٦٤ له‌سه‌د و به‌ پێی ئاماره‌ سه‌ربه‌خۆكان نزیكه‌ی ٧٥ له‌سه‌دی كرێكاران، قه‌راردادی كاتییان هه‌یه‌. له‌ پێترۆشیمیه‌كانیش پتر له‌ ٥٠ له‌سه‌دی كرێكاران، قه‌راردادی كاتییان هه‌یه‌ و ئه‌م ڕه‌قه‌مه‌ش له‌ ماوه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌رده‌وام ڕۆیشتووه‌ته‌ سه‌رێ. په‌ره‌پێدانی ئه‌م قه‌باره‌یه‌ له‌ قه‌راردادی كاتی، یه‌كێك له‌ هه‌وڵه‌ مێژووییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌داری له‌ ئێران، بۆ هه‌رزان كردنی هێزی كار، به‌ئه‌ژمار دێت. ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ ماوه‌ی پتر له‌ سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو، به‌ كرده‌وه‌ دژه‌ كرێكاریه‌كانی، بابه‌تی ڕێكخستنی و ڕێكخراوبوونی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاریی، له‌و دوو سه‌نعه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ گه‌لێك كۆسپ و به‌ربه‌ست به‌ره‌وڕوو كردووه‌. له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا كرێكارانی دامه‌زراوی ئه‌م ناوه‌ندانه‌، به‌رده‌وام له‌ژێر چاوه‌دێر و كۆنتڕۆڵی توندی حه‌راسه‌تدا بوون‌ كه‌ خۆی ژێرفه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌. هه‌تا ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری به‌ تۆمه‌تی جۆراوجۆر ده‌ستبه‌سه‌ر و یان له‌سه‌ر كار ده‌ركراون. ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی حه‌راسه‌ت به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن چالاكانی كرێكاری، به‌خاتری په‌یوه‌ندی گرتنیان له‌گه‌ڵ كرێكارانی به‌شه‌كانی دیكه‌، به‌ توندی بخه‌نه‌ ژێر چاوه‌دێرییه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ مانگرتنی یه‌كپارچه‌ و هاوئاهه‌نگی پتر له‌ ٤٠ پاڵاوگه‌، شیركه‌ت، وزه‌خانه‌  و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان له‌ سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی، به‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ میدیاییه‌ی كه‌ بوویه‌تی، نیشانه‌ی هێز و توانای ئه‌م به‌شه‌ له‌ كرێكارانه‌ و خاڵێكی وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێراندا. ئه‌م شه‌پۆله‌ له‌ مانگرتنی كرێكاری، هه‌روه‌ها نیشانی دا كه‌ ئاڵوگۆڕی سیاسیی چند ساڵی ڕابردوو و به‌تایبه‌ت ئاخێزه‌ سه‌تاسه‌ریه‌كانی ٩٦ و ٩٨، چلۆن ڕێگایان بۆ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی كرێكاری خۆش كرد و بوون به‌ بزوێنه‌رێكی به‌هێز بۆ خه‌باتی ئابووری و سیاسی و هه‌روه‌ها مه‌یلی ده‌روونیی كرێكارانیان بۆ خه‌بات په‌ره‌پێدا.

له‌ باردووۆخی ئێستادا كه‌ مانگرتنی كرێكارانی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی، ١٣مین ڕۆژی خۆی وه‌پشت سه‌ر ده‌نێ، پاراستنی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی كرێكاران یه‌كێك له‌ گرینگرین ئه‌ركی هه‌ڵسووڕاوان و پێشڕه‌وانی كرێكاری له‌ جه‌ریانی ئه‌م مانگرتنانه‌ دایه‌. له‌ ئێستادا كه‌ پتر له‌ ٤٠ پاڵاوگه‌، شیركه‌ت، وزه‌خانه‌ و ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان له‌ مانگرتندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، خۆڕاگری له‌ به‌رامبه‌ر گوشاره‌كان و پاراستنی په‌یوه‌ندیی نزیكی كرێكاران له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كان و ده‌خاڵه‌ت دانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌وان له‌ بڕیاردان نیسبه‌ت به‌ هه‌رجۆره‌ ئاڵوگۆڕێكی تازه‌ كه‌ پێش دێت‌، ڕه‌مزی پاراستنی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی كرێكارانه‌.  ته‌نیا له‌م ڕێگایه‌وه، ده‌كرێ هه‌وڵی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكار بۆ پشت گوێ دانی داخوازیی كرێكاران و فڕ و فێڵه‌كانیان بۆ ناكۆكینانه‌وه‌ و شكست دانی مانگرتنه‌كان، پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌. له‌و بواره‌دا بێ گومان به‌كارهێنانی ئه‌زموونی هه‌ڵسووڕاوان و ڕێبه‌رانی مانگرتنی هه‌فت ته‌په‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی و ده‌خاڵه‌ت دانی ڕاسته‌وخۆی كرێكاران له‌ بڕیاردانه‌كان، ده‌توانێ له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی كرێكارانی مانگرتوو، یه‌كجار كاریگه‌ر بێت.