کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ( بەشی سێهەم)

17

یکشنبه – ۱۴ بهمن – ۱۳۹۷ , 03 – 02 – 2019

17

ئەم بارودۆخە و ناکارایی سەرکوتگەری لە زەرفیەتی ئێستادا و ڕەوتی بەرەو کامڵ بوونی مانگرتنی کرێکاری و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە هەمانحاڵدا دەتوانێ زەمینە خۆشکەری نزیک بوونەوەی کۆمەڵگا لە مەوقعیەتی شۆڕشگێڕانە بێت، ئەم پرسیار و هۆشدارەشی لەبەردەم دایە کە سپای پاسداران وەک هێزێک ئەهرومەکانی سەرەکی دەسەڵاتی لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا و بە قەوڵی روحانی هەم تفەنگ، هەم پارە، رۆژنامە و سایت و هەواڵنیری لەبەر دەستدایە لەبەرانبەر ئەم بارودۆخەدا چی دەکات؟ کادری ڕێبەریی سپای پاسداران ئاگاداری ئەوەیە کە لە ساختاری حکومەتی ئێستادا ناتوانێ هەموو زەرفیەتەکانی سەرکوتی ئەم حیزبە پادگانییە بەکار بێنێ. سپای پاسداران کە وەک حزبێکی پادگانی و بە ستراتیژی سیاسیەوە دەجوڵێتەوە بە ئاگادار بوون لە پێویستی ئاڵوگۆڕی پێکهاتەی سیاسی حاکم لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی سەرمایەداری ئێران، بە ئاگادار بوون لە “مەترسی” سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی کرێکاری و جەماوەری و بەرپا بوونی باهۆزێکی کۆمەڵایەتی، بە پێشبینی چالاک بوونەوەی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان بۆ شکڵدان بە ئاڵترناتیوی جێی سەرنجی خۆیان چ نەخشە و پیلانێکیان بۆ پاراستنی ئەم نیزامە گەنیوە هەیە؟

ئەوەی کە روون و ئاشکرایە کادر و ڕێبەریی و فەرماندەیی سپا لە عەینی زمانبازی و خۆ گیف کردنەوە و هەڕەشەی بێ ناوەرەۆک لەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا، بەڵام لە عالەمی واقع دا هەنگاو بە هەنگاو لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکا و ١٢ مەرجەکەیدا پاشەکەشە دەکات و ئەگەری هەیە کە ئاخێزی بزوتنەوەی کرێکاری و بەرەو پێش چوونی ناڕەزایەتیەکان لە ئاستی کۆمەڵگادا، و قوڵ بوونەوەی بزوتنەوە متالباتیەکان، سپا لە هەوڵی ئەوەدا بێت بە لادانی کەسانی دەست و پاگیر لە نێوخۆی ساختاری حکومەتدا، دەسەڵات بە شێوەیەکی تەواو و کەماڵ بخاتە ژێر چنگی خۆیەوە و بە نیزامی کردنی فەزای سیاسی کۆمەڵگا و بە پیشاندانی زەرفیەتەکانی بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە، ڕەزامەندی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان بۆلای خۆی ڕابکێشێت. ئەم بارودۆخە لە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری وبزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان گشت هێزەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران کە لە هەوڵدان سەهمێکیان لە زەمانەت کردن و بە سەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێراندا هەبێت دەخوازێت تا بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسیانەی ئەگەری هەیە لە گۆڕێدا بن خۆیان تەیار و ئامادە بکەن.

بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسیانە، پێویسته‌ کە مانگرتن و ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان و بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی بەر لەوەی کە سپای پاسداران توانیبێتی بە میلیتاریزە کردنی فەزای کۆمەڵگا هەموو زەرفیەتەکانی سەرکوتی خۆی بخاتە کار، بە ڕادەی پێویست بەرەو پێش چووبێتن کە نە تەنیا سپای پاسداران نەتوانێ سەرکوتیان بکات، بەڵکوو بەرەی خەبات و شۆڕش بتوانێ بە گشتگیر کردن و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و خەباتی جەماوەری و بە مانگرتنی سیاسی جەماوەری دەزگای سیاسی، ئیداری و ئابووری حاکم ئیفلیج بکەن. مانگرتنی سیاسی جەماوەری لە دەورەیەکدا کە کۆمەڵگا لە قۆناغی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە دەتوانێ یەکڕیزی و سەقامگیری نێو هێزە چەکدارەکان و تەنانەت سپای پاسداران تێک بشکێنێت و کەلێن بخاتە نێوانیانەوە.

لە بارودۆخی ئێستادا و لە ڕاستای ئامادەیی بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەگەری مەترسیەکان، بردنەسەری دەستکەوتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و یارمەتی گەیاندن بە سەرتاسەری کردنەوەی ئەم بزوتنەوانە و بابەتی تەشەکول یابی پێویستە لە مێحوەری چالاکیەکانی هەڵسوڕوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا بێت. لە بارودۆخێکدا کە هاوسەنگی هێز بە زیانی دوژمن و بە قازانجی بەرەی کرێکاران و خەڵکی توڕە و ناڕازیە و بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندایە، بەهەر ڕادەیەک بکرێت بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران و توێژی بێبەشی کۆمەڵگا بە داخوازی ڕوونی ئابووری و سیاسی گشتگیر و سەرتاسەری بکرێتەوە بواری گونجاو تر بۆ بەرەو پێش چوون و کامڵ تر بوونی ئەم خەباتە فەراهەم بکرێت. لەسەر بەستێنی گشتگیر بوونی بزوتنەوەی متالباتی و بە هەست بە بەرپرسیاریەتیەوە لە بەرانبەر چارەنووسی ئەم بزوتنەوەیە دایە کە تواناییەکان و زەرفیەتەکانی ئەحزاب و سازمان و هێزە کومونیستەکان دەکرێ لەخزمەت سازمانیابی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری و شکڵ گرتنی ڕێبەرییەکی ڕۆشن بین و شۆڕشگێڕ دا بێت، پایە کۆمەڵایەتیەکانی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی سەر و سامان بگرێت و بزوتنەوەی کرێکاری وجەماوەری بە ئامادەگی زیاترەوە بەرانبەر مەترسیەکانی بەردەمی بوەستێتەوە و پێ بنێتە نێو قۆناغی شۆڕشگێڕانەوە. چالاکی تەشکیلاتی لە شوێنەکاندا و تەبلیغاتی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەبێ یارمەتی دەری پەیوەستەگی و هەرچی جەماوەری تر بوونەوە و سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان بێت. نابێ ئیجازە بە سپای پاسداران بدرێت بەرلەوەی کە بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی جەماوەری ئامادەیی پێویستیان لە ڕیزەکانی خۆیاندا بەدیهێنابێت و بە ئەندازەی کافی بەهێز بووبێتن، نەبەردی کۆتاییان بەسەردا بسەپێندرێت.