بەمجۆرە بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە پلینۆمی چوارەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٢ی گوڵانی ١٤٠٥، بەرامبەر لەگەڵ ٢ی ئایاری ٢٠٢٦، بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەها ژمارەیەک لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و کۆمیتەی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب کە وەک چاودێر بانگهێشت کرابوون، بەڕێوەچوو.
پلینۆم بە سروودی ئەنتەرناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی پێکرد.
دەستووری کاری پلینۆم بریتی بوو لە:
۱. ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتیی کۆمیتەی ئیجرایی حیزب بە پلینۆم.
۲. تاوتوێکردنی چەند بڕیار و پەسەندکراوی ناوخۆیی حیزب.
۳. دابەشکردنی کار و ئەرکەکانی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب.
ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ئیجرایی، دوای لەبەرچاوگرتن و گونجاندنی تێبینییەکانی هاوڕێیانی بەشداربووی پلینۆم، وەک بەڵگەنامەیەکی حیزبی کە بنەمای کار و ئەرکەکانمان دەبێت تا پلینۆمی داهاتوو، بە کۆی دەنگ پەسەندکرا. ئەم ڕاپۆرتە دواتر لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.
پلینۆم لە دوایین بەشی کارەکانیدا، هاوڕێیان: سەروە ناسری، ئیبراهیم عەلیزادە، فەرشید غەفارنژاد، فەرەیدوون نازری و ئەسعەد ڕۆستەمی، وەک کۆمیتەی ئیجرایی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەستنیشان کرد.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٢ی گوڵانی ١٤٠٥
٢ی ئایاری ٢٠٢٦
