پێشوەختە یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتی چینی کرێکار، لە هەموو کرێکاران، زەحمەتکێشان و سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا خەبات دەکەن، پیرۆزبایی دەکەین.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەرەو پێشوازیی ڕۆژی کرێکار دەچین کە بارودۆخی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی جیهان بەتایبەت کرێکاران، زەحمەتکێشان و توێژە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگا، بەچەند قات دژوارترە لە ڕابردوو. ئەگەرچی لە هەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو گەشەیەکی ئابووریی کەم دەبینرێت و هەڵاوسان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ۲۰۲۵ تاڕادەیەک دابەزیوە، بەڵام لە زۆرێک لە وڵاتەکانی لەحاڵی گەشەکردندا، قەیرانەکانی وەک قەرز، بێکاری، گرانی، هەژاری و نەبوونی ئەمنییەتی خۆراک هەروا بەردەوامە. کەلێنی ئابووری لە نێوان وڵاتان و هەروەها لە ناوخۆی کۆمەڵگاکاندا پەرەی سەندووە و هۆکارگەلێکی وەک گرژییە سیاسییەکان، شەڕ و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە، دەورێکی سەرەکییان لە خراپتربوونی ئەم دۆخەدا هەبووە.
ئەمڕۆ ژیانی بنەماڵەی کرێکاران و موچەخۆران بەجۆرێکە کە داهاتی مانگانەیان بە زەحمەت وەڵامدەرەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە. لەخوارەوەبوونی حەقدەست لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووەکانی ژیان، بەرێچوونی ئەمتوێژەی لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ بەرەوڕوو کردووەتەوە. بەشێکی زۆری داهاتەکەیان بۆ هەزینەکانی وەک کرێی خانوو، خۆراک، جلوبەرگ، وزە و گواستنەوە خەرج دەکرێت. زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچار بوون بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیان وەلابنێن، خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە و واز لە بەرنامە خۆشگوزەرانییەکان بهێنن. لە ئاوا بارودۆخێکدا، تەنانەت هەبوونی کارێکی جێگیر و بەردەوامیش ئەمنییەتی ئابوورییان گەرەنتی ناکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەک سندوقی نێودەوڵەتیی دراو و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاسەوارە وێرانکەرەکانی شەڕ لە ساڵی ۲۰۲۶دا نەک هەر پەرەیان سەندووە، بەڵکوو ڕەهەندی ئاڵۆزتریان بەخۆوە گرتووە. شەڕەکان ژیانی ملیۆنان مرۆڤیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و بوونەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و قەیرانە مرۆییەکان. بەرزبوونەوەی نرخی وزە و ماددە خۆراکییەکان، پەککەوتنی زنجیرەکانی دابینکردن و گوشاری ئابووری بۆ سەر توێژە کەمداهاتەکان، لە زومرەی گرینگترین لێکەوتەکانی ئەم دۆخەن. لە تەنیشت ئەمانەشدا، کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ زۆر قووڵ و بەربڵاون. دڵەڕاوکێ، نائەمنی، خەمۆکی و بێبەشبوون لە خوێندن، بەتایبەت لە نێوان منداڵاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. شەڕەکان چوارچێوەی سنوورە جوگرافییەکانیان تێپەڕاندووە و شوێنەوارەکانیان لە ڕێگەی ئابووریی جیهانی و کۆچبەرانەوە، تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا، خەڵکی ئێران بەتایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشان و بنەماڵەکانیان، لەگەڵ گوشاری توندی ئابووری، ئەمنییەتی، بێکاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەوڕوون. بەشێکی بەرچاوی سامانی گشتی لەپێناو هەزینە سەربازییەکاندا خەرج دەکرێت و ئەو بەشە کەمە خزمەتگوزارییانەش کە هەبوون لەوانە خوێندن، تەندروستی و پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان، لەچاو جاران گەلێک کەمتر بوونەتەوە یان بەتەواوی لەناو چوون. ئاوارەیی، ناسەقامگیری، کێشەی بژێوی و ترس و دڵەڕاوکێ بووەتە واقیعێکی ڕۆژانەی ژیانی زۆرێک لە بنەماڵەکان.
ئەم شەڕانە دەرئەنجامی ململانێی زلهێزەکانە لەسەر سەرچاوەکان، دەسەڵات و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و هیچ پەیوەندییەکی بە باشتربوونی ژیانی خەڵک و کرێکاران و توێژە کەمداهاتەکانەوە نییە. لەم ناوەندەدا، خەڵک و بەتایبەت بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، قوربانییانی سەرەکی ئەم بارودۆخە نا هەموارەن. لەمڕووەوە نەک هەر نابێت پشتگیری لە هیچ کام لە لایەنەکانی شەڕ بکرێت، بەڵکوو دەبێت شەڕ و خوڵقێنەرانی شەڕ ئیدانە بکرێن و بەوپەڕی وشیارییەوە جەخت لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشە مرۆیی و چینایەتییەکان لە دژی شەڕ و نایەکسانی بکرێتەوە.
لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاری ئەمساڵدا لە لە ئاوا بارودۆخێکدا، دەبێت جەخت لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوپشتی نێوان توێژە چەوساوە و ستەمدیتووەکانی کۆمەڵگا بکرێتەوە. دەبێت بەرگری لە مافە سەرەتاییەکانی وەک مووچە، ئەمنییەتی پیشەیی و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە بنەڕەتییەکان ژیان بکرێتەوە. دژایەتیی شەڕ و توندوتیژی بکرێت و لەسەر کۆتاییهاتنی دەستبەجێی شەڕ و ماڵوێرانییەکان جەخت بکرێتەوە. بە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و هاوکاریی کۆمەڵایەتی، ڕێگری بکرێت لە پرشوبڵاویی و لاوازیی هەرچی زیاتر.
