له ڕۆژانی ڕابردوودا، ژن و پیاوێكی خه‌ڵكی بۆكان و لاوێكی په‌یڕه‌وی ده‌راویشی گونابادی له شاری ئابدانانی ئیلام به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و گوشاری ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیم ده‌ستیان داوه‌ته خۆكوژی.
به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، ژن و پیاوێكی خه‌ڵكی گوندی “شێخله‌ر”ی سه‌ر به شاری بۆكان به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕێگه‌ی خواردنی حه‌به‌وه ده‌ستیان داوه‌ته خۆكوژی كه ژنه‌كه ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ست داوه و پیاوه‌كه هێشتا له نه‌خۆشخانه له‌ژێر چاودێری پزیشكی دایه. هه‌روه‌ها لاوێكی په‌یڕه‌وی دهراوێشی گونابادی له شاری ئابدانان به ناوی “فائێز سه‌عاده‌ت” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ، به‌هۆی وه‌رنه‌گیرانی له كاتی دامه‌زراندن له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه، خۆی فڕێ داوه‌ته نێو چۆمی سیروان و گیانی له ده‌ست داوه.