کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

هەڵبژاردنی تورکیە و ئەو چاوەروانیانەی کە وڵام وەناگرنەوە

هەڵبژاردنی پاڕڵمانی تورکیە رۆژی یەکشەممە ٧ ی مانگی ژوئه‌ن بەڕێوە دەچێت. بە واتایەکی تر کەمتر لە ٢ حەفتەی ماوە بۆ بەڕیوەچونی ئەم هەڵبژاردنە. رقابەت و تەبلیغاتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی بێ وێنە لە ئارادایە. هەموو جۆرە شکڵ و شێوە و ئامرازێک بۆ لە مەیدان کردنەدەرەوەی رەقیبەکان لە کەمپەین و کارزارەکانی هەڵبژاردندا بەکار دەهێندرێت. ئەحزابی دەرگیر، سیما سەرەکیەکانی خۆیان ناردۆتە مەیدانی خەباتی تەبلیغاتیەوە. چەند حیزبی گەورە بە گرایشاتی جۆراو جۆر لە رەگەز پەرست و ناسیۆنالیستی تورکەوە گرتویەتی تا ئەحزابی ئیسلامی لە رقابەتی هەڵبژاردندا دەرگیرن بەڵام، رقابەتی سەرەکی لە نێوان حیزبی داد و گەشەپێدان ی ئوردوغان ( آ ک پ) و حیزبی دیموکڕاتیکی گەلان ( ‌ه د پ) بە رێبەری ” سەلاحەالدین دمیرتاش” سیاسەتمەداری کورد لە ئارادایە. کانونی رقابەتەکانی نێوان ئەم ٢ حیزبە ناوچە کورد نشینەکانی تورکیەیە. مەرجی چونە پاڕڵمان بەدەست هێنانی ١٠ لەسەدی سەرجەم دەنگی دەنگدەرانی تورکیەیە.ئۆردوغان و سەرانی حیزبی داد و گەشە لە هەوڵێکی توند دان تا بەربە چونی “حیزبی دیموکراتیکی گەلان” کە لە لایەن بەشێکی بەرین لە خەڵکی کوردستان، باقی کەمینەکانی دانیشتوی تورکیە و توێژێک لە شارۆمەندانی تورک زمانەوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ پاڕڵمان بگرێت. ئۆردوغان و حیزبەکەی کە لەماوەی ١٣ ساڵی دەسەڵاتداریدا نەتەنیا گرێیەکیان لە کێشەو گرفتەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی تورکیە نەکردۆتەوە، هەموو وەعدە و بەڵێنەکانی بە خەڵکی کوردستان بێ وڵام هێشتۆتەوە و لە وەجەریان خستنی رواڵەتیی پرۆسەی سوڵح و ئاشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان وەک ئامرازێک لە راستای لاواز کردنی ئەحزابی جێی پشتیوانی خەڵکی کوردستان کەڵک وەردەگرێت، حیزبی دیموکراتیکی گەلان وەک کۆسپێک لە راستای درێژەی سیاسەتەکانیدا دەبینێ و هەوڵ ئەدات، بەهەر نرخێک بووە بەربە چون بۆ پاڕڵمانی ئەم حیزبە بگرێت.440

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، شەخسی ئۆردوغان و باقی رێبەرانی حیزبەکەی غەریب ترین ئامرازە تەبلیغاتیەکانیان بۆ لە مەیدان کردنەدەرەوەی حیزبی دیموکراتیکی گەلان و شەخسی ” سەلاحەالدین دمیرتاش” یان بەکارهێناوە. ئۆردوغان لە یەکێک لە نمایشەکانی هەڵبژاردنی حێزبەکەیدا لە شاری ” سیرت” بە بەدەستەوە گرتنی جڵدێک قورئانی تەرجومە کراو بە زمانی کوردی، بە زەرتشتی لە قەڵەمدانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان و پ کا کا، هێرشی کردە سەریان. ئەم کردارەی ئۆردوغان لەژێر ناوی کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە دین و قورئان لە تەبلیغاتی هەڵبژاردندا، لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا رەخنەی توندی لێگیرا. بۆمب دانان و هێرش کردنە سەر دەفتەر و ناوەندەکانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنی ( ه د پ) لە ” میرسین” و ” ئادنا” کە دەوترێ شوێنەواری داعشی پێوە بیندراوە وەک پیلانی دەزگا ئەمنیەتیەکانی تورکیە لە راستای لە مەیدان کردنە دەرەوەی ( ه د پ)یشدا دەبیندرێت.

بە چونی ه د پ بۆ پاڕلمان ” آ ک پ” زۆرینە پارلمانیەکەی لە دەست ئەدات. بەم ئیعتیبارەوە دەبێ دەوڵەتێکی ئیئتیلافی پێک بێنێ و لە ئاوا باردۆخێکدا توانایی گۆڕینی قانونی ئەساسی لە راستای سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا لە پاڕلمانیەوە بۆ سەرۆک کۆماری نابێت. لە لایەکی دیکەوە بە چونی ” ه د پ” بۆ پارلمان دەنگی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر لەنێوخۆ و دەرەوەی سنورەکانی تورکیە دەبیسترێت. ئۆردوغان بۆ پاراستنی زۆرینە پارلمانیەکەی پێویستی بە نیوەی زیاتر لە ٥٥٠ کورسی پارلمانی تورکیە هەیە. لە حاڵێکدا بەپێی ئاخرین راپرسیەکانی دامەزراوەی “کوندا” لەمانگی مەیدا، حیزبی داد و گەشەپێدان ٤٠،٥ لەسەدی دەنگەکان بەدەست دێنێ، لە حاڵێکدا حێزبی دیموکراتیکی گەلان ( ه د پ) ١١،٥ لەسەدی دەنگەکان بۆخۆی دەبات و دەست بەسەر زیاتر لە ٥٠ کورسی لە کورسیەکانی پارلمانی تورکیەدا دەگرێت. لەم حاڵەتەدا ئۆردوغان دوای ١٣ ساڵ دەسەڵاتداری تامی یەکەم شکست تەجروبە دەکات.

هەر بەو جۆرەی ئاماژەمان پێکرد لە بەرانبەر ئۆردوغاندا ” سەلاحەالدین دمیرتاش” و حیزبی دیموکراتیکی گەلان قەراری گرتوە. دمیرتاش ئەم سیاسەتمەدارە لاوە کوردە کە لە رشتەی مافدا خوێندویەتی وەک موبەلغێکی بەتوانا و رەقیبی ئۆردوغان باسی دەکرێت کە لە تەبلیغاتی هەڵبژاردنی حیزبەکەیدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە تەرکیە، گەلێک جار رایگەیاندوە کە مەسەلەی کورد لە قەندیل نییە بەڵکو لە دیاربەکر، ئیستانبول و باتمانە. دمیرتاش لە بەرانبەر کەڵک وەرگرتنی ئۆردوغان لە دین وەک ئامرازێکی تەبلیغاتی دەڵێت کە ” قیبلەی ئەو لە مەیدانی تەقسیمە” و ئەگەر حیزبەکەی نەتوانێ سنوری ١٠ لەسەد تێپەڕێنێ دەست لە پۆستی رێبەری حیزبەکەی هەڵدەگرێت.

ئەگەر ئۆردوغان دەنگی خەڵکی کوردستان وەک ئامرازێک لەدژی خودی خەڵکی کوردستان و جیاکردنەوەی بزوتنەوەی جەماوەری ئەم خەڵکە لە ئەحزابی جێی پشتیوانییان بەکاردێنێ، دمیرتاش و حیزبەکەی بەڵێنی ئەدەن کە دەنگی خەڵکی کوردستان و باقی شارۆمەندانی تورکیە بۆ دەستەبەر بوونی دیموکراسی و لەخزمەت پرۆسەی ئاشتیدا بەکار دێنن.

ئەم هەڵبژاردنە کە لەسەر ناوەرۆکی شەڕ و ئاسەوارە ناهەموارە ئینسانیەکانی لە خاوەرمیانەدا بەڕێوەدەچێت، کاریگەری ناوچەیشی لەسەرە. بەم ئیئعتیبارەوە بەڕێوەچونی ئەم هەڵبژاردنە لە نێوان ئەحزابی چالاک لە هەر چوار بەشی کوردستاندا جەمسەر بەندی جیدی پێکهێناوە. ژمارەیەکی زۆر لە ئەحزابی کوردستانی بە ناردنی هەیئەت بۆ کوردستانی تورکیە پشتیوانیان لە ( ه دپ) کردوە لەم هەڵبژاردنەدا و هه‌ندێکیشیان پشتگیری مادی و مەعنەوەی خۆیان بۆ ( آ ک پ) نیشانداوە.

،یتانیس بورنوس” جێگری دەبیری گشتی و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی حیزبی سیریزای یۆنانیش بۆ راگەیاندنی پشتیوانی لە ه. د. پ لە کۆبونەوەی ئەم حیزبە لە شاری ئیزمیر کە رۆژی شەممە ٢٣ ی مانگی مەی بەڕێوەچو بەشداری کردبوو. ئەو لە سوخەنرانیەک لەم مەڕاسمەدا بە راگەیاندنی هەڵوێستی حیزبەکەی لە بەرانبەر سەرمایەداریدا، باسی لە پێویستی یەکێتی گەلان کردوە و وتویەتی:”سیریزا دەستی کردوە بە پێوەندی کردن بە هەموو ئەحزابی دیموکڕاتیکەوە و لەسەر ئەو بروایەیە کە کلێلی چارەسەری کێشە و گرفتەکان یەکتر قەبوڵ كردن و وتووێژە.”

تەحریکاتی ئەڕتەشی تورکیە لە سەرودەمی هەڵبژاردندا لە ناوچە کورد نشینەکان و ئەگەری داسەپاندنی تێکهەڵچونی نیزامی بەسەر پ کا کا دا لە راستای تێکدانی ئارامشی جێی پێداویستی هەڵبژاردن یەکێک لە نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستانە لەم رۆژانەدا. چەندین حەفتەیە کە ملاقات لەگەڵ عەبداللە ئۆجەلان تەرەف حیسابی دەوڵەتی تورکیە لە پرۆسەی ئاشتیدا بڕاوە. دەست بردن بۆ تەقەلوب و نارۆشنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنیشدا یەکێکی تر لە نیگەرانیەکانی لایەنگرانی ” ه د پ” و خەڵکی کوردستانە.

دوترێ ئەگەر حیزبی عەداڵەت و تەوسعە بتوانێ بە دەنگی زۆر و بە بەرگرتن لە چونی ” ه. د. پ ” بۆ پارلمان سەرکەوتن مسوگەر بکات، چارەنوسی پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان دیارنییە چی بەسەر دێت.

قەیرانی سیاسی داوێنگیری دەوڵەتی ئیسلامی لە تورکیە دوای شکستی ئیسلام گەرا لیبڕاڵەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەو مەقبوڵیەتەی کە سەرانی آ ک پ خەونیان پێوە ئەبینی لێ ئەستاندون. ئابووری تورکیەش کە توانیبووی بۆ دەورەیەک تا ئاستێک خۆی لە ئاسەوارەکانی قەیرانی ئابووری جیهانی بەدور بگرێت، لە ٢ ساڵ لەوەپێشەوە رەوتی نزم بوونەوە دەپێوێ و چۆتە قۆناغێکی رکودەوە. داخوازی ئاشتی لە کوردستانیش ئەگەرچی لە پشتیوانی گەلێک بەرینی جەماوەری بەهرەمەندە، بەڵام وتووێژی پشتی پەردە سەبارەت بەو بابەتە بە سیاسەت و کرداری فریوکارانەی ئۆردوغان دەمێکە چەقی بەستوە. ئەم وتووێژانە بۆ بەرگرتن لە پێوەندی خەباتی ئازادی خوازانە و رەوای خەڵکی زۆر لێکراوی کوردستان لەگەڵ خەباتی پێشڕەوی کۆمەڵایەتی لە ئاستی سەرتاسەریدا لە تورکیە، ئیستیفادەی ئەبزاری لێ دەکڕیت.

راپرسیەکان و پێكهاتەی ئەو هێزانەی لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیەدان نیشانی ئەدات کە حیزبی داد و گەشەپێدان لە هەموو حاڵەتێکدا دوتوانێ بە پێکهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تی لەگەڵ هێزەکانی تر و یان بەتەنیایی دەوڵەتی داهاتوی تورکیە پێکبێنێ. بەڵام نە دەوڵەتی ئۆردوغان و نە رەقیبەکانی لە ئوپوزسیۆندا هیچکامیان نوسخەیەکی جیاواز لەوەی تا ئێستا بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگای تورکیە هەیانبوە ناپێچنەوە. هەڵبژاردنی پاڕلمانی تورکیە سەرەڕای گرنگیەکی نیسبی سیاسی کە هەیەتی لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا، وڵامی ئەو ئینتیزار و چاوەڕوانیانەی لە کۆمەڵگای تورکیەدا بەدی هێناوە ناداتەوە. ئەم هەڵبژاردنە نابێتە سەرچاوەی ئاڵوگۆڕ و هەر ئاکامێکی لێبکەوێتەوە، تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی بە هێزە سیاسیەکانی مەجود لە گۆڕەپانی پاڕلماندا هەیە، دەرگا هەر لەسەر هەمان پاشنەی پێشو دەسوڕێتەوە.