شه‌وی سێشه‌ممه ٢ی مانگی ڕه‌شه‌ممه، به‌ندكراوێكی ژن له زیندانی ورمێ به‌ناوی “سوهه‌یلا محه‌ممه‌دی” خه‌ڵكی سه‌ڵماس، له ناڕه‌زایه‌تی به ڕهتكردنی داواكاری لێبوردنی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی زیندانه‌وه، له چێشتخانه‌ی ئه‌و ناوه‌نده به چه‌قۆ هه‌وڵی خۆكوژی دا.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، “سوهه‌یلا محه‌ممه‌دی” ته‌مه‌ن ٣٠ ساڵ پاییزی ساڵی ٩٩ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیمه‌وه له شاری سه‌ڵماس به تۆمه‌تی “هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له حیزبه نه‌یاره‌كانی ڕژیم” ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ لێپرسینه‌وه ڕاگوێزی گرتووخانه‌ی ورمێ كرابوو، ناوبراو پاش ته‌واوبوونی قوناغه‌كانی لێپرسینه‌وه به پێنج ساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكووم و بۆ به‌ندی زیندانی ورمێ گوازرایه‌وه. جێگای ئاماژه‌یه كه ناوبراو له‌ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانه‌وه ئه‌شكه‌نجه و ئازار دراوه و له مافی پێدانی مه‌ره‌خه‌سی بێبه‌ش و داوانامه‌ی لێبوردنهكهشی ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه، ناوبراو پاش خۆكوژی له ده‌رمانگای زیندان له ژێر چاودێری پزیشكی دایه.