به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ، چاره‌نووسی سێ به‌ندكراو به ناوه‌كانی “ئه‌شكان فه‌هیم” و “ڕه‌زا ئه‌ندیشه” خه‌ڵكی مهاباد و “ئارام ئازاد” خه‌ڵكی شاری سنه پاش ده‌ستبه‌سه‌ركرانیان له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ناڕوون و نادیاره.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزەکانی سپای پاسداران به‌یانی هه‌ینی ٢٤ی خه‌رمانانی ١٤٠٢، لە کاتێکدا کە دەموچاویان داپۆشی بووە، دوای شکاندنی دەرگای ماڵی “ئه‌شكان فه‌هیم” و “ڕه‌زا ئه‌ندیشه” بە دەستڕێژی گوللە، چوونەتە ناو ماڵەکانیان و بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. شایانی باسه كه بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە لەسەر بارودۆخی کوڕەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان و تەنانەت باری تەندروستییان لە بەردەستدا نییە. له‌لایه‌كی دیكه‌وه زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر كاتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خه‌ڵكی سنه بە ناوی “ئارام ئازاد” تێپه‌ڕ ده‌بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو كۆتاییه‌كانی مانگی به‌فرانیاری ساڵی ڕابردوو له یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی شاری سنه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و به مه‌به‌ستی دانپێدانانی زۆره‌ملێ به‌سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه و ئازار دراوه.