کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ماتەمی کۆماری ئیسلامی و شادمانی خەڵک لە پەڕاوێزی دەرچوونی تیمی کۆماری ئیسلامی لە کێبەرکێکانی جامی جیهانی

 ئەوەی کە شەوی چوارشەممە لە ئێران ڕوویدا، نامۆترین ڕووداوێکە کە دەکرێ بە زەیندا بێت. بە ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئێران ژن و پیاو و لاو ڕژانە سەر شەقامەکان و شکستی تیمی وڵاتەکەیان لە مسابەقەی تۆپی پێدا کە بوو بە هۆی دەرچوونی ئەم تیمە لە یاریەکانی جامی جیهانی، چیژن گرت. ڕژیمی ئیسلامی حاکم لە ئێران و زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتە ئاویان بە جۆگەیەکدا ناڕوات، هەرچیەکی کە ڕژیم بیەوێت و بەکرێگیراوانی شاد بکات، خەڵکی ئێران لەبەرانبەریدا کاردانەوەیان دەبێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستەبەر کردنی سەرکەوتن لەم کێبەرکێیەدا بە ملیۆن دۆلاری هەزینە کردبوو، وەعدەی دانی پاداشی پازدە هەزار دۆلاری بە هەر یاریزانێکی تیمی تۆپی پێی دابوو وە چەند هەزار بەکرێگیراو و داکۆکیکاری ڕژیمی ناردبووە قەتەر. هەڕەشەی لە ئەندامانی تیم و بنەماڵەکانیان کردبوو کە لە مەیدانی مسابەقەدا هیچ حەرەکەتێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کە نیشانەی پشتیوانی ئەوان لە شۆڕشێک بێت کە لە ئێستا لە ئێران لە ئارادایە، ئەنجام نەدەن. شادی و جێژن و سروسری خەڵک تامی ئەم شکستەی بە زاری کۆماری ئیسلامی و بەکرێگێڕاوانی تاڵتر کرد.

  حکومەتی ئیسلامی سەرجەم مەیدانە وەرزشی، هونەری، فەرهەنگی، ئاموزشی و تەنانەت زانستیەکان لە خزمەت بە ئامانجی کۆنەپەرستانەی خۆیدا بەکار دێنێت. وەرزش گۆڕەپانێکە کە حکومەت و سپا سەرمایەگۆزاریەکی بەرینیان تێدا کردوە. ئەوەی کە فوتباڵ و یارییە وەرزشیەکانی ئەم دواییە و هەروەها لەنێو فایلی ئاشکرا بووی فەرماندەکانی سپادا گەیوەتە دەرەوە، باس لە پیلان و سیاسەتێکی گەلێک کۆنەپەرستانەی حکومەتی ئیسلامی لە مەیدانە وەرزشیەکان و سەبارەت بە لاوان دەکات.

  ژنان لە چوون بۆ مەیدانە وەرزشیەکان مەنع کراون و گوشار بۆسەر ژنانی وەرزشکار بۆ ڕەچاو کردنی پۆشینی ئیسلامی بۆتە هۆی گەلێک ڕیسوایی بۆ حکومەتی سەرچاوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئاپاڕتایدی کۆماری ئیسلامی.

  زۆرێک یاریگای وەرزشی لە لایەن سپاوە سەرپەرستی و مودیریەت دەکرێت و چاودێری توند بەسەر گوفتار و هەڵسوکەوتی یاریزانەکانەوە هەیە تا لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی حکومەتدا کار و چالاکی بکەن. گەلێک یاریزان کەوتونەتە زیندان، خانەنشین کراون و یان بەناچاری ئێرانیان جێ هێشتوە. هەرچەند ڕۆژ لەوە پێش بوو کە وریا غەفوری میللی پۆشی ئێران بە هۆی پشتیوانی لە خەڵک دەستبەسەر و زیندانی کرا، گوشار بۆ بێدەنگ کردنی عەلی کەریمی زیاتر بووە و عەلی دایی بەرەو ڕووی هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕژیم بۆتەوە.

  حاکمانی ئیسلامی بە دانی یارمەتی ماڵی بە وەرزشکاران لە لایەکەوە و هەڕەشە لێکردنیان لە لایەکی دیکەوە لە هەوڵدان تۆپی پێ و باقی مەیدانە وەرزشیەکان بخەنە خزمەت سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیمەوە. حاکمانی ئیسلامی لەو ئامانجە کۆنەپەرستانەیەش واوەتر چوون و دەیانەوێ تۆپی پێ و باقی گۆڕەپانە وەرزشیەکان لە ڕاستای نیزامیئەمنیەتی تر کردنەوەی کۆمەڵدا بکار بێنن و گۆڵ لێدانی تیمی وەرزشی پێشکەشی کوژراوان و تیرۆریستەکانی وەک قاسم سلێمانی بکەن.

  وەرزش دەتوانێ و دەبێ لە خزمەت سڵامەتی و شادابی خەڵکدا بێت لە کۆمەڵدا. حکومەتی ئیسلامی ئێران کە کەمترین هەزینە بۆ وەرزش و سڵامەتی دەکات مایل بە دروست کردنی کەش و فەزای پێوست بۆ سڵامەتی و شادابی خەڵک نییە.

  ورزش و بە تایبەت فوتباڵ هەر ئەوەندە بۆ حکومەتی ئیسلامی گرنگە کە لە خزمەت سیاستە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم و شاردنەوەی ڕاستیەکانی کۆمەڵدا بێت.

  ڕوخانی ڕژیمی ئیسلامی کە داخوازی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگایە دەتوانێ و دەبێ لە خزمەت شادابی و سڵامەتی کۆمەڵدا بێت. وەرزش و هەوڵدان بۆ بەرز کردنەوەی تواناییە تاکە کەسیەکانی کۆمەڵ و بە تایبەت وەرزشکاران و وەرزش دۆستان لە بارودۆخێکدا دەستەبەر دەبێت کە ئازادی، یەکسانی، مافەسەرەتاییەکانی خەڵک و ژینگەیەکی گەنجاو بۆ ئینسانەکان فەراهەم بووبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

  کاتێک جێگای شاکی و تاونبار دەگۆڕێ

-

   ئەسلاح خوازانی حکومەتی ناتوانن کەشتی تۆفان لێدراوی ڕژیمی ئیسلامی ڕزگار بکەن

-

  کارشکێنی ڕژیم سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی جەماوەری بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی خۆی

-

خومەینی هاتەوە، ٦ ملیۆن کەس ئێرانیان بەجێهێشت! وتەیەک بەبۆنەی ساڵیادی گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران

-

ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئێرانیەکان لە دەرەوەی وڵات تۆوی دوو بەرەکی دەچینن

-

قورس تر کردنی گواستنەوەی باری قەیران بۆسەر شانی چینی کرێکار

-