کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا سەنەدی کۆیلەتی نوێی کرێکارانە

لەم ساڵانەی دواییدا بەشوێن سیاسەتی ئابووری حکومەتی ئیسلامیدا، خاوەنکاران بە پشتیوانی راستەوخۆی دەوڵەت وێڕای دەرکردنی بەرینی کرێکاران، ئیستخدامەکانیان زۆرتر بە بەستنی قەراردادی کاتی ئەنجام ئەدەن. ئامارە رەسمیەکان دەیسەلمێنن کە ٩٠ لەسەدی قەراردادی کرێکارانی سەرتاسەری وڵات کاتین و بەکردەوە قەراردادی دایم جێگای خۆیان داوە بە قەراردادی کاتی. بەپێی ئاخرین راپۆرتی وەزاڕەتی تەعاون، کار و ڕیفاهی کۆمەڵایەتی لە ساڵی رابردودا، زیاتر لە ٩٣ لەسەدی سەرجەم هێزی شاغڵ لە بازاڕی کاری ئێراندا خاوەنی قەراردادی کاتی و کورت ماوەن. زۆربەی قەراردادەکان بە شێوەی ٣ مانگە، ٦ مانگە و ٩ مانگە دەبەسترێن و بەشێکی کەمیان بەشێوەی یەکساڵەن.دیاردەی ” قەراردادی کاتی کار” دەستکەوتی سەرمایەداریە لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم لە راستای دابین کردنی قازانج و بەرژەوەندی خاوەنکاراندا. ئەم دیاردەیە لە ساڵی ١٣٦٨ بەملاوە هاتەنێو بازاڕی کاری ئێرانەوە و بەشوێن ئەودا خراپترین جۆرەکەی واتە قەراردادی سپی ئیمزاش بەشێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەند.415

ئەگەرچی لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا دەریچەیەکی گەلێک بچوک لەباری قانونیەوە بۆ دیفاع لە مافی کرێکاران بوونی هەیە، بەڵام قەراردادە کاتیەکان ئەم دەریچە بەرتەسکانەش بەرووی کرێکاران دادەخات. مەتلوبیەتی ئەم جۆرە قەراردادانە بۆ خاوەنکاران لەوەدایە کە ئەوان لە کۆت و بەندی ئەم باریکە ڕێیانەی تەعەهودی قانونیش سەبارەت بە کرێکاران رزگار دەکات. لە زۆربەی هەرە زۆری قەراردادە کاتیەکاندا کرێکاران لە مەزایای وەک حەقی بیمە، حەقی ئەولاد، مافی مەسکەن، بیمەی بێکاری و هیتریش بێبەش دەبن. دوای کۆتاییهاتنی قەرارداد کرێکاران لەم کارگایەدا هیچ پلەو پایە و مافێکیان نییە و ئەمە لەحاڵێکدا روو دەدات کە ڕەوتی کار و بەرهەمهێنان و نیاز بە کرێکار لە ناوەندی کاردا هەروا درێژەی هەیە. قەراردادی کاتی کار تەنیا بە تەشخیس و بە رەزامەندی خاوەن کار دەکرێ نوێ بکرێتەوە و یان کرێکارێکی دیکە بهێندرێتە جێگای. لەم شێوەیە لە کاردا، کرێکار هیچ جۆرە ئەمنیەتێکی پیشەیی ناتوانێ هەبێت و لە ئاکامدا بۆ ژیان و داهاتوی ناتوانێ بەرنامەیەک دابنێ. لەوە واوەتر بە بەستنی قەراردادی کاتی کرێکار بەردەوام دەبێ گوێ بە فەرمان و مل کەچ بێت، هەر چەشنە ناڕەزایەتیەک لە بارودۆخی کارەکەی یان تەنانەت ئاماژە کردن بە قانونی کاری درۆینەش دەتوانێ ببێتە هۆی بێکار بوونی لە کۆتایی قەراردادەکەیدا. خاوەنکاران بە زێدەخوازی لە رادەبەدەریان کە بۆ بەدەستهێنانی قازانج و کەڵکە کردنی زیاتری سەروەت هەیانە، بەشوێن هێزی کاری هەرزان و داسەپاندنی شەرایەتی دژوارتردان بەسەر کرێکاراندا و قەراردادی کاتی ئەم نیازەی سەرمایەداران بە باشترین شێوە دابین دەکات.قەدەغە بوونی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا ویست و داواکاری راستەقینەی جەماوەری کرێکارانە و پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی کرێکاریش بەردەوام جەختیان لەسەر کردۆتەوە بەڵام بەهۆی نەبوونی تەشەکولی سەربەخۆی کرێکاری ئەم داواکاریە نەبۆتە کۆسپێکی جیدی لەبەردەم سوئیستیفادە لێکردنی خاوەنکار لە هێزی کار و دەوڵەتیش بە پشتیوانی یاسایی بەکردەوە دەستی خاوەنکارانی قازانج پەرستی بۆ چەوساندنەوەی زیاتری کرێکاران لە رێگای جۆراو جۆرەوە لەوانە بەستنی قەراردادی کاتی کاری بە کراوەیی هێشتۆتەوە. هەڵبەت لە هێندێک لەو حاڵەتانەدا کە بە ئاشکرایی مافەکان پێشێل دەکرێن، کرێکاران ناچارن شکایەت بکەن. لە ئێستادا بەشێکی بەرین لە پەروەندەی شکایەتەکان لە هەیئەتەکانی چارەسەری ناکۆکیەکاندا پێوەندیدارە بە قەراردادەکانی کاتی کارەوە. بەپێی ئامارەکان لە هەموو ١٠ پەروەندەیەک کە لە بواری ناکۆکی کرێکاران و خاوەنکاراندا تەشکیل ئەدرێت، لانیکەم چوار حاڵەتیان پێوەندی بە قەراردادی کاتی و سپی ئیمزاوە هەیە.بەپێی راپۆرتی ئیسنا، فەتحواللە بەیات سەرۆکی یەکێتی کرێکارانی قەراردادی و پەیمانی وڵات وتویەتی:” بەهۆی رکود و داخرانی کارخانەکان، هاوسەنگ کردنی هێزی ئینسانی و دەرکردنی کرێکاران، هێنانی هێزی کاری نوێ بەکردەوە ئەنجام نادرێت و زیاتر لە ٨٠ لەسەدی قەراردادی کاریش کە ئیمزا دەکرێن کاتین و لە دەرەوەی مەوازینی قانونی کاردان. گەلێک لە هێزی کاری لاوی وڵاتیش لە چوارچێوەی قەراردادە کورت ماوەکانی ٣ مانگە، ٦ مانگە و یان سپی ئیمزادا دەستبەکار بوون.”نەبوونی هیچ زەمانەتێک لە قانونی کاردا بۆ دیفاع لە مافی کرێکاران، هەروەها فەراهەم بوونی بوارەکانی سوئیستیفادەی خاوەنکاران لە بوونی ئەڕتەشی زەخیرەی بێکاران و پشتیوانی دەوڵەت لە خاوەنکاران بۆتەهۆی ئەوەی کە قەراردادەکان لە بازاڕی کاردا بەتەواوی یەک لایەنە ببەسترێن و تەنیا دابینکەری قازانج و بەرژەوەندی خاوەنکاران بن. لە شێوەی تەنزیم کردنی قەراردادە کاتیەکانی کاریشدا هیچ مادەیەکی قانونی کە بە قازانجی کرێکاران بێت بوونی نییە و شیرکەتە پەیمانکاریەکان لە دەرەوەی هوموو جۆرە چاودێریەکدا لەم رێگایەوە دەست ئەدەنە تاڵان کردنی هێزی کاری کرێکاران.زیانەکانی ئەم جۆرە قەراردادانە بۆ کرێکاران گەلێک زیاتر لەوەیە کە تا ئێستا توێژینەوەی لەسەر کراوە. ئامارەکان نیشانیانداوە کە زیاترین رووداوی سەرچاوە گرتوو لە کارەوە لەو شوێنی کار و ئەو کارگاکایانەدا روو ئەدەن کە کرێکارەکانیان مەشمولی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزان و بۆ ئاموزشدانی ئەم کرێکارانە لە لایەن خاوەنکارەوە هیچ کارێک نەکراوە. ئەم کرێکارە سەدەمە دیتوانە و یان بنەماڵەی قوربانیان لە وەرگرتنی هەموو جۆرە خەسارەتێک لە خاوەنکارەکان بێبەش دەکرێن. مەسەلەکە هەر لێرەدا کۆتایی نایەت، زۆربەی خاوەنکاران بە لەبەرچاو گرتنی نیازی زۆری کرێکاران بە دۆزینەوەی کار، هێندێک جار ناچاریان دەکەن تا ٣ مانگ بەبێ حەقوق و مەزایا کار بکەن. لەوێوە کە قەراردادەکە سپی ئیمزایە خاوەنکار بە کەیفی خۆی کاتی کارەکە کەمتر لە ٣ مانگ دەنووسێ کە ئەگەر هاتو لەگەڵ بازڕەسیەکی رواڵەتیشدا بەرەو روو بۆوە خۆی زیانی وێنەکەوێ. لە لایەکی دیکەشەوە کرێکارەکە نەتوانێ ناڕەزایەتی نیشانبدات سەبارەت بە پێشێل بوونی مافەکانی…قەراردادە کاتی وسپی ئیمزاکان لە راستیدا یاری کردنن بە ژیانی کرێکاران. ئاوا بارودۆخێکی کاری بێجگە لە کۆیلەتی ناکرێ هیچ ناوێکی دیکەی لێبنێی. خەباتی کرێکاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەتەواوەتی ئەم جۆرە قەراردادە ئەسارەتبارە یەکیک لە مەیدانەکانی خەباتی کرێکارانە لەگەڵ خاوەنکاران و دەوڵەتی پشتیوانیان.