له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم سزای زیندان، شه‌لاق و جه‌زای ماڵی به‌سه‌ر ١٢ كه‌س له ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژبه كۆماری ئیسلامی دا سه‌پاند.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دادگای ئینقلابی ڕژیم چالاكێكی مه‌ده‌نی ته‌مه‌ن ١٩ ساڵی خه‌ڵكی ئیلامی به‌ناوی “نیگار داوودی” به پێنج ساڵ زیندانی ته‌عزیزی مه‌حكووم كردووه، له شاری ته‌ورێز خوێندكارێكی زانكۆی ورمێ به‌ناوی “نیگار ئه‌ولاد قه‌ره‌گۆز” ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵی به ١٦ مانگ زیندانی ته‌عزیری و ٢ ساڵ قه‌ده‌غه‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه له وڵات و ٨ ملیۆن تمه‌ن جزای ماڵی مه‌حكووم كردووه، له پێرانشار به‌ندكراوێكی سیاسی به تۆمه‌تی “تێكدانی ئاسایشی گشتی و ته‌بلیغ دژی نیزام” به ١٦ مانگ زیندانی ته‌عزیزی سزا دراوه، هه‌روه‌ها سێ به‌ندكراوی خه‌ڵكی دێهلۆڕان به‌ناوه‌كانی “ڕه‌زا ئابساڵان”، “سه‌جاد فهتحۆڵڵازاده” و “مه‌یسه‌م ده‌رگا” به زیندانی ته‌عزیری مه‌حكووم كراون، له‌لایه‌كی دیكه‌وه دادگای ئینقلابی تاران خوێندكارێكی دكتۆرای كۆمه‌ڵناسی سیاسی به‌ناوی “محه‌ممه‌د غوڵام زاده” ناسراو به “ئابتین بێهڕه‌نگ”ی به ٤ ساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكووم كردووه و خوێندكارێكی دیكه‌ی زانكۆی عه‌لامه‌ی ته‌باته‌بایی به‌ناوی “ڕادبه كه‌شاوه‌رز” یه‌ك ساڵ زیندانی ته‌عزیری به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه، هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی بۆكان به‌ناوی “محه‌ممه‌د سه‌باحی” به ٦ مانگ زیندان، خوێندكارێكی زانكۆی شه‌ریعه‌تی به‌ناوی “ملیكا ئاقازاده” به پێنج ساڵ زیندان و “هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی تاران به‌ناوی “مێهدی نوتاق” سزای پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه و كچێكی وه‌رزشوانی خه‌ڵكی زه‌نجان به‌ناوی “مینا عه‌لیخانی” سزای یه‌ك ساڵ زیندانی ته‌عزیری و ٧٤ زه‌ربه شه‌لاقی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.