کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، ئیرادەی خەبات و تێکۆشان بەهێزتر دەکات

معلمانبازنشسته

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢، گرووپی یەکێتی خانەنشینان، بەیاننامەیەکی لەژێر ناونیشانیبەیەکەوە و یەکگرتووانە بەر بە پەسەندکردنی یاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بگرین،  بڵاوکراوەتەوە. لە سەرەتای بەیاننامەکەدا ئەم پرسیارە گرنگە هاتۆتە ئاراوە: “بۆچی دەبێ ئێمە کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینان تاوانی گەندەڵی و دزی و چاوچنۆکی و تاڵانچییەکان بدەین؟“. ئەو بەیاننامەیە سەبارەت بە پەسەندکرانی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێتیاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی پەسەندکراوەیەکی بەکۆیلە کردنە کە پارلمان و دەوڵەتی سەرمایەداران بەمەبەستی چەوسانەوە و بەدەستهێنانی سوودی زیاتر لەسەر بنەمای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کرێکارانی لەسەرکار، پەسەندیان کردووە“. زیادکردنی ساڵانی چاوەڕوانی خانەنشینیی، واتە سوودوەرگرتن لە هێزی کاری کرێکاران و کەمکردنەوەی مووچەی خانەنشینی بە بەراورد لەگەڵ ماوەی زیندوو مانەوەی کەسانی خانەنشینکراو. بەواتایەکی تر ساڵانێکی زیاتر کار بکە و ساڵانی کەمتر مووچە وەربگرە. ڕاگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی ڕژیم لەم ڕۆژانەدا سەبارەت بە زیادبوونی تەمەنی خانەنشینی، نووسراە و لێکدانەوەی جۆراوجۆریان بڵاوکرووەتەوە. ئەوان  لەسەر ئەو وڵاتانەی کە تەمەنی هیواداربوون بە ژیان تێیاندا لە سەرووی ٨٥ ساڵ و تەمەنی خانەنشینی ٦٥ ساڵە، کۆمەڵێک زانیارییان خستووەتەڕوو بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی لە ئێران. بەداخەوە تەمەنی هیوادابوون بە ژیانی ئەو کرێکارانەی کە زیاتر لە ٤ دەیەیە لە ژێر باری هەژاری و سەرەڕۆیی و چەوسانەوەی لەڕادەبەدەردا ژیان بەسەر دەبەن، هیچ مەعلووم نییە بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕوونکردنەوەیەکی واقیعی سەبارەت بە زیادبوونی تەمەنی خانەنشینی بدرێت. بەڵام ته‌نانه‌ت له شێوازی ڕووماڵی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانەوە دەکرێت تێبگەین که زیادبوونی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له ئێران عادڵانە نییه و دەبێته هۆکاری خەبات و ناڕەزایەتی. ئەو ڕاگەیاندنانە، چونکە دەزانن پرسی خانەنشینی پەیوەندی بە هەموو کەسێکی لەسەرکار و ئامادە بەکارەوە هەیە، بە پەنابردنەبەر هەموو چەشنە فێڵ و فریوکارییەک هەوڵیانداوە تا بەردەنگەکانی خۆیان سەبارەت بەو ڕێژە زیادکردنەی کە پارلمان پەسەندی کردووە، تووشی سەرلێشێواوی بکەن و ڕێگەیان پێنەدەن دەستبەجێ لە مەبەستی نامرۆڤانەی کاربەدەستانی دەوڵەت تێبگەن. بەڵام سەرەنجام ناچار بوون لە دوو توێی ڕاپۆرتەکاندا بنووسن کە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر تەمەنی خانەنشینی، دوو ساڵ زیاد کردووە. بەگوێرەی نووسراوەکانیان زۆرترین تەمەنی خانەنشینی بۆ پیاوان ٦٢ ساڵ و بۆ ژنان ٥٥ ساڵ دیاریکراوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بە پێیبڕگەی یەکەمی مادەی ٧٦ی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان ٥٠ ساڵە و ٣٠ ساڵ پێشینەی کاریان هەیە و هەروەها ژنانی تەمەن ٤٥ ساڵ و خاوەن پێشینەی ٣٠ ساڵ کار، دەتوانن لە ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی داوای خانەنشینبوون بکەن، بە واتایەکی ڕوونتر کابینەی شکستخواردووی ڕەئیسی تەمەنی خانەنشینی نەک دوو ساڵ بەڵکوو ١٢ ساڵ زیاد کردووە.

یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەم بابەتە نووسی:  ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر جەماعەتێک لە ژێر ناوی نوێنەرانی خەڵکدا، لە کردەوەیەکی دژە ئینسانی و بە هاوکاری لەگەڵ ئەو تاڵانچیانەی کە ٤٥ ساڵە دەستڕەنجی ئێمە کرێکاران و کارمەندانی زەحمەتکێش لە سندوقەکانی خانەنشینیدا بە تاڵان دەبەن، پەسەندکراوەیەکان لەسەر بنەمای بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان سەبارەت بە ساڵەکانی کارکردن، بۆ بڕیاری کۆتایی ڕەوانەی شۆڕای نیگەهبان کرد“. کابینەکەی ڕەئیسیی جەلاد، وەک داڕێژەری پڕۆژە یاساکە، وادیارە بە مەبەستی یارمەتیدان بە سندوقەکانی خانەنشینی و کۆتاییهێنان بە قەیرانی هەزینە داراییەکانی خانەنشینان، تەرحی زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی خستووەتەڕوو. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی ١٧ سندوقی خانەنشینی لە وڵاتدا ١٥ سندوقیان مایەپووچ بوون یان لە لێواری مایەپووچبووندان. کاربەدەستان دانی حەقی کەمیی بیمە لەلایەن کرێکارانەوە وەک هۆکاری ئەم مایەپووچبوونانە ڕادەگەیەنن و بەم بیانووەوە تەمەنی خانەنشینییان زیاد کردووە. ئیسماعیل گەرامی، هەڵسووڕاوی کرێکاریی خانەنشینکراو کە ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بۆ چەندەمین جار دەستگیرکرا، سەبارەت بەم بابەتە نووسی: “کێشەکە لەوەوە سەرهەڵدەدات کە حکوومەتی مافیایی، وەک بانبانک لەسەر بەڕێوەبردن و سامانی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی نوستووە“. کۆمیتەی تەکنیکی بەدواداچوون بۆ داواکارییە سنفییەکانی خانەنشینانی کیشوەری و لەشکریش لەم دواییانەدا جەختی لەوە کردبووەوە کە سەرچاوەی مایەپووچبوونی ئەو سەندووقانە دەگەڕێتەوە بۆ کێشە ئابوورییە گەورەکانی وڵات و دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سەرچاوە و سامانی ئەم وڵاتە. هەڵسووڕاوێکی خانەی کاریگەر لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەگەر قەرزەکانی حکوومەت بدرێتەوە بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پێویست بە تەرح و پێشنیاری لەم چەشنە نییە. ئەو هەروەها وتی، ئەگەر سوودی بانکیی قەرزەکان حساب بکەین، بڕەکەی زیاتر دەبێت لە خودی قەرزەکە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی دانەوەی قەرزەکە بەدەست دەوڵەتە، بەدواداچوونی بۆ ناکەن.

لە دۆخێکی ئاوادا پێویستە چی بکرێت؟

لە بەیاننامەی گرووپی یەکێتی خانەنشیناندا لەم بابەتەوە هاتووە:” خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و ئازادی کرێکاران و زەحمەتکێشان پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی یاسا دژە کرێکارییەکان و دەخالەتی ڕاستەوخۆی چینی کرێکار لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، کە ئەوەش تەنیا لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێکخراوی سەربەخۆی چینایەتی و بەهێزکردنی هاوپشتی و هاوخەباتی چینایەتییەوە مسۆگەر دەبێت و کرێکاران نابێت کەمترین هیوایان بە دەسەڵاتداران هەبێت. ئەوە زۆر ڕاستە ودەکرێ ئەوەشی پێوە زیاد بکرێت کە کۆماری ئیسلامی بە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی و هەرزانکردنی هێزی کار و دەرچوون لەژێر باری دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە هەموو تواناوە لە لەبەرامبەر خەڵکدا ڕاوەستاوە. ئه‌م پرسە دەتوانێت زەمینەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەربڵاوتر له نێو چین و توێژه جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا خۆش بکات و شەپۆلی بزووتنەوە داخوازی تەوەرەکان وەڕێ بخات. لەمڕووەوە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاتری کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی شار و گوندەکان، چ لە شوێنەکانی کار و چ لە شوێنی ژیان، گرنگییەکی تایبەتی دەبێت. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر دروشمی یەکگرتووانەیدابینکردنی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر مافی بێ ئەملاو و ئەولای جەماوەرە، دەتوانێت بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە داوخوازی تەوەر و ئابوورییەکان لە ڕیزێکی یەکگرتووانەدا ڕێک بخات.