له ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی به ناوه‌كانی “وه‌لی موحسینی” خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی مورموری سه‌ر به شاری ئاودانانی ئیلام، “ئالان ئه‌رده‌شیری” ته‌مه‌ن ٣٢ ساڵ، خه‌ڵكی مه‌ریوان و “عه‌لی گوڵ محه‌ممه‌دی” خه‌ڵكی بۆكان له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیم ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هاووڵاتییه‌ك به ناوی “وه‌لی موحسینی” پاش بانگكرانی له‌لایه‌ن ئیتلاعاتی شاری ئاودانانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر هۆكاری به‌ندكران و شوێنی ڕاگیرانی له‌به‌رده‌ست دا نییه. هه‌روه‌ها ڕۆژی چوارشه‌ممه ١١ی گه‌لاوێژ لاوێكی خه‌ڵكی مه‌ریوان به ناوی “ئالان ئه‌رده‌شیری” له هێرشی ئیداره‌ی ئیتلاعات بۆ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا. به‌وته‌ی سه‌رچاوه خۆجێیه‌كان، هه‌ڵسووكه‌وتی دڕندانه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم له كاتی ڕفاندنی “ئالان” بووه‌ته هۆی تێكچوونی باری ته‌ندرووستی دایكی و ئێستا له نه‌خۆشخانه به‌سته‌ری كراوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه هاووڵاتیه‌كی خه‌ڵكی بۆكان به ناوی “عه‌لی گوڵ محه‌ممه‌دی” كه پێشتر به تۆمه‌تی “هاوكاری له‌گه‌ڵ حیزبه كوردییه‌كانی دژبه‌ری ڕژیم” به ٢٣ مانگ زیندان مه‌حكووم كرابوو، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی سزاكه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ زیندانی بۆكان گوازرایه‌وه.