کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

داماویی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا

thumbs b c d029f5b036fc13049d5c0c3576decb1e

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ٢٩ی گه‌لاوێژ، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی كۆماری ئیسلامی ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا دوو هه‌زار و ٤٤٤ نه‌خۆشی نوێی كۆرۆنا له‌ ئێران شناسایی كراون‌ و ١٥٣ كه‌س به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. به‌ پێی هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته‌، كۆی گشتیی تووش بووانی كۆرۆنا، سنووری ٣٥٠ هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌ و ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش گه‌یشتووه‌ته‌ ٢٠ هه‌زار و ١٢٥ كه‌س. له‌ هه‌مان حاڵدا ئۆستانه‌كانی مازه‌نده‌ران، تاران، قۆم، گۆلستان، خۆراسانی شۆمالی، ئه‌رده‌بیل، ئیسفه‌هان، خۆراسانی ره‌زه‌وی، كرمان، سێمنان، ئازه‌ربایجانی شه‌رقی، مه‌ركه‌زی، یه‌زد و گیلان له‌ باردووخی سوور دان و ١٠ ئۆستانی دیكه‌ش له‌ باروودۆخی هۆشداردا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

ئه‌م ئامارانه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیی ڕژیم له‌ حاڵێكدا بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، “محه‌ممه‌دڕه‌زا مه‌حبووب فه‌ر“، ئه‌ندامی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی “جیهانی سه‌نعه‌ت” به‌ڕاشكاوی باسی له‌وه‌كرد كه‌ ڕایگه‌یاندنی زانیاریی ورد و ڕوون، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بوونی نه‌بووه‌ و ئاماری كۆرۆنا “ئه‌ندازیاری كراو” بووه‌. ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا هه‌روه‌ها وتی: “به‌ ڕای من، ئه‌و ئامارانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ، یه‌ك بیستومی  ئاماری ڕاسته‌قینه‌یه‌. ئه‌و هه‌روه‌ها جه‌ختیشی كردبۆوه‌ كه‌: “ڕێك یه‌ك مانگ به‌رله‌ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمیی سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا له‌ ئێران، واته‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی به‌فرانبار، یه‌كه‌م نه‌خۆشیی تووش بووی كۆرۆنا شناسایی كرابوو. به‌ڵام ئه‌وكات ده‌وڵه‌ت به‌ هۆكاری سیاسی و ئه‌منی ده‌ستی دایه‌ نهێنیكاری و پاش ڕێوڕه‌سمی ٢٢ی به‌همه‌ن و هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیس، سه‌ره‌نجام ده‌وڵه‌ت بڕیاری دا كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ ئێران ڕاگه‌یه‌نێ“. ڕۆژنامه‌ی “جیهانی سه‌نعه‌ت” به‌خاتری ئه‌م وتووێژه‌‌ داخرا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جاریش نییه‌ كه‌ كارگێڕانی ڕژیم خۆیان، درۆنانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و باقیی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ ئامار و داتاكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌ كۆرۆنا، ئاشكرا ده‌كه‌ن. ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٨ی خاكه‌لێوه‌، حه‌مید سوری، ئه‌ندامی “ستادی میللیی مۆدیریه‌تی كۆرۆنا“، له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا، دانی به‌وه‌ دانا كه‌ ” له‌ ئێران نزیك به‌ ٥٠٠ هه‌زار كه‌س تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بوون“. به‌ وته‌ی ئه‌و، ئاماری تووش بووانی كۆرۆنا له‌ ئێران، پتر له‌ ٧ به‌رابه‌ر و نیو له‌ ئاماری ڕاگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تیی ته‌ندرووستیی ڕژیم زیاتره‌.

حه‌سه‌ن ڕووحانی به‌ پێی هه‌ر ئه‌م ئاماره‌ ساختانه‌، فه‌رمانی ئاسایی كردنه‌وه‌ی چالاكیی ئابووریی ده‌ركرد. نهێنی كاریی له‌ئه‌نقه‌ستی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به‌ ڕاستیه‌كانی سه‌رهه‌‌ڵدانی ئه‌م ویرووسه‌ و پانتایی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی له‌ ئێران، موقاومه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر خواستی قه‌ره‌نتینه‌ی شار و شوێنه‌ ئایینیه‌كان، ناته‌باوێژیی ئاشكرای سه‌رانی ڕژیم سه‌بارت به‌ چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرای ئه‌م ویرووسه‌ و ڕێگای كۆنتڕۆڵ كردنی، هه‌مووی ئه‌وانه‌ به‌ ڕوونی نیشانی ده‌دا كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنا، له‌وپه‌ڕی داماوی دایه‌ و هیچ ڕێكار و ستراتێژیه‌كی ڕوونی نییه‌. 

داماویی و بێ توانایی كۆماری ئیسلامی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ویرووسی كۆرۆنا له‌ باروودۆخێكدایه‌ كه‌ ئه‌زموونه‌كانی هه‌تا ئێستا به‌ ڕوونی نیشانیان داوه‌ كه‌ سیاسه‌تی په‌لامارده‌رانه‌ی تێست وه‌رگرتنی به‌رین بۆ شناسایی گیرۆده‌بووانی كۆویدی ١٩، جیاكردنه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وا نیشانه‌كانی تووش بوون به‌م ویرووسه‌یان پێوه‌ دیاره‌، شوێن گرتنی په‌یوه‌ندییه‌كان و قه‌ره‌نتینه‌ی كه‌سانێك كه‌ په‌یوه‌ندیی نزیكیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی تووش بوو هه‌یه‌، خستنه‌ ژێر چاوه‌دیری تایبه‌تی نه‌خۆشه‌كان و هاوكات داخستن و قه‌ره‌نتینه‌ی شاره‌كان و ڕه‌چاو كردنی پێوه‌ره‌ ته‌ندرووستیه‌كان، له‌ زومره‌ی ڕێگا كاریگه‌ره‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵی ئه‌م ویرووسه‌ دێنه‌ ئه‌ژمار. به‌ گرتنه‌به‌ری هه‌ر ئه‌م ستراتێژیه‌ له‌ وڵاتانێك وه‌ك كۆره‌ی باشوور، تایوان، وییه‌تنام، سه‌نگاپوور و ئۆرووپای ڕۆژئاوا له‌وانه‌ وڵاتانی نۆروێژ و فه‌نلاند، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، بڵاوبوونه‌وه‌ ئه‌م ویرووسه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌ و جه‌ماوه‌ریش، ئاسۆیه‌كی ڕوونیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌تایه‌ له‌به‌ر چاوه‌. به‌ڵام له‌ ئێران هه‌ر ئه‌م ستراتێژه‌ و به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئه‌م پێوه‌رانه‌، بووه‌ته‌ قوربانیی ئامانجی سیاسیی داماوانه‌ی كۆماری ئیسلامی. له‌ ئێران هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ڕژیم ستراتێژی شه‌ڕی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌، واته‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجی ئیمه‌ن كردنی كۆمه‌ڵگای، له‌ ڕێگه‌ی گیرۆده‌بوونی دوو سێهه‌می جه‌معیه‌تی ئێران به‌ ویرووسی كۆرۆنای، گرتووه‌ته‌ به‌ر. هه‌ر بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت نه‌ تێست وه‌رگرتنی چالاك به‌ ئامانجی شوێن گرتن و قه‌ره‌نتینه‌ی كه‌سانێك كه‌ په‌یوه‌ندی نزیكیان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌كان هه‌یه‌ و نه‌ قه‌ره‌نتینه‌ی شاره‌كان و شوێنه‌ ئایینیه‌كانی، به‌ جیدی ئه‌نجام داوه‌. ڕژیم، به‌كرده‌وه‌، ڕێگای ئاواڵه‌ هێشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ گیرۆده‌بوونی دوو سێهه‌می جه‌معیه‌ت، كۆمه‌ڵگا توانای به‌رگریی گشتیی په‌یدا بكات. هه‌ڵبه‌ت، كه‌سری بوودجه‌ی ده‌وڵه‌ت و دزی و گه‌نده‌ڵیه‌ ڕیشه‌داره‌كان، قه‌یرانی پێكهاته‌یی سه‌رمایه‌داریی ئێران و دابه‌زینی داهاته‌ نه‌وتیه‌كان، ڕێگایه‌كیان بۆ دابین كردنی ئابووریی قه‌ره‌نتینه‌ی جیدیی نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. ڕژیم هه‌ر به‌م هۆكارانه‌ و به‌هۆی ئه‌و پێكهاته‌ سیاسی و ئیدێئۆلۆژیكه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی و هه‌روه‌ها به‌هۆی لاوازبوونی ژێرخانی ته‌ندرووستی و ده‌رمانی، ناتوانێ قه‌یرانی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ كات. كۆماری ئیسلامی به‌ فڕوفێڵ و درۆنانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دا پانتایی ترسناكی ئه‌م كاره‌ساته،‌ زۆر له‌وه‌یكه‌ هه‌یه‌ چكۆله‌تر نیشان دات.

بێ گومان سه‌ره‌نجام به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌ زانیستیه‌كان، قه‌یرانی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت و سه‌رده‌می ڕزگاربوون له‌ چنگ كۆرۆنای كۆماری ئیسلامیش ده‌گاتێ. ڕه‌وتی ڕوو له‌ گه‌شه‌ی ماگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌ كرێكاریه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تیه‌ گشتیه‌كان، نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ئێران هاوكات له‌گه‌ڵ ململانێ كردن له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كۆرۆنا و سه‌نگه‌ربه‌ندی له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕژیم بۆسه‌ر‌ كار و بژێوی خه‌ڵك، به‌ستێن و پێداویستیه‌كانی ڕزگاربوون له‌ چنگ كۆماری ئیسلامی دابین ده‌كه‌ن. كۆماری ئیسلامی نه‌ ته‌نیا له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی كۆرۆنا، به‌ڵكوو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو قه‌یرانه‌كاندا داماو و بێ توانایه‌. پێگه‌ی كۆماری ئسیلامی ناسه‌قامگیرتر بووه‌، نابێ ڕێگه‌ بدرێت كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌سه‌رماندا وێران بێت. پێویسته‌ له‌ جه‌رگه‌ی مانگرتنی كرێكاری و ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری ئێستادا، كۆمیته‌كانی مانگرتن، كۆمیته‌كانی كارخانه‌ و شۆرا و ناوه‌نده‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان له‌ كارخانه‌ و ناوه‌ندی خزمه‌تگوزاری و گه‌ڕه‌كه‌كانی شار، پێك بێنین. ئه‌م ناوه‌ندانه‌ له‌ باروودۆخی ئێستادا ده‌توانن وه‌ك ئۆرگانی ڕێبه‌ریی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌ور و نه‌خشیان بێت و له‌ دواڕۆژی ڕووخانی ڕژیمیشدا، وه‌ك ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش، چالاكی بكه‌ن.