کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دواهاتەکانی بڕیاری ترامپ، لەدژی خەڵکی فەلەستین

2017-12-11 | ۱۳۹۶-۰۹-۲۰ ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی چوارشەممە بە ڕاگەیاندنی بە ڕەسمیەت ناسینی ئۆرشەلیم وەک پێتەختی دەوڵەتی ئیسرایل، پەردەی لەسەر ئەو دەنگۆیانە لادا کە چەند رۆژ پێشتر ببوو بە یەکێک لە سەردێڕە گرنگە هەواڵیەکان لە دنیادا. ئەو بەم کارەی بڕێارێکی کە کۆنگرەی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٥ سەبارەت بە گوازتنەوەی سفارەتی ئەمریکا لە تلاویوەوە بۆ ئورشەلیم دابووی و یەکێک لە بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردنیشی بوو، بەکردەوە دەرهێنا.

ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و لە هێندێک لە پێتەختەکانی وڵاتانی دنیا، بەرەو رووی ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک بۆوە. لە جەریانی خۆپیشاندانی خەڵکی فەلەستیندا لە ناوچە داگیر کراوەکان، لانیکەم تا ئێستا ٤ کەس کوژراون و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات ئەندامانی شوڕای ئەمنیەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان شەوی هەینی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بە دەرکردنی بەیانیەیەک دژایەتی ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکایان کرد. گەلێک لە دەوڵەتانی دنیاش یەک لەدوای یەک ئەم بیارەیان مەحکوم کرد. یەکێتی عەرەب بە بڵاو کردنەوەی بەیانیەیەک لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا رۆژی شەممە ڕایگەیاند کە:” بەم بڕیارە ئیتر ئەمریکا جێی متمانە نابێت بۆ ڕێبەری کردنی وتووێژەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.” مەحمود عەباس و ڕێبەری کلیسای قبتیەکان لە میسر هەموو جۆرە چاوپێکەوتێنێکیان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە قەرار بوو لە حەفتەی داهاتودا بێتە ئەو ناوچەیە، ڕەد کردۆتەوە.294

بەڵام بڕیارەکەی ترامپ، سیاسەتی ڕاستەقینەی دەوڵەتی ئەمریکای سەبارەت بە مەسەلەی فەلەستی ئاشکرا کرد. ئەم بڕیارە دەربڕینی بێ پەردە و ئاشکرای هەمان سیاسەتە کە تا ئێستا لەم بارەیەوە پەیڕەو کراوە. ئەم بڕیارە بە روونیەکی زیاتر نیشانیدا کە دەوڵەتی ئەمریکا کەمترین بایەخ بۆ قەتعنامەکانی دەرچوو لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، کە خۆیشی مۆری کردون، دانانێت. ئەم بڕیارە دەریخست کە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی بە کرداری نەبوونی ئەم قەتعنامانە لە ڕاستیدا سیاسەتەکانی خودی دەوڵەتی ئەمریکایە. لە هەمان یەکەم قەتعنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ساڵی ١٩٤٧ سەبارەت بە دابەش کردنی سەرزەویەکانی فەلەستین و دەروست بوونی دەوڵەتی ئیسرایل، تا بریارنامە جۆراوجۆرەکانی دواتر، تا ” پەیمانی ئاشتی ئوسلۆ” لە ساڵی ١٩٩٣، کە تەنانەت سەبارەت بە ئیمزا کرانی خەڵاتی نۆبێل درایە نوێنەرانی هەردوولا، بەردەوام نووسرابوو کە چارە نووسی ئورشەلیم لە قۆناغەکانی کۆتایی وتووێژەکانی ئاشتیدا و بە تەوافوقی هەردوولا یەکلایی دەکرێتەوە. بێجگە لەوەش مەگەر غەیرەز ئەوەیە کە دەیان قەتعنامە بۆ مەحکوم کرانی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرایل به هۆی دەروستکردنی ئاواییە یەهودی نشینەکان و داخوازی گەڕانەوە بۆ سنورەکانی ساڵی ١٩٦٧ دەرکراوە. لە گشت ئەم ساڵانەدا دەرکەوت کە هێشتا جەوهەری ئەو قەتعنامانە وشک نەبۆتەوە کە لەبیر کراون. لە ڕاستیدا بڕیارەکەی ئەم دواییەی ترامپ، درێژەی هەمان سیاسەتە کە ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا بە هاوڕێیەتی وڵاتانی بەهێزی سەرمایەداری، ڕیاکارانە بە کردەوە بەرەو پێشیان بردوە. ئەوەی کە چارە نووسی ئەم بڕیارەی ترامپ لەم قۆناغەدا چی دەبێت و ئەو تا چ ڕادەیەک لە بەرانبەر گوشارەکانی سەری خۆی ڕادەگرێت، بابەتێکە پیوەندی بە داهاتوەوە هەیە، بەڵام لە پێوەند لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا بەرانبەر بە کێشەی فەلەستین، کە لە قەراری پەسند کراوی دەوڵەتی ئەمریکادا ڕەنگی داوەتەوە، تا ئێستا چەند خاڵی جێی سەرنجی تێدایە:

یەکەم، ئەوەیکە دانی ئەم بڕیارە، دوای هێور بونەوەی تا رادەیەکی کێشەی داعش و ئیتر وەک هێزێکی فەرمانڕەوا لە ناوچەکەدا بوونی نییە، دەتوانی بواری کێشمەکێشکی نوێ لەنێو هێزە ناوچەییەکاندا خۆش بکات. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە دەوڵەتی ترامپ بۆ پاراستنی بازاڕی پڕ قازانجی چەک بۆ تاڵان کردنی سەروەت و سامان و کۆنترۆڵکردنی سیاسەتی ناوچەکە پێویستی پێیەتی. جاڕچیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بانگەوازی ” کۆبوونەوەیەک بە مێحوەریەتی ئێرانیان بۆ نەتەوەکانی ناوچەکە” کردوە. ئۆردوغان لە گومانی جێگرتنەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانیدا بە مافی سروشتی خۆی دەزانێ کە ڕێبەریی جیهانی ئیسلامی لە ناوچەکە بە دەستەوە بگرێت و داوای لە ٥٢ وڵاتی ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێکی نائاسایی لە رۆژی پێنجشەممەدا لە تورکیە کردوە. هەموو ڕەوتە جۆراو جۆرە توندڕەوە ئیسلامیەکان، دەرفەتێکی نوێیان بۆ کۆکردنەوەی هێز دەست کەوتوە. هەموو ئەمانە دەستپێکی قۆناغێکی نوێن لە کێشمەکێشە ئیدئۆلۆژیک، سیاسی و ئابووریەکان لەنێو هێزەکانی ناوچەکەدا.

دووهەم، ئەم بڕیارە ئاخرینی تیر بوو بۆ لە گۆڕنانی سەرجەم ئەو گومانانەی کە چاوەڕێی دروست بوونی ” دەوڵەت” و ” ئاشتی بەردەوام” لانیکەم لە کاتی قەراردادی ئۆسلۆوە، بە ڕێبەریی ئەمریکا بوون. دوو دەولەت کە یەکێکیان بە زەرادخانەی چەکی گەورەی نیزامی و بۆمبی ئەتۆمی و وەک دەوڵەتێکی داگیرکەر دەوجوڵێتەوە و پێگەی بەهێزی ئیمپڕیالیزیمی رۆژئاوایە و دەوڵەتێکی دیکە کە لە هەموو لایەکەوە بە دیواری بەرزی بێتۆنی لە گەمارۆی ئەو دەوڵەتەدایە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە ئێستادا بۆ خەڵکی فەلەستین ماوەتەوە، تەنیا ٢٠ لەسەدی ئەو ناوچانەیە کە بەپێی بریارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ١٩٤٧ دا خرایە ئیختیار خەڵکی فەلەستینەوە کە تازە ئەوەش بێچگە لە هێندێک پارچە زەوی لەتوکوت کراو هیچی دیکە نییە کە سنورە ئاوی و ئاسمانیەکانی لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئیسرایل دایە. لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە کاتی قەراردادی ئاشتی ئۆسلۆدا کە لە ناوەندی ئەودا تەرحی” دوو دەوڵەت” هەبوو، بە فەلەستینیەکان بڕاوە لە دەستدانی بەشێکی زیاتر لە سەرزەویەکانیان، کز بوونی خۆڕاگری جەماوەری و شٶڕشگێڕانە لەدژی داگیرکەران، لە دەسەڵاتدا بوونی دەوڵەتێکی گەندەڵ لە بەشی رۆژئاوای رووباری ئۆردون و هێژمونی ڕەوتێکی کۆنەبەرستی ئیسلامی لە لێوارەی غەزە، درێژەی ئاوارەیی زیاتر لە ٦ ملیۆن فەلەستینی، ژیان بەسەربردنی زیاتر لە نیو سەدەی بەملیۆن ئینسان لە کەمپەکانی پەنابەریدا و لە کۆتاییدا بە تاڵان چوونی هێزی کاری هەرزانی ئەوان لە لایەن بۆرژوازی جیهانی ناوچەییەوە. سێهەم، بە شکست هێنانی سەرجەم ڕێگا چارە ئیمپڕیالیستیەکان سەبارەت بەم ناکۆکیە مێژووییە جارێکیتر روون دەبێتەوە کە چارە نووسی کێشەی خەڵکی فەلەستین لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرایل، لە ڕێگای بریارنامە و قەراری ئەو دەوڵەتانەوە کە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا کۆبوونەتەوە و دەوڵەتی ئەمریکا مافی ویتۆی تێیدا هەیە، دیاری ناکرێت. ڕێگاجارەیەک کە دتوانێ خاڵی کۆتایی لە ستەمێک کە لەسەر خەڵکی فەلەستین هەیە به کردەوە دەر بێت ، نە لە تەرحە ئیمپڕیالیستیەکاندا بە سەرپۆشی بەناو ئاشتیەوە، نە لە سیاسەتی دژی یەهودی و کۆنەپەرستانەی ڕەوتە ئیسلامیەکانی لەجۆەری حەماس و یان کۆماری ئیسلامی و نەک لە دەسەڵاتخوازی دۆنکیشۆتی شێوەی ئۆردۆغاندا، بوونی نییە. بە ئاشکرا دەبێ بوترێت ئەوانەی کە بەشوێن ئاشتی بەردەوامەوە بوون بە ڕێبەری و نێوانگیری ئەمریکا، خۆڵیان کردە چاوی خەڵکەوە و چارەنووسی خەبات و خۆراگری خەڵکی فەلەستینیان توشی ئەم تراژیدیای ئێستا کرد.

لەم نیوانەدا بێ گومان بزوتنەوەیەکی بەهێز لە هاوپشتی هێزە پێشڕەو، چەپ و شٶڕشگێڕەکانی دنیا و بە تایبەت خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی شەریف لە ئیسرایل، لەگەڵ خەباتی خەڵکی فەلەستین، دەتوانێ دەورێکی یەلاکەروەی هەبێت. ئەوە بەس نییە کە ئارەزویەکی خیرخوازانەت بۆ خەبات و خۆراگری خەڵکی فەلەسەستین هەبێت. جەریاناتی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ لە ناوچەکە و دنیادا دەبێ خۆیان بە بەشێک لە خەباتی ئەم خەڵکە بزانن.