ئەمە ئیتر ڕازێکی ئاشکرایە کە ئیجلاسی جی بیست وڵامێکی بۆ هیچ یەک لە دەستورکارەکانی نەدۆزیەوە. ئەوان لە ڕاستیدا بەو تەوافوقە گەیشتن کە ڕێکەوتنێکیان بەیەکەوە نییە. سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە وتووێژە رۆژنامەوانیەکەیدا وەک میوانداری کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە هێندێک بەرەوپێش چوون بە دەست هاتووە. هەڵبەت ئەو دەرفەتەی دەست نەکەوت کە ئەم بەرەوپێش چوونانە بژمێرێت. بەڵام مێدیای بۆرژوازی ئاڵمان هێندێک لەم بەناو پێشڕەفتانەیان ناو بردووە. لەوانە ئەوەیکە گۆیا پوتین و ترامپ فەزای وتووێژەکانیان باشتر کردووە. مێرکێل لە عەینی حاڵدا هیواردار بوو کە تەرحی هاوبەشی ئاڵمان و یەکێتی ئوروپا لەژێر ناوی “نەخشەی ماڕشاڵ بۆ ئافریقا” کە هیچ شتێک نەبوو بێجگە لە بە کراوەیی هێشتنەوەی دەستی ئینحساراتی ئوروپایی بۆ تاڵانی زیاتری ئافریقا و پەرەسەندنی خوسوسی سازی، ڕەزامەندی بەشدارانی لە ئیجلاسەکەدا لەسەر تێدا بەدەست بێت.
ڕاستی مەسەلەکەی ئەوەیە کە ئیجلاسی جی بیست لە ئێستادا بۆتە کلوپی ڕقابەتی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و هێزە ناوچەیی و شوێنی ئیئتیلافە تازەکان.
لەگەڵ ئەوەدا نابێ ڕەدی بکەینەوە کە ئیجلاس هێندێک لەو فاکتۆڕانەی لە بارودۆخی جیهانیدا هەن شەفافتر کردهوە. یەکەم خاڵێک کە نیشانیدا ئەوەیکە ئیمپڕیالیزمی ئامریکا ئیتر ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بکات کە ڕێبەری کردنی دنیای رۆژئاوای لە ئەستۆیە. ئەمەش خانمی مێرکێل جارێکیتر دوای ئیجلاسی جی بیستیش بە دەربڕینی ئەوەیکە یەکێتی ئوروپا دەبێ پشت بە خۆی ببەستێت، جیایی بەندی نێوکی یەکێتی ئوروپای لە ئامریکا ڕاگەیاندبوو. هاوکات ترامپ لە هیچ هەوڵێک چاوپۆشی نەکرد بۆ ئەوەی بتوانێ پێشاوبڕی ئامانجەکانی یەکێتی ئوروپا بداتەوە. دیدار لەگەڵ سەرانی تورکیە و عەرەبستان لە ئیجلاسەکەدا و چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرانی لەهستان ئیسلواکی و مەجارستان بەر لە ئیجلاسەکە سوکایەتی کردنێکی ئاشکرا بوو بە هەر سێ زل هێزی نێو یەکێتی ئوروپا واتە ئاڵمان، فەڕانسە و ئیتالیا. لەم نێوانەدا مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە هەوڵیدا کە وەک وەکیلی یەکێتی ئوروپا لە بەرانبەر تراپمدا بێتە مەیدان لەبەر ئەوەی قەرار بوو سەدری ئەعزەمی ئاڵمان وەک میواندار بە ڕواڵەت بە بێ لایەنی بمێنێتەوە. لە کۆتاییدا ئیجلاس نیشانیدا کە سەرجەم هێزە بەشدارەکان لەم کۆمەڵەیەدا بەشوێن ئیئتیلافی تازەوەن. ئەو ئیئتیلافانەی کە لەسەر قەیرانە جۆراوجۆرەکان، ئیجرا و بەڕێوەچوونی جیاواز لە پاش خۆیان جێدێڵن. ئەمەش لە پێوەند لەگەڵ ڕێگا چارەی سەبارەت بە سوریە، ئۆکراین، سەرهەڵدانی سەرلەنوێی شەڕی سارد و كۆتاییهكهی بەهێز کردنی بونیەی دیفاعی و نیزامیدا دەکرێ ببیندرێت.
هاوکات لەنێوان بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگهدا کۆمەڵێک پرسیاری لەم چەشنە تەرح کران کە بۆچی ئەم هەموو ئامادەکارییە بۆ ئیجلاسێکی لەم شێوەیە، بۆچی فاشیستەکانی لە جۆری ترامپ مەیدان بۆ ئامادە بوونیان دەدۆزنەوە، ئایا ئەم بە ناو وتووێژە بێ سەمەرانە نەدەکرا لە ڕێگای کۆمەڵێک کۆنفڕانسی ویدۆییەوە ڕیکبخرێت و لە کۆتاییدا ئایا ئاکامی قسەکانی پشت درگا داخراوەکان و بە شاراوەیی بێجگە لە پڕاوێز خستنی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی دنیا شتێکی دیکەی تێدا دەبێ بۆیان. سەرجەمی ئەم پرسیارانە لە لایەک و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن مێدیای سەربەخۆ و ماف ناسانەوە سەبارەت بە هێرشی وەحشیانەی پۆلیس بۆسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە لایەکی دیکەوە ئاکامەکەی چوونە ژێر پرسیاری مەشروعیەتی میزبانی ئەم ئیجلاسە بوو. بەکار هێنانی زیاتر لە ٢٠ هەزار هێزی سەرکوتگەر و دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن لەوەی کە گۆیا بە پێی ئیدعای پۆلیس زیاتر لە ٨ هەزار کەس لە تیرۆریست و ئاژاوەگێڕەکان هاتونەتە هامبۆرگ دەبێ خەڵک بەشداری لە بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا نەکەن.
لەگەڵ گشت ئەم فێڵ و تەڵەکانەدا پێشوازی بەرینی خەڵک لە ئیجلاسی ئاڵترناتیو لەژێر ناوی “ئیجلاسێک بۆ هاوپشتی جیهانیی” لە رۆژەکانی ٥ و ٦ی مانگی ژوئیەدا بە بەشداری زیاتر لە ٧٥ گروپ و سازمان و کەسایەتی جیهانی و ئامادە بوونی زیاتر لە دوو هەزار کەس لە کارگروهەکانی ئەم ئیجلاسە و ڕەخنە گرتن لە سیستمی نیئۆلیبڕاڵی حاکم وەک سیستمێک کە هۆکاری لهناوچوونی گۆی زەوی، نایەکسانی کۆمەڵایەتیی و هەژارییە، نەیدەتوانی لەگەڵ شەپۆلی بەرینی عەمەلیاتی هێزە سەرکوتگەرەکانی بۆرژاوازی ئاڵمان بەرەوروو نەبێتەوە.
بۆ بۆرژوازی ئاڵمان مەسەلەی سەرەکی ئەوە بوو کە چەپی کۆمەڵگا نەتوانێ ئامادەیی کۆمەڵایەتی بە دەست بێنێ. حوزوری بەرینی هێزە سەرکوتگەرەکان لە ڕاستیدا جۆرێک ئامادەگی و تەمرین بوو بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئاخیز و شۆڕشەکانی داهاتوو. ئێستا کە لەگەڵ هەموو ئەم سەرکوتگەریانەدا بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی حەفتەیەکی تەواو فەزای وڵات و بەتایبەت دووهەم شاری گەورەی ئاڵمانی گرتبۆوە و هێزی خۆی پیشاندا، بۆرژوازی ئاڵمان بەشوێن دەرفەتێکەوە بوو تۆڵەی خۆی بکاتەوە. هێرشی وەحشیانەی پۆلیس بۆسەر کەمپە دروست کراوەکان لەگەڵ ئەوەدا کە ئیجازەی دادگای باڵای ئاڵمانیان هەبوو وە هەروەها بە شوێن خۆپیشاندانی ١٥ هەزار کەسیەوە لەژێر ناوی “بەخێرهاتن بۆ دۆزەخ” و دواتر رووداوێکی توندوتیژ ئامێز لە یەکێک لە ناوەندە سەرکیەکانی چەپی شاردا ئەم دەرفەتەی فەراهەم کرد. ڕێپێوانی زیاتر لە هەفتا هەزار کەس لە رۆژەکانی کۆتایی ئیجلاسدا وێڕای بوونی فەزای ترس و وەحشەتێک کە هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ بەرگرتن لە بەشداری خەڵک لەم ڕێپێوانەدا دروستیان کردبوو پێویستی دەستپێکی هێرشێکی تۆڵە کردنەوەی بۆ بۆرژوازی ئاڵمان فەراهەم کرد. ئەم هێرشە هەرچەند کە لە رۆژەکانی پێش ئەم ڕێپێوانەوە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی و مێدایایی سەربە وانەوە دەستی پێکردبوو هەرخێرا دوای کۆتایی ڕێپێوانەکە ئاستێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرت وەزیری نێوخی ئاڵمان باسی لەو ئاژاوەگێرانە کرد کە لەگەڵ تیرۆریستە ئیسلامیەکاندا خاوەنی یەک سرشتن، و ئەوەیکە لە رۆژ و حەفتەکانی داهاتوودا ئەو وێنانەی گیراون لەم بەناو ئاژاوەگێڕانە لە كۆمیسیۆنه تایبەتەکاندا بەدواداچوونیان بۆ دکرێت و هەموویان دەبێ لە چاوەڕوانی ئەحکامی قورس دا بن. وەزیری دادگوستەری پێشنیاری دروست کردنی ئۆرگانێکی ناوەندی لە ئاستی ئوروپادا بۆ تۆمار کردنی پێناسەی بەناو ئاژاوەگێڕەکانی کردووە. وتەبێژی فراکسیۆنی حیزبی دیموکرات مەسیحی لە ئاڵمان باسی لە مەترسی گەورەی چەپی ڕادیکاڵ کردووە کە گۆیا زیاتر لە ٢٨ هەزار کەسن و تا ئێستا لەبەرچاو نەگیراون. زنجیرەی میزگردە تەلەویزیۆنیەکان بە ئامادە بوونی ئەو “پسپۆڕانەی” کە ئەرکیان بێجگە لە دیفاع لە نەزمی حاکم و ستایشی پاڵەوانیەتی هێزە سەرکوتگەرەکان و بەناو توێکاری چەپی ڕادیکاڵ هیچی تر نەبووە، کەوتە ڕێ. هەڵبەت لەم ئۆرکێسترە بە کۆمەڵەدا رۆژنامە جیرە خۆرەکانیش دەوری خۆیان دەگێڕا. ئەگەر ئەم هیرشە بەرینە لە ڕوانگەی بۆرژوازی هاری ئاڵمانەوە دەبێ لە خزمەت بە تاق خستنەوە و بەرەو پەڕاوێز پاڵ پێوەنانی چەپ بێت، لە بەرانبەردا بۆ چەپی کۆمەڵگا و بە تایبەت چەپی ڕادیکاڵی کۆمەڵگە و چینی کرێکار ئەو پەیامەی پێیە کە بۆرژوازی تا کاتێک پێبەندی ئەم دیموکراسیەیە کە هەڕەشەیەک لەسەر خۆی نەبێت و لە هەمان حاڵدا چەپی کۆمەڵگە و بە تایەبەت چەپی ڕادیکاڵ دەبێ بتوانێ لە ڕێگای ئاگاه گەری لەنێو خەڵکدا پەردە لەسەر ڕواڵەتی ڕستەقینەی ئەم دیموکراسیە ڕواڵەتیە هەڵماڵێ و خۆی بۆ نەبەردێکی لێبڕاوانە لە داهاتودا ئامادە بکات. بە تایبەت لە ئێستادا نابێ بێڵێ کە بۆرژوازی ئاڵمان بتوانێ کەلێن بخاتە نێوان گرایشە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەوە.