کارەساتی مرۆیی لە ئێرانی ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا بە پەرەسەندنی ئاستی جەنایەتەکانی ڕۆژانەی حکومەت بەرتەسک نابێتەوە. هەموو جۆرە ڕووداوێکی شیاوی پێشگیریش لە کەمیندان تا گیانی مرۆڤهکان بستێنن. کۆماری ئیسلامیی تەنیا لەبەر ژمارەی ئێعدامی بهندكراون نییە کە خاوەنی پلەی یەکەمە لە دنیادا، ئەم ڕژیمە شوێنی کار و ژیانی سروشتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیشی کردووهتە کەمینگای مەرگ. هەموو کات و ساتێک دەکرێت شاهیدی ڕووداوێکی دڵ تەزێن، ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو و کارەساتێکی ئینسانی بیت.
ئەم ڕژیمە لە حاڵێکدا کە خۆی ڕۆژ و ساعات و کات و ساتی مەرگی ئینسانەکان دیاری دەکات و بە شاراوەیی و بە ئاشکرا، پەتی مەرگ دەخاتە ملیان، بە چەشنێک شوێنی کار و ژیانی ئینسانەکانی نا ئەمن کردووە و ڕۆژ نییە هەواڵێکی پڕ ژان و گیانتاوێن نەبیستین. ئەم ڕژیمە، وەها لە بەرانبەر سڵامەتی ژینگەی شارۆمەنداندا نابەرپرسیارە و بە شێوەیەک ژینگە و ژیانی خەڵک و بە تایبەت کرێکارانی نا ئەمن کردووە کە هەموو سوچ و قوژبنێک لە شوێنی کار و ژیانی خەڵک، بۆتە بەستێنێکی ئامادە بۆ ڕوودانی هەموو ڕووداوێکی تاڵ و نا هەموار.
بەڵام مەرگ و میر لە ئێران سەرسووڕهێنەر بووە. مەرگ و میر بە هۆی پیسی هەواوە، مەرگ و میر بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ، مەرگ و میر بەهۆی ڕووداوی سروشتی. و ههروهها مەرگ و میری منداڵان، بەهۆی گرفتی دەرمانیی و خۆراکی. دووپات بوونەوەی ڕۆژانەی مەرگ و میری مرۆڤهکان، وەها ئاسایی بونەتەوە کە ئەڵێی ئهم ڕووداوانه عاددین و نیازێک بە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیان نییە. خەڵک بە دووپات بوونەوەیان ڕاهاتوون. دڵتەزێن ترینی ئەو مەرگ و میرانەی کە زۆر چاوەڕوان نەکراو و پڕ ئازارن، مەرگ و میر بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوهیه. ئاماری مەرگ و میرەکان بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ، وەحشەتناک و سەرسووڕ هێنەرن.
بەپێی ئاماری ڕێكخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، بە شێوەی مامناوەند هەر کاتژمێرێک ٣ کەس بههۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لهدهست دهدهن. کۆی کوژراو و بریندارەکانی ساڵێک بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆوه، بەرابەری کوژراو و بریندارەکانی بومەلەزەیەکی بەهێزە. لە ئاکامی ڕووداوی جادەیی و ڕووداوی هاتووچۆدا، وێرای گیان لهدهستدانی مرۆڤهكان، ساڵانە ١٨ میلیارد دۆلاریش زیانی ماڵی لێدەکەوێتەوە.
شیاوی باسه کە جاددەکانی ئێران بە هۆی پێڕانەگەیشتن لە لایەن دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە و هەروەها ناشارهزا بوونی کاربەدەستانی ڕژیم لە باری بەڕێوەبردنی ترافیکی نێو و دەرەوەی شار، لە زومڕەی مەرگبارترین جاددەکانن لە ئاستی دنیادایه. لە شارەکان بە هۆی نەبوونی پرد و تۆنێلی هاتووچۆی پیادە، و لە زۆرێك له شوێنەکان بەهۆی کەمبوونی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری وەک چرای ڕێنمایی، خەت کێشی شەقامەکان، هێما و تابلۆی شۆفیری و هیتر کۆمەڵێک ڕووداو ڕوویانداوە کە بە هاسانی شیاوی پێشگیرین. بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ژێر چاودێری وەزارەتی ڕێگاوباندا بڵاو کراونەتەوە، ئاماری پێكدادانی جادەیی لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ باقی وڵاتان بە نیسبەتی جەمعیەت، بانترین پێگەی جیهانی هەیە.
دۆزینەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی مەرگ و میری ئینسانەکان بە هەر هۆیەک بێت و لەوانە بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، بەبێ لێکدانەوەی ماهییەتی نیزامی حکومەتی و سیستمی مودیریەتی و ئیدارەی سیاسی ئەو کۆمەڵگایە ئیمکانپەزیر نییە. ڕاستە کە کەس ناتوانێ بە وردی کاتی ڕوودانی بومەلەرزە و هێندێک لە بەڵا سرووشتییەکان دیاری بکات، بەڵام ئەگەر ئیدارەیەکی بەر پرس لە ئارادا بێت و سیستمی مودیریەتییەکەی ئاوێتەی گەندەڵی ئیداری و ماڵی نەبێت، تەنانەت ئاستی کارەساتی سەرچاوە گرتوو لە بەڵا سروشتیەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر دەکرێ کەم بکرێنەوە. لە دەزگای ئیداری گەندەڵ و دواکەوتوی کۆماری ئیسلامیدا، نە ئەساسەن هیچ گەڵاڵە و تەرحێک بۆ بەرگرتن لە ڕوودانی ڕووداوەکان بوونی نییه و نە سیستمی بێ کیفایەت و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی توانایی پیادە کردنی تەرحە کارناسی کراوەکانی، هەیە. هەر تەرح و گەڵاڵەیەکیش کە هەیانبێت ئەساسەن بیانوو و بەهانەیەکە بۆ سوئیستیفادەی ماڵی و تاڵان و بڕۆ.
بۆ بەرگرتن لە ڕووداوەکان، بە تایبەت ڕووداوە شیاوی پێش بینی و شیاوی پێشگیرییەکان، و چ لە کاردانەوە بە ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان، ئەگەر کۆماری ئیسلامی تەرحی دژی ئینسانی نیزامی و ئەمنییەتی خۆی کە لە بنەمادا لە خزمەت سەرکوتی خەڵکدان، بنێتە لاوە و بەشێک لەم هەزینە زۆرانەی بەبێ بە هەدەردان بۆ پرۆژەی ئیمن سازی، نۆژەن کردنەوە، چاک کردنی جاددەکان و بارهێنانی گشتی تەرخان بکات؛ نە تەلەفاتێک لەم ئاستەدا بوونی دەبێت و نە زیانێکی ماڵی زۆری لەم ئاستەدا. ئەگەر لەو میلیارد دۆلارانەی کە سەرفی ئامانجی کۆنەپەرستانەی خۆی لە سوورییە، لوبنان، عێڕاق و یەمەنی دەکات، کەم بکاتەوە و بیکاتە خەرجی درووستکردنی سیستمێکی گواستنەوە و گەیاندنی گشتی ڕێکوپێک، درووستکردنی هێڵی ئاسن، گۆڕین و نۆژەن کردنەوەی جاددەکان و پهروهرده و کۆنترۆڵی هاتووچۆ، شاهیدی مەرگی ٣ کەس لە کاتژمێرێکدا نابین.
بەڵام ڕژیمێک کە بێجگە لە مانەوەی خۆی بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکاتەوە، ڕژیمێک کە بە شەپۆلی ئێعدامەکان کەش و ههوای سەرکوتی توندتر کردۆتەوە، ڕژیمێک کە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی نا ئەمن، ژینگەیانی وێران، جاددەکانی مەرگبار و مرۆڤهکانی بەرەوڕووی مەرگی نابەوەخت کردووهتەوە. وەها ڕژیمێک تەنیا بە خەباتی یەکگرتوانە دەکرێ بەچۆکدا بێت تا مل بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک بدات. ئەم ڕژیمە تەنیا بە خەباتێکی یەکپارچە و یەکگرتوانە دەکرێ بڕوخێندرێت.
دوایین وتاری رۆژ