لە سەروبەندی ساڵیادی ئاخێزی خەزەڵوەری ١٣٩٨داین، ڕووداوێکی کە لە بیرەوەریی کۆمەڵگەی ئێراندا بە ناوی “خەزەڵوەری خوێناویی” تۆمار کراوە. ئەم ئاخێزە لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بەنزین دەستی پێکرد و بوو بە یەکێک لە گەورەترین و فراوانترین ناڕەزایەتییە دژەحکومییەکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. ناڕەزایەتییەکان لە ماوەیەکی کەمدا بۆ نزیکەی دوو سەد شار و سەدان خاڵی وڵات پەرەی سەند و حکومت بە سەرکوتێکی توندوتیژ، پچڕانی سەرتاسەریی ئینتەرنێت و کوشتارێکی بەرفراوانی خۆپیشاندەران وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، یادی گیانبەختکردووانی خەزەڵوەر بووەتە هێمایەکی خۆڕاگریی بەکۆمەڵ و پێوەندیی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان لە ئێران، پەیوەندییەکی کە بەردەوامییەکەی بە ڕوونی لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“دا دەبینرێت.
کۆماری ئیسلامی بە ڕاگەیاندن و جێبەجێکردنی هاوکاتی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، جەماوەری خەڵکی تووشی شۆک کرد و لە کردەوەدا هەژارانی شار و ئەو گەنجانەی لە هەژاری و بێکاری بێزار ببوون، هێنایە سەر شەقامەکان. وادیار بوو حکومت بە پلانێکی پێشوەختە مەبەستی بوو لە هەنگاوە یەکەمەکاندا شۆڕشەکە لە خوێن بگەوزێنێت و لە یەک ڕۆژدا ئاگری تووڕەیی سەرکوتکراوی چینی هەژار و دەستکورت خامۆش بکات. بەڵام هەڵچوونی ئەم توێژە هەژار و پەراوێزخراوە. و خێرایی سەرسوڕهێنەری سەرتاسەریبوونی، هاوکێشەکانی حکومەتی تێکدا و لەرزەی خستە گیانی. ئەم ڕووداوە دیسانەوە نیشانی دا کە گۆڕانکارییەکی مێژوویی و قووڵ لە کۆمەڵگەی ئێراندا خەریکە سەر هەڵدەدات.
ئاخێزی خەزەڵوەر دیاردەیەکی لەناکاو و بێپێشینە نەبوو. قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداریی ئێران و دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی سیاسەتە ئابوورییە نیۆلیبرالیەکان و ئاوێتەبوون لەگەڵ دەسەڵاتداریی مەزهەبی، گەندەڵی و ڕانتخۆری، هەژاری و مەحرومیتێکی بێوێنەیان بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندبوو. ئەم بارودۆخە لە زووەوە زەمینە بابەتییەکانی هەڵچوونی کۆمەڵگەی فەراهەم کردبوو. گەڕانەوە و توندتربوونی گەمارۆ ئابوورییەکان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ و کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای کڕینی کرێکاران و توێژە کەمداهاتەکان ئەم زەمینانەی خۆشتر کرد. لە پاڵ ئەوەدا، پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، خەباتە سەرتاسەرییەکانی موعەلیمان و خانەنشینکراوان، سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری و ئامادەبوونی پڕجۆش و خرۆشی ژنان لەم خەباتانەدا، ڕوودانی تەقینەوەیەکی لەو چەشنەی کردبوو بە ئەگەرێکی حەتمی.
ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ دەبێت وەکو درێژکراوەی ئاخێزی بەفرانباری ١٣٩٦ سەیر بکرێت، بەو جیاوازییەی کە پانتاییەکی فراوانتر و هێزێکی زیاتری هەبوو. بزوێنەری سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیە هەژارانی شار، گەنجانی بێکار و پەراوێزخراوەکان بوون. ئەم ئاخێزە سەرتاسەرییە، وەک هەر بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێزی تر، هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی گۆڕی و زەمینەیەکی گونجاوتری بۆ پەرەپێدانی خەباتە ئابووری و سیاسییەکان ڕەخساند. خەزەڵوەر دیسانەوە زەوییەکەی بۆ گەشەکردنی خەباتی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تر کێڵا و نیشانی دا کە چۆن ئەم دەرئەنجامانە دەبنە پاڵنەر و بزوێنەرێکی بەهێز بۆ خەبات و ورەی کرێکاران بۆ خۆڕاگریی بەهێزتر دەکەن.
ئامادەبوونی گەنجان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لەم ناڕەزایەتییانەدا و هاوخەباتیی و یەکگرتویی ئەوان لە بەرانبەر هێزەکانی سەرکوتدا نیشانی دا کە ئەو ترسەی حکومت بە پشتیوانیی دەزگای سەرکوت لە دڵەکاندا چاندبووی، جێگەی خۆی داوە بە تووڕەیی، هاوخەباتی و خۆڕاگریی. ئەم بزووتنەوەیە هەروەها ئاشکرای کرد کە کۆمەڵگەیەکی پرجۆشوخۆش و خەباتکار چۆن ڕێبەران و ڕێکخەرانی نوێ پەروەردە دەکات و دەیانهێنێتە مەیدان. گۆڕانکارییەکی لەو چەشنە زەمینەی پەیوەندیی بۆ نێوان ئەم ڕێبەرانە، دروستکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی و خەبات و تێکۆشانە خۆجێییەکان و هەنگاونان بەرەو دامەزراوە جەماوەری و شۆڕاییەکانی لە گەڕەکەکاندا فەراهەم کردووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئاخێزی خەزەڵوەر ئەوە بوو کە هەژاران و گەنجانی لە شارە گەورە و بچووکەکاندا بە شێوەیەکی هاوکات بزواند. شارەکانی کوردستان و خوزستان کە لە ئاخێزی بەفرانباردا تا ڕادەیەک لە حەرەکەتی سەرتاسەری دواکەوتبوون، ئەم جارە لە هەمان سەرەتاوە بەشدارییەکی ڕوون و بەرچاویان لە ناڕەزایەتییەکاندا هەبوو. خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان نیشانیان دا کە بە پێچەوانەی ئەو ڕێنوێنی و ڕێوشوێنانەی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بۆیان دادەڕێژن، بۆ ڕزگاری لە دەست کۆماری ئیسلامی هیچ ڕێگەیەکیان نییە جگە لە هاوخەباتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەریی.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومت لە کوشتاری خۆپیشاندەران، بریتی بوو لە سەپاندنی کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا و بەتایبەت چاوترسێنکردنی نەوەکانی دوای دەیەی شەست. بەڵام حکومت لە گەیشتن بەم ئامانجەدا سەرکەوتوو نەبوو. خەڵک نەک هەر لە ئاست ئەو سەرکوتە خوێناوییە دا بەچۆکدا نەهاتن، بەڵکوو بە دەربڕینی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان، ترسی مەرگیان خستە جەستەی حکومەتەوە. دەستبەجێ دوای ئەم تاوانانە، ڕێکخراو و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، خانەنشینکراوان، موعەلیمان، نووسەران و هونەرمەندان لە ناوخۆی وڵات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و ڕاگەیەندراو ئەو جینایەتەیان مەحکووم کرد. مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان بێوچان بەردەوام بوون و بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزدا، لە ناو گەمارۆی هێزە ئەمنییەکاندا، بە کۆبوونەوەی شکۆدار تاوانەکانی حکومەتی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێران بەم کوشتارە ترسناکە چاوترسێن نەبووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاخێزی خەزەڵوەر وەک ئاخێزی بەفرانبار، سەرەڕای فیدکاری و گیانفیدایی بەدیهێنەرانی و سەرەڕای دەستکەوتە گەورەکانی، دوای نزیکەی هەفتەیەک دامرکایەوە. کرێکارانی کارگەکان و کۆمەڵگە گەورە پیشەییەکان، کە بە خەباتی بەردەوامی خۆیان زەمینە بابەتییەکانی ئەم ئاخێزەیان فەراهەم کردبوو، ئەم جارەش ئامادەیی ئەوەیان نەبوو کە بە مانگرتنی هەماهەنگ و سەرتاسەری لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا بە خەباتی هاوچینەکانی خۆیانەوە لە شەقامەکان پەیوەست بن. پەیوەندییەکی لەو چەشنە دەیتوانی دەزگای سەرکوت زەمینگیر بکات و ڕێگا بۆ مانگرتنی سیاسیی گشتی خۆش بکات. نەبوونی ئەم ئەڵقەیە یەکێک بوو لە گرنگترین کەموکوڕییەکانی ئەم ئاخێزە جەماوەرییە. لە ڕاستیدا، ئاخێزی خەزەڵوەر تەنها بەشێک لە هێزی چاوەڕوانکراوی خۆی هێنابووە مەیدان و خۆی بۆ شەڕێکی کۆتایی ئامادە نەکردبوو.
حکومت بە کوشتنی زیاتر لە هەزار و پێنج سەد کەس، کە زۆربەیان گەنج بوون، و بە بریندارکردن، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی هەزاران کەسی تر، ئەم بزووتنەوەیەی ناچار بە پاشەکشە کرد. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێیانوابوو کە بە هاوکاریی پەتای کۆرۆنا توانیویانە خۆیان لە ژێر گوشاری بزووتنەوەی دادخوازی بۆ گیانبەختکردووانی خەزەڵوەر دەرباز بکەن. بەڵام ڕووداوەکانی ساڵانی دواتر، و بەتایبەت ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“، نیشانی دا کە لە قوڵایی کۆمەڵگەدا هێزێکی گەورەتر خەریکە سەر هەڵدەدات. خەزەڵوەری ٩٨ نەک کۆتایی ڕێگە، بەڵکوو ئەلقەیەکە لە زنجیرەیەک کە هێشتا بەردەوامە.
