دیار مەحموودیان، هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شارستانی شنۆ، بۆ دووەمین جار لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بێ نیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئێوارەی سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، هێزە حکوومییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دیار مەحموودیان لە گوندی «شاهوانە» سەر بە شارستانی شنۆ و دەستبەسەریان کردووە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم کردەوەیە بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگە یان فەرمانێکی دادوەری بووە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنیەوە ئاشکرا نەکراوە.
