کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری کۆڵبەران و سووختبەران، سەرەنجام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێنایە قسە

IMG 6254

ڕۆژی ۲۳ی سێپتامبری ۲۰۲۶، چوار ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەواڵنێرانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەسێدارەدانە خێرا و سەرەڕۆیانەکان، هەژاریی قووڵ و مافی کەمینەکان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد کە کۆتایی بە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و کوشتوبڕ لە دژی کۆڵبەرانی کورد و سووختبەرانی بەلووچ بهێنن. ئەوان خوازیاری لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بوون سەبارەت بە تاک تاکی ئەو کەسانەی کە بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەو هەواڵنێرانە جەختیان کردەوە کە کۆڵبەران و سووختبەران لە پەراوێزخراوترین توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانن و “نابێت باجی ئەم هەژارییە بە گیانی خۆیان بدەن“.

هێنانەئارای ئەم بابەتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە هەموو شەوێک لە شاخە سەخت و هەڵدێرەکانی بانه، مەریوان و نەوسوود یان لە ڕێگاکانی سەراوان و ئێرانشار گیانی خۆیان دەخەنە سەر دەستیان، بەیاننامەکان تەنیا کاتێک مانا دەبەخشن کە ببنە گوشارێکی ڕاستەقینە بۆ ڕاگرتنی کوشتار و بنبڕکردنی هۆکارەکانی.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، نە تەنیا لە وڵاتە پێشکەوتوو و گەشەسەندووەکان و نە تەنیا لەو وڵاتانەی کە کرێکاران تێیاندا لە کەمترین ماف و ئەمنییەت بەهرەمەندن، بەڵکوو لە بەشێکی زۆری جیهان، ڕۆژانە ملیۆنان تۆن کەلوپەل بە کەشتی، قەتار و بارهەڵگر دەگوێزرێنەوە، بەبێ ئەوەی کەس ناچار بێت لە سەختترین و نائاساییترین دۆخی ژیان و کاردا، لەژێر دەستڕێژی گوللە و لەسەر مەیدانی مین، کەلوپەل بەکۆڵ بپەڕێنێتەوە بۆ ئەمدیو و ئەودیوی سنوور. بەڵام لە کوردستانی ئێران، پیاوانی گەنج و بەساڵاچووان و تەنانەت هەندێک جار تازەلاوان و ژنانیش، کۆڵەباری قورس بەناو بەفر و بۆران و لە شاخ و هەردە سەختەکان دەپەڕێننەوە. لە بەلووچستان، سووختبەران بە ئۆتۆمبێلی کۆن و بەرمیل و مەخزەنی پڕ لە بەنزین و گازوایلەوە بەو ڕێرەوانەدا دەڕۆن کە هەر ساتێک مەترسیی ڕاوەدوونان، وەرگەڕان و ئاگرکەوتنەوە هەڕەشە لە گیانیان دەکات.

کۆڵبەری و سووختبەری بژاردە نییە، ناچارییە. ئاستی هەژاری، دەستکورتی و بێکاری لە کوردستان و بەلووچستان ئەوەندە بەربڵاوە کە تەنانەت ئەو مەترسییە ئاشکرایانەی کە بەردەوام بۆسەیان بۆ ئەم زەحمەتکێشانە ناوەتەوە، ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات. ئەم دیاردەیە بەرهەمی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵ سیاسەتی هەڵاواردن، بێبەشکردنی ناوچە سنورییەکان و نەبوونی هیچ بەرنامەیەکی جیددییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لەم ناوچانە.

کۆماری ئیسلامی هیچ ئامارێکی فەرمی لە کوژرانی کۆڵبەران و سووختبەران بڵاو ناکاتەوە و، بەگوێرەی بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەژمارکردنی کوژراوەکان سپێردراوە بە بنەماڵەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان. بەم حاڵەشەوە، هەر ئەم ئامارە ناتەواوانەش دیمەنێکی ترسناک دەخەنەڕوو:

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۶ەوە لانیکەم ۱۲ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنورپارێز یان سپای پاسداران کوژراون. تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا، حەوت کۆڵبەر لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوە کراونەتە ئامانجی گوللە و چەند کەسیان لە کاتی تەقەکردنەکەدا هیچ بارێکیان پێنەبووە. مادح کرمانی، کۆڵبەرێکی ۴۴ ساڵەی خەڵکی مەریوان، ڕۆژی ۲۸ی ژوئیە لە ماڵ هاتە دەرەوە و ئیتر هیچکات نەگەڕایەوە. لە مانگی ژانویەوە تا ئاگۆستی ۲۰۲۶، لانیکەم ۱۳ سووختبەری بەلووچ بەهۆی تەقەکردن، ڕاوەدوونان و هەوڵە ئەمنییەکانی دیکەی هێزە نیزامییەکان گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی ۲۰۲۵دا لانیکەم ۱۹ کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگاكانی کوردستان و کرماشان گیانیان لەدەستداوە کە ۱۵ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان کوژراون. لانیکەم ١٩ کۆڵبەریش بریندار بوون کە ۲۰ حاڵەتیان بەهۆی تەقەکردن یان ئەزییەت و ئازاری هێزە نیزامییەکانەوە بووە. سنوورەکانی بانه و مەریوان، بە ۹ و ۶ کوژراو، لە زومرەی مەترسیدارترین ناوچەکان بوون. لە بەلووچستان، لە ساڵی ۲۰۲۴دا ژمارەی سووختبەرانی کوژراو و بریندار گەیشتە ۳۷۵ کەس (۲۴۰ کوژراو و ۱۳۵ بریندار) کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر بە ڕێژەی ۵۴ لەسەد زیادی کردبوو. تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبری ۲۰۲۵دا لانیکەم ۱۸ سووختبەری بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان بەهۆی ڕاوەدوونان و هیتر… گیانیان لەدەستدا. پێویستە بەم ئامارە کارەساتبارانە ژمارەیەکی زۆر لەو زەحمەتکێشانەش زیاد بکرێت کە بریندار دەبن و زۆربەیان بۆ هەمیشە تووشی لەکارکەوتوویی دەبن. کوشتنی کۆڵبەران و سووختبەران نابێت ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و ڕۆژانە کە تێیدا تەنیا شاهیدی زیادبوونی ژمارەیەکی تر بە لیستی مەرگی تراژیدیکی خەڵکی زەحمەتکێش بین.

دەسەڵات هەمیشە کۆڵبەران و سووختبەرانی بە “قاچاخچی” ناودێر کردووە و بەم بیانووەش، تەقەکردن لە مرۆڤی بێ‌چەک پاساو دەکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە قاچاخی گەورەی کەلوپەل و سووتەمەنی لە ئێران لە ڕێگە فەرمییەکان و لەو بەندەرانەوە دەکرێت کە لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوە دەسەڵاتدارە بەهێزەکاندایە، نەک لەسەر شانی کرێکارێکی کە بە بارێکی چەند دە کیلۆییەوە بە هەواز و نشێوەکاندا تێدەپەڕێت. ڕاپۆرتێرانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەبیریان هێناوەتەوە کە هەژاری هەرگیز ناتوانێت پاساو بێت بۆ بەکارهێنانی هێزی کوشندە، و گومانبردن لە سەرپێچیی گومرگی، خۆی لە خۆیدا، مەترسی نییە بۆ سەر گیانی کەس.

دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە هاوینی ۲۰۲۵دا، ئەم ڕەوتە توندتر بووەوە. کۆنترۆڵی سنوورەکان لە کوردستان زۆر توندتر کرایەوە و بەرپرسانی دەسەڵات کۆڵبەرانیان بە “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و “قاچاخی کەرەستەی نیزامیی” تۆمەتبار کرد. بەم شێوەیە، سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەزاران بنەماڵەی کورد بڕدرا و تۆمەت لێدانی ئەمنیش بووە بە پاساوێکی نوێ بۆ تەقەکردنی بێ‌پەروا. لە بەلووچستانیش داخرانی دەروازە سنورییەکان و توندکردنەوەی گوشار لەسەر سووختبەران لە خەرمانانی ۱۴۰۴دا بووە هۆی مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتی لە شارە سنورییەکان.

ئەم کوشتارانە بەشێکن لە ئۆلگۆیەکی بەربڵاوتر. بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان مەرگی کۆڵبەران و سووختبەرانی لە پاڵ کوشتاری خۆپیشاندەرانی بەفرانبار، لەسێدارەدانی خێرا و نادادپەروەرانە لە پارێزگا میلیتاریزەکراوەکان و گیانلەدەستدانی لە زیندانەکاندا داناوە. حکوومەتێکی کە وەڵامی ناڕەزایەتیی سەرشەقام بە گوللە و وەڵامی زیندانیی سیاسی بە پەتی سێدارە دەداتەوە، بە هەمان لۆژیک تەماشای کرێکاری برسیی سەرسنووریش دەکات.

کێشەکە لە نەبوونی ئیمکاناتدا نییە، بەڵکوو لە ئەولەویەتەکاندایە. بەپێی بەڵگەنامەکانی بوودجەی ساڵی ۱۴۰۵ کە لەلایەن ڕاگەیاندن و توێژەرانەوە شیکارییان بۆ کراوە، پشکی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامی و ئەمنییەکان لە بوودجەی گشتیی دەوڵەت گەیشتووەتە نزیکەی ۱۶ لەسەد، واتە نزیکەی ۱۰ ملیارد دۆلار، و بوودجەی سپای پاسداران بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو نزیکەی ۲۴ لەسەد زیادی کردووە. ئەم ژمارانە هێشتا سەرچاوەکانی دەرەوەی بوودجەی فەرمی، پشکی نەوت و تۆڕی بەربڵاوی کۆمپانیا ئابوورییەکانی سەر بە دامەزراوە نیزامییەکان ناگرێتەوە.

بە بەشێکی زۆر بچووک لە بوودجە و تێچووی سەرکوت و تیرۆری کۆماری ئیسلامی دەکرێت بۆ کۆڵبەران و سووختبەران کارێکی ئەمن و شیاو دەستەبەر بکرێت و بۆ هەمیشە کۆتایی بەم تراژیدییەی سەدەی بیست و یەکەم بهێنرێت. تەنیا یەک لەسەدی بوودجەی ڕاستەوخۆی نیزامی و ئەمنی، واتە نزیکەی سەد ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، دەتوانێت ببێتە بنەمای سندوقێک بۆ بیمەی بێکاریی دانیشتووانی سەرسنوور، دروستکردنی بازاڕچە سنورییە فەرمییەکان بە چاوەدێری و بەڕێوەبەریی خەڵکی ناوچەکە، و هەروەها سەرمايەگوزاری لە بەشی پێشەسازییە بچووکەکان، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریی لە شارە سنورییەکان. بەڵام دەسەڵاتێکی کە مانەوەی خۆی لە پەرەپێدانی دەزگای سەرکوتدا دەبینێتەوە، سەروەت و سامانی کۆمەڵگە سەرفی گوللە و زیندان دەکات، نەک نان و کار.

خەبات بۆ دابینکردنی کار یان بیمەی بێکاری، پێداویستییەکی بەپەلە و هەنووکەیی خەڵکی زەحمەتکێشە لە سەرانسەری ئێران و لەوانەش لە کوردستان و بەلووچستان. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم خەڵکە بێکارە ناچاربن پەنا ببەنە بەر وەها کارگەلێکی پڕمەترسی، دەبێت ڕژێم ناچار بكرێت دەست لە ڕێگری و کوشتاریان هەڵبگرێت. ویست و داواکارییە بەپەلەکان لەم بوارەدا ڕوونن:

ڕاگرتنی بەپەلە و بێ‌ شەرتومەرجی تەقەکردن لە کۆڵبەران و سووختبەران و هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێنماییانەی کە ڕێگە بە بەکارهێنانی چەکی گەرم لە سنورەکان دەدەن. پاککردنەوەی ناوچە سنورییەکان لە مەیدانەکانی مین کە هێشتاش قوربانی دەگرن. لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ئاشکرا دەربارەی تاک بە تاکی حاڵەتەکانی کوشتار و برینداربوون، و دادگاییکردنی بڕیاردەران و ئەنجامدەران. بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمیی قوربانییان و پێدانی قەرەبوو و پاڵپشتی دەرمانی و بژێویی بۆ برینداران و بنەماڵەی گیانبەختکردووان. ڕاگرتنی دەستبەسەرداگرتنی بار و کەلوپەلی کۆڵبەران و سووختبەران و هەروەها کۆتاییهێنان بە دروستکردنی تۆمەتی  ئەمنی لە دژیان. دابینکردنی بیمەی بێکاری بۆ سەرجەم بێکاران و ڕەخساندنی هەلی کاری ئەمن و بەردەوام لە ناوچە سنورییەکان.

ئەم ویست و داواکارییانە تەنیا بە ناڕەزایەتیی ڕێکخراوی خۆدی جەماوەر بەدەست دێن. پێویستە بەتایبەت خەڵکی شارە سنورییەکانی کوردستان، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی جینایەتەکانی ڕژێم لە سنورەکان بەرز بکەنەوە و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر ئەو توێژە زەحمەتکێشەی کە بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرەومەژی پەنا دەبەنە بەر ئەم کارە پڕمەترسییە، بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە بکاتە قوربانی. دروشمی “نا بۆ سووختبەری، نا بۆ کۆڵبەری” کە لە ناڕەزایەتییەکانی زاهیداندا بەرزکرایەوە، نیشان دەدات کە ئازاری کۆڵبەری کورد و سووختبەری بەلووچ یەک ئازارە و وەڵامەکەشی دەبێت هاوبەش بێت. هاوپشتیی کرێکاران، ڕێکخراوە پیشەییەکان، موعەلیمان و خانەنشینانی سەرانسەری ئێران لەگەڵ کۆڵبەران و سووختبەران، و هەروەها گرێدانی ئەم خەباتە بە بزووتنەوەی گشتی بۆ کار، نان و ئازادی، مەرجی پاشەکشەپێکردنی ئەم ئامێری کوشتارەیە.

لە ئاستی نێونەتەوەییشدا، بەیاننامەی ڕاپۆرتێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ببێتە سەرەتایەک بۆ بەدواداچوونی بەردەوام، نەک کۆتاییەکەی. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، یەکێتییە کرێکارییەکان لە سەرانسەری جیهان و ڕای گشتیی نێودەوڵەتی دەبێت ئەم تاوانانە بەڵگەمەند بکەن، بڵاوی بکەنەوە و کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی وەڵامدانەوە بخەنە ژێر گوشارەوە. جیهانێکی کە ڕۆژانە ملیۆنان تۆن کەلوپەل ئەملاولا پێدەکات بەبێ ئەوەی کەسێک گیانی لەدەست بدات، ناتوانێت لە بەرامبەر مەرگی ئەو کەسانەدا کە لەژێر باری کەلوپەلدا لە کوێستان و ڕێگە سنورییەکانی ئێران دەکوژرێن، بێدەنگ بێت.