ڕۆۆژی چوارشەممە یەکی ڕەزبەر، ساڵی خوێندنی ۱۴۰۵ بۆ ۱۴۰۶ بە فەرمی دەست پێ دەکات و نزیکەی ۱۶ ملیۆن قوتابی لە قۆناغە جیاوازەکاندا دەگەڕێنەوە سەر کلاسەکانی خوێندن، زیاتر لە ۹ ملیۆن کەس لەم ژمارەیە لە قۆناغی سەرەتاییدا دەخوێنن. بەڵام لە پشت ئەم ئامارە گەورانەدا، ڕاستییەکی تاڵ شاراوەتەوە: “گەڕانەوە بۆ قوتابخانە” بۆ منداڵانی ئێران هەمان مانای نییە. بۆ کۆمەڵێک، یەکی ڕەزبەر ڕۆژی دیداری دووبارەی هاوڕێیان و دەستپێکی وەرزێکی نوێیە، بۆ کۆمەڵێکی تر، ڕۆژێکە کە بنەماڵەکانیان بە وردە حیسابێکی سەرپێی گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە توانای دابینکردنی تێچووەکانیان نییە.
ڕۆژی دوشەممە ۳۰ی خەرمانان، جەژنی “شکۆفەکان” بۆ تازە خوێندکارانی پۆلی یەکەم لە قوتابخانەکانی سەرانسەری وڵات بەڕێوە چوو. ئەم ڕێوڕەسمە لە بنەڕەتدا بە ئامانجێکی ڕوون داڕێژرابوو: کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی منداڵێکی کە بۆ یەکەم جار لە ماڵ جیا دەبێتەوە، ئاشنابوونی لەگەڵ ژینگەی قوتابخانە و دروستبوونی یەکەم پەیوەندییە سۆزدارییەکان لەگەڵ موعەلیم و هاوپۆلەکانی. کارکردێکی پەروەردەیی و دەروونناسی کە لە زۆربەی سیستەمەکانی پەروەردەی جیهانیشدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا، جەژنی شکۆفەکان زیاتر لەوەی جەژنێک بێت بۆ منداڵان، بووەتە ڕووداوێک بۆ ڕاگەیاندنەکان. ئەو وێنەیانەی لەم ڕێوڕەسمانە بڵاو دەکرێنەوە، منداڵانێک نیشان دەدەن کە لە قوتابخانە جیاکراوەکانی کچان و کوڕان، بە لیباسی فۆرم و پۆششی زۆرەملێوە، لە ژینگەیەکی تەواو ئەندازیاریکراودا بەرامبەر کامێراکان وەستاون. ئەوەی بڕیار بوو ڕۆژی منداڵ بێت، بووەتە ڕۆژی بەرهەمهێنانی وێنەی فەرمی لە “قوتابخانەیەکی شاد و پڕ لە جۆش و خرۆش“، وێنەیەکی کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ ئەزموونی ڕۆژانەی زۆربەی بنەماڵەکاندا هەیە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و ۱۵۴ هەزار منداڵ چوونەتە پۆلی یەکەم. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و ۲۳۰ هەزار کەس بوو و ڕەوتی چەند ساڵی ڕابردووش نیشان دەدات کە جەماوەری تازە خوێندکار ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێتەوە. دابەزینی ژمارەی پۆلی یەکەمەکان هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی خێرای تێچووەکانی خوێندن و بچووکتربوونەوەی سفرەی بنەماڵەکان ڕووی داوە. بە واتایەکی تر، ئەم ئامارە لە پاڵ داتاکانی ئابووریدا، نیشانەی ئەو بنەماڵانەیە کە یا تۆمارکردنی ناوی منداڵەکەیانیان دوا خستووە، یاخود بە تەواوی ئیمکانی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە.
قورسترین سێبەر لەسەر دەستپێکی ساڵی خوێندن، سێبەری هەژارییە. خەمڵاندنەکان نیشان دەدەن کە ئەمساڵ هەزینەی ئامادەکردنی قوتابییەک بۆ چوونە ناو قوتابخانە گەیشتووەتە نزیکەی ۱۵ ملیۆن تمەن. ئەم ژمارەیە تەنیا نرخی دەفتەر، قەڵەم، کیف و پێداویستییە سەرەتاییەکانە و هێشتا لیباس فۆرم، کەوش، کرێی هاتوچۆی قوتابخانە، کتێبە یاریدەدەرەکانی خوێندن و شەهریەی قوتابخانە تایبەتەکانیش ئەژمار نەکراوە.
بۆ تێگەیشتن لە ئاستی ئەم ژمارەیە، هەر ئەوەندە بەسە بەراوردی بکەین لەگەڵ لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ۱۴۰۵دا، کە نزیکەی ۱۶ ملیۆن و ۶۲۵ هەزار تمەنە. سەبەتەی پێداویستییەکانی قوتابخانەی منداڵێک، نزیکەی یەکسانە بە حەقدەستی مانگێکی تەواوی کرێکارێک. بنەماڵەیەکی کە دوو یا سێ منداڵی قوتابیی هەیە، لە سەروبەندی مانگی ڕەزبەردا دەبێت بە ئەندازەی دوو تا سێ مانگی داهاتەکەی تەنیا بۆ ئامادەکردنی ئەوان تەرخان بکات، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەمان داهات دەبێت کرێی ماڵ، خۆراک و دەوا و دەرمانیش دابین بکات.
هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە، بەرزبوونەوەی ئێجگار زۆری نرخی کەرەستەکانی خوێندنە لە یەک ساڵی ڕابردوودا کە لە نێوان ۵۰ تا ۱۰۰ لەسەد خەمڵێندراوە. تێچووی هاتوچۆی قوتابخانەکانیش لە تاران و شارە گەورەکان نزیکەی ۵۰ لەسەد زیادی کردووە. ئەمە واتە ئەوەی بنەماڵە لە ڕۆژانی سەرەتای ڕەزبەردا دەیدات، تەنیا قیستی یەکەمی ئەو تێچووەیە کە دەبێت تا کۆتایی مانگی جۆزەردان، مانگ بە مانگ دابینی بکات.
گوشاری ئابووری لەسەر بنەماڵەکان بە خێرایی کاریگەریی دەکاتە سەر سیستەمی پەروەردە و کۆمەڵێک دەرئەنجامی یەک لەدوای یەک دروست دەکات: وازهێنان لە خوێندن بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکان و پەراوێزی شارەکان، پەرەسەندنی کاری منداڵان، ئەو منداڵەی لە خوێندن جێماوە، زۆربەی جار دەبێتە هێزی کاری بنەماڵە و ئیمکانی گەڕانەوەی بۆ خوێندن ساڵ بە ساڵ قورستر دەبێت. دابەزینی کوالیتیی پەروەردە بۆ ئەوانەی لە قوتابخانە دەمێننەوە بەڵام لە کتێبی یاریدەدەر، پۆلی بەهێزکردن و ئامرازەکانی فێربوون بێبەشن. پەرەسەندنی نایەکسانیی چینایەتی، مەودای نێوان ئەو قوتابییەی لە قوتابخانەی تایبەت بە هەموو ئیمکاناتێکەوە دەخوێنێت لەگەڵ هاوتەمەنەکەی لە پۆلێکی قەرەباڵغی ئاواییەکی دوورەدەست، ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.
خەمڵاندنە سەربەخۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ و تازەلاو لە تەمەنی خوێندن لە ئێران لە قوتابخانە جێماون. ئەم ژمارەیە ناکرێت تەنیا وەک پێوەرێکی پەروەردەیی سەیر بکرێت، سێ ملیۆن منداڵ لە دەرەوەی قوتابخانە، واتە نەوەیەکی کە لە داهاتوودا لەگەڵ دەرفەتی پیشەیی کەمتر و لاوازیی کۆمەڵایەتی زیاتر ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
هەژاریی بنەماڵەکان تەنیا ڕوویەکی دراوەکەیە. سیستەمی پەروەردە خۆی ساڵانێکە لەگەڵ کێشەی پێکهاتەیی بەرەوڕووە: بودجەیەکی کە لەگەڵ پێداویستییەکاندا نایەتەوە، قوتابخانەکان کە زۆربەیان کۆن و نائەمنن، ئەو کلاسانەی کە هەندێک جار زیاتر لە چل قوتابییان تێدا جێگیر دەکرێت و هەروەها کەمیی موعەلیم کە هەر ساڵە و بە ڕێگەچارەی کاتیی پەردەپۆش دەکرێت. لە ئاوا ژینگەیەکدا، تەنانەت ئەو بنەماڵانەش کە توانیویانە تێچووەکان دابین بکەن، هیچ گەرەنتییەکیان نییە بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی خاوەن کوالیتی وەربگرن. هاوکات سیاسەتڕێژیی ئایدیۆلۆژیش سێبەری بەسەر ئەو بارودۆخە ماددییەدا کێشاوە. هەڵاواردنی ڕەگەزی لە یەکەم ڕۆژەوە، کۆنترۆڵی توندی پۆشش، دەخالەتکردن لە ناوەرۆکی وانەکان و سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکانی قوتابیان، قوتابخانەی لە ژینگەیەک بۆ گەشەی لێهاتوویی و پرسیارکردنەوە کردووە بە شوێنێک بۆ دیسپلین و شۆردنەوەی مێشک. دەرئەنجامەکەی، کەلێنێکی دووڕەهەندییە: کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەند، و جیاوازی نێوان ئەوەی بە فەرمی پێی دەوترێت پەروەردە و ئەوەی کە منداڵان لە ڕاستیدا پێویستیان پێیەتی.
پەروەردەی بێبەرامبەر و گشتی، هم لە یاسای بنەڕەتی ئێران و هم لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکاندا وەک مافێکی بنەڕەتی دانپێدانراوە. بەڵام کاتێک دابینکردنی دەفتەر و کیفی منداڵێک بەقەد حەقدەستی مانگێکی تەواو تێچووی دەبێت، کاتێک قوتابخانە حکومییەکان لە بنەماڵەکان داوای “یارمەتیی ئارەزوومەندانە” دەکەن و کاتێک کوالیتیی پەروەردە بە توانای دانی شەهریەوە دەبەسترێتەوە، ئەم مافە بە کردەوە دەبێتە ئیمتیازێکی چینایەتی، ئیمتیازێکی کە تەنیا بەشێک لە کۆمەڵگە سوودی لێ وەردەگرێت.
پەروەردە بڕبڕەی پشتی گەشە و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگەیەکە، بەڵام لە ئێرانی ئەمڕۆدا، ئەم بڕبڕەی پشتە لەژێر باری هاوكاتی هەژاریی بنەماڵەکان، کەمیی سەرچاوەکان، داڕمانی ژێرخانی ئابووری و ئەولەوییەتە ئایدیۆلۆژییەکاندا چەماوەتەوە. یەکی ڕەزبەری ۱۴۰۵ دەکرا ڕۆژی ئومێد بێت، بەڵام ئەمڕۆ هەر زەنگێکی دەستپێکی ساڵی خوێندن، لەبری مژدەیەک بۆ داهاتوو، دەبێتە نمایشێک لە بێبەشی و نایەکسانی.
