کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن

IMG 6165

ڕۆژی چوارشەممە یەکی ڕەزبەر، ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران بە فەرمی دەست پێ دەکات. لەم ڕۆژانەدا زیاتر لە ۱۶ ملیۆن قوتابی و فێرخوازی منداڵ و تازەلاو، زیاتر لە ۴ ملیۆن خوێندکاری زانکۆ، نزیکەی ۲ ملیۆن موعەلیم و هەزاران مامۆستای زانکۆ، جارێکی دیکە ڕێگەی پۆلەکان دەگرنە بەر. زەنگی قوتابخانە بۆ ملیۆنان بنەماڵە نیشانەی دەستپێکی وەرزێک لە تێکۆشان، ئومێد و خۆزگەیە بۆ داهاتووی منداڵەکانیان.

بەڵام لە پاڵ ئەم وێنەیەدا، ڕاستییەکی تاڵ و حاشا هەڵنەگر هەیە: ئامارەکان دەری دەخەن کە زیاتر لە ۳ ملیۆن منداڵی تەمەنی خوێندن، بە هۆی هەژاریی بنەماڵەکانیانەوە لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەش بوون. ئەم ژمارەیە گوزارشت لە ژیانی ملیۆنان منداڵ دەکات کە لە تەمەنێکدا کە دەبێت پێنووس بە دەستەوە بگرن، ناچار بوون بۆ دابینکردنی بژێویی بنەماڵەکانیان لە کارگەی بچووک، شەقام، کێڵگە و چوارڕیانەکاندا کار بکەن.

بێبەشبوونی ملیۆنان منداڵ و تازەلاو لە مافی پەروەردە و فێربوون، ویژدانی هەر مرۆڤێکی وشیار ئازار دەدات. منداڵانی کار و شەقام، بەشێکن لەو دانیشتووانەی کە مافی خوێندنیان هەیە، ئەو منداڵانەی کە هەژاری، بێکاریی دایک و باوک، تێچووە دیار و شاراوەکانی خوێندن و نەبوونی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، لەبری پۆلەکانی درس، ڕەوانەی بازاڕەکانی کاری کردوون. پەروەردە بۆ ئەم منداڵانە نە مافێکی مسۆگەرکراو، بەڵکوو کاڵایەکە کە توانای کڕینیان نییە.

بە ژمارەی ئەم منداڵانە، دەبێت منداڵانی کۆچبەری ئەفغانستانیش زیاد بکرێت، ئەو منداڵانەی بە هۆی نەبوونی بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون، ئاستەنگی ئیداری و سیاسەتی هەڵاواردنکارانە، لە مافی خوێندنی فەرمی بێبەش دەکرێن. هەر منداڵێکی کە لە ئێران دەژێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی لەدایکبوونی و ڕەگەزنامەی دایک و باوکی، مافی خۆیەتی لە خوێندن و پەروەردە بەهرەمەند بێت.

سیستەمی پەروەردەی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا بووەتە مەیدانێک بۆ شۆردنەوەی مێشک و پەرەپێدانی ئایدۆلۆژیای ئایینی. کتێبەکان، بەرنامەکانی پەروەردە و کەشی قوتابخانەکان، زیاتر لەوەی لە خزمەت گەشەپێدانی بیری ڕەخنەگرانە و زانستی هاوچەرخدا بن، لە خزمەت چەسپاندنی باوەڕە فەرمییەکان و پەروەردەکردنی هاووڵاتیی ملکەچدا بوون. ئەم سیستەمە لە پێشکەوتنە زانستییەکان و شێوازە نوێکانی پەروەردە کە لە ئاستی جیهاندا بەکار دەهێنرێن، بەتەواوی دوور کەوتووەتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێم لە پەروەردەدا تووشی شکستی گەورە بوونەتەوە. هێمای بەرچاوی ئەم شکستە، پشتیوانی نەکردن و دوورکەوتنەوەی بەربلاوی گەنجانە لە ئایینی فەرمی و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەی کە ڕووی داوە. ئەو نەوەیەی کە لەم قوتابخانانەدا پەروەردە بوو، لە ڕاپەڕینیژن، ژیان، ئازادیدا بوو بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتی، بەها سەپێنراوەکانی بردە ژێر پرسیار و بە زمان و شێوازی خۆی، خواستی ئازادی و یەکسانیی دەربڕی.

لە کاتێکدا ساڵانە پارەیەکی خەیاڵی و بێشوومار خەرجی پەرەپێدانی چەکوچۆڵی شەڕ، پڕۆژەی سەرکێشانەی نیزامی لە ناوچەکە و بەهێزکردنی دەزگای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکرێت، پەروەردە و فێرکردن لە ڕووی بودجەوە لە بارودۆخێکی ئێجگار خراپدایە. ئەولەوییەتەکانی دەسەڵات ڕوونن: مووشەک لە موعەلیم، سەربازگە لە قوتابخانە، و سەرکوت لە پەروەردەدا بۆ ڕژیم گرنگترن.

ئەنجامی ئەم سیاسەتە لە هەر پۆلێکی درسدا بەڕوونی دەبینرێت. ئامرازەکانی یاریدەدەری فێربوون کە دەتوانن هەم یارمەتیی فێربوونی قوتابیان بدەن و هەم بارگرانیی کاری موعەلیم کەم بکەنەوە، زۆر کەم و کۆنن. پۆلەکانی درس لانی کەم دوو هێندەی توانای ستاندارد، قوتابییان تێدا جێگیر کراوە. ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکانی گوندەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکان، خاوەن پۆلی شێدار، ژووری داڕووخاو، سارد و بێ سووتەمەنی و بێ ڕووناکیی پێویستن.

سەرەڕای هەژاریی ئیمکانات، ژینگەی پەروەردەیی کەشێکی پۆلیسی و ئەمنییەتی بەسەردا سەپێنراوە. ڕژێم بە بەسیجگیری و پەروەردەی کەسانی بەکرێگیراو لە قوتابخانە و زانکۆکان، ئەو شوێنانەی نائەمن کردووە. ژمارەیەک لە موعەلیمانی دڵسۆز و ناڕازی دەستبەسەر کراون و لە بەندیخانەدان. ئەوانەش کە دەستبەسەر نەکراون، هەر جارناجارێک لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ دەکرێت. ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەکانی موعەلیمان بە پەلاماری پۆلیس و دەستبەسەرکردن وەڵام دەدرێتەوە. ڕژێمێکی کە موعەلیمەکانی ڕەوانەی بەندیخانە دەکات، بەڕوونی دەری دەخات کە لە پەروەردەیەکی هۆشیاریبەخش دەترسێت.

ئەمساڵ زەنگی قوتابخانە و زانکۆکان بە کورسییە چۆڵەکانەوە لێدەدرێت. جێگەی ئەو قوتابی و خوێندکارانە چۆڵە کە لە ڕاپەڕینیژن، ژیان، ئازادیو ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا، لە شەقامەکان، لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، بە دەستی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست دا، ئەو لاوانەی کە تەمەنیان نەگەشتبووە بیست ساڵ و تەنیاتاوانیانبریتی بوو لە هاواری ئازادی و یەکسانی. ناوی ئەوان لەسەر دیواری بیرەوەریی ئەم کۆمەڵگەیە نووسراوەتەوە و بووەتە دادنامەیەک دژ بە دەسەڵاتێکی کە لە بری وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی نەوەی گەنج، گوللەی هەڵبژارد.

هەروەها جێگەی چۆڵی قوتابیانی قوتابخانەی میناب، ئەو منداڵانەی لە شەڕێکی دژە خەڵکیدا، بە هێرشی مووشەکی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر قوتابخانەکەیان، زیاتر لە سەد کەسیان گیانیان لەدەست دا. ئەم کارەساتە نیشانی دا کە لە شەڕی نێوان دەوڵەتەکاندا، یەکەم قوربانی، بریتین لە منداڵان و خەڵکی بێ دیفاع. ئەوانەی بە هەزینەی سەر سفرەی خەڵک مووشەک کەڵەکە دەکەن و ئەوانەی لە هەزاران کیلومەتر دوورترەوە ئاگر بەسەر شارەکاندا دەبارێنن، هەردووکیان لە یەک شتدا هاوبەشن: بێبەهاکردنی گیانی مرۆڤە ئاساییەکان. قوتابخانەیەکی کە دەبوو پەناگەیەکی ئەمن بێت بۆ منداڵان، بوو بە گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوتابیان. یادەوەریی ئەم منداڵانە و یادی گیانبەختکردووانی شەقامەکان، لەبێر ناچێت و بەرپرسیارێتییەکەی بە تێپەڕبوونی زەمەن کۆتایی نایەت.

بۆ قوتابیان، هەنگاونان بەرەو پۆلێکی سەرتر و دیداری هاوڕێیان و هاویارییەکانیان، شادی و خۆشی دەخوڵقێنێت. بەڵام بۆ موعەلیمان، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، دەستپێکی ساڵێکی پڕ لە ڕەنجی دیکەیە، ساڵێک بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو کێشانەی کە ئەمساڵ و هەرساڵ بەرۆکیان پێدەگرێت.

کەمبوونی حەقدەستی موعەلیمان لە بەرانبەر هەڵاوسان و گرانیی هەوسارپچڕاو، ژیانی توێژی بەرینی موعەلیمانی خستووەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. زۆربەیان بۆ دابینکردنی بژێویی بنەماڵەکانیان، ناچارن دوای تەواوبوونی کار لە قوتابخانە، ڕوو لە پیشەی دووەم بکەن. کاتژمێرە تاقەتپڕوکێنەکانی کار، نە تەنیا دەرفەتێک بۆ بەهرەمەندبوون لە کۆڕی گەرمی بنەماڵەیان بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کوالێتیی وانەوتنەوەش دادەبەزێنێت.

سیستەمی ناهەماهەنگی پرداختکردنی حەقدەست، موعەلیمانی بە بەراورد لەگەڵ مووچەخۆرانی دیکەی دەوڵەتیدا بە کردەوە کردووە بە هاووڵاتیی پلە دوو. پیشەی موعەلیمی نە تەنیا ڕێزی لێ ناگیڕێت، بەڵکوو لەگەڵ هەڵاواردن و سووکایەتیش بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەزاران موعەلیمی نیوە وەخت و نافەرمی، بە گرێبەستی کاتی و کەمترین حەقدەست، ساڵانێکە لە دوورترین شوێنەکانی وڵات سەرقاڵی کارن، بەبێ ئەوەی تەنانەت لە بوونی دەفتەرچەی بیمەش بەهرەمەند بن. بەشێکی زۆر لەو موعەلیمانە، مانگەکانی هاوین بە کرێکاری و سەختترین کارەکان تێدەپەڕێنن و ساڵی نوێی خوێندن بە جەستەیەکی ماندوو و شەکەتەوە دەست پێ دەکەنەوە.

بە هەموو ئەم دژوارییانەوە، ئەوەی کە جێگەی ئومێدە، ئەو ڕاستییەیەکە کە موعەلیمانی ئیران تەسلیم نەبوون. کۆبوونەوە سەراسەرییەکان، مانگرتنەکان، بەیاننامەی ڕێکخراوە پیشەییەکان و حزووری موعەلیمان شانبەشانی کرێکاران، خانەنشینان و بنەماڵە دادخوازەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بەشێک بووە لە بزووتنەوەی زیندووی کۆمەڵگە.

لە ئیرانی ئازادی سبەی ڕۆژدا، بە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و جیاکردنەوەی پەروەردە لە بیری ئایینی، هەموو تواناکانی قوتابیان لە بری بیرۆکە خورافییەکان، ڕوو لە پەروەردەی زانستی، بیری ڕەخنەگرانە و لێهاتوویی و داهێنانەکانی ژیان دەکات. لەو کۆمەڵگەیەدا، هیچ منداڵێک بە هۆی هەژاری، ڕەگەزنامە، زمان، ڕەگەز یان شوێنی ژیان لە خوێندن بێبەش نابێت. پەروەردەی بێبەرانبەر و گشتی، مافێکی مسۆگەرکراوی هەر منداڵێک دەبێت و قوتابخانەکانی گوند و شار لە ئیمکاناتی پێشکەوتووی سەردەم بەهرەمەند دەبن. منداڵان بە زمانی دایکیی خۆیان دەخوێنن و موعەلیمان لە جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی، بژێویی شایستە و ئەمنییەتی پیشەیی بەهرەمەند دەبن.

لە ئاوا بارودۆخێکدا، بەهرەکان گەشە دەکەن و سەرمایەی گەورەی مرۆڤیی ئەم وڵاتە، لە بری بەهەدەرچوون بەهۆی هەژاریی و شەڕ و سەرکوتەوە، دەکەوێتە خزمەت گەشەپێدان، ئازادی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی قوتابیان، خوێندکاران، موعەلیمان و سەرجەم کارمەندانی قوتابخانە و زانکۆکانی ئیران دەکات. یادی قوتابیان و خوێندکارانی گیانبەختکردووی شەقامەکان، منداڵانی قوتابخانەی میناب و موعەلیمانی بەندکراو بەرز ڕادەگرین و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی سەرجەم موعەلیم و خوێندکارە بەندکراوەکانین.

بەو هیوایەی کە لە ساڵی نوێی خوێندندا، ناوەندە پەروەردەییەکانی ئیران لە سەرانسەری وڵات، بەردەوام پێشەنگی ناڕەزایەتی و خەباتی مافخوازانەی جەماوەر بن، قوتابخانە و زانکۆ هەروا سەنگەری وشیاری، هاوپشتی و ئازادیخوازی بمێنێتەوە و نەوەی نوێ، ئاڵاهەڵگری بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و ئینسانی بێت.

کۆمیتەیناوەندییحیزبیکۆمۆنیستیئیران

۲۶ی خەرمانانی ۱۴۰۵