کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان

IMG 20260913 220541 990

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا

چوار ساڵ بەسەر کۆچی سووری ژینا ئەمینی و تەقینەوەی بورکانی ئەو ئاخێزە جەماوەرییە شکۆدارەدا تێدەپەڕێت کە لە سەقز و لە بێشکەی کوردستانەوە بڵێسەی سەند و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاسۆی سەرتاسەری ئێرانی ڕووناکتر کردەوە. ژینا تەنیا ناوی کیژێکی لاو نەبوو، بەڵکوو بوو بە هێمای ڕەنج، تووڕەیی و ئاواتی ئازادیی جەماوەرێک کە ساڵانێکە لەژێر سێبەری شوومی سەرکوت، هەڵاواردن، هەژاری و بێ مافیدا هەناسەیان دەچنرێت.

ئەمڕۆ، پاش چوار ساڵ، نە تەنیا زامی ئەو تاوانە ساڕێژ نەبووە، بەڵکوو سفره‌ی خەڵک بچووکتر، ژیان دژوارتر و داهاتووش نادیار و تەمومژاویتر دەنوێنێ. گرانیی لەڕادەبەدەر، بێکاری، حەقدەستی کەم، هەژاری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی و بێتوانایی بنەماڵەکان لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان، ملیۆنان مرۆڤی گەیاندووەتە لێواری کەندڕی کارەسات. لە بەرامبەر ئەم هەموو ڕەنج و نەهامەتییەدا، وەڵامی دەسەڵات نەک باشترکردنی گوزەران و کردنەوەی ڕۆچنەیەک بە ڕووی داهاتووی خەڵکدا، بەڵکوو سەرکوت، زیندان، هەرەشە، لەسێدارەدان و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری کەشوهەوای ئەمنی بووە.

حکوومەتێک کە دەیەوێت هەر دەنگێکی ئازادیخوازانە لە بەندیخانەدا کپ بکات و دادخوازیی بنەماڵەکان بە تاوان لەقەڵەم دەدات، هیچ ئاسۆیەکی بۆ باشترکردنی بژیوی و ژیانی خەڵک نییە. لە ئاوا بارودۆخێکدا ناکرێت چاوەڕوانی چاکسازی و کرانەوە بکرێت، کرانەوە تەنیا بە ئیرادە، هاوپشتی و خۆڕاگریی خودی جەماوەر بەدی دێت.

کوردستان پێشتریش چەندین جار هێزی بێوێنەی ئەم هاوپشتییەی خۆی کردووەتە دروشمی مێژوو. مانگرتنە بەربڵاو، سەرکەوتوو و شکۆدارەکانی لە شار و بازاڕەکانی کوردستان، لە سەقز، سنە و دیواندەرەوە بگرە تا مهاباد، مەریوان، بانه، بۆکان، کرماشان و تا شنۆ و پیرانشار و شارەکانی تر، سەلماندوویانە کە کاتێک دوکانەکان دادەخرێن، شەقامەکان بێدەنگییەکی وەها مانادار لە خۆ دەگرن کە هەر دەنگێکی نەیار کپ دەکات و ئەو ساتەش کە خەڵک شانبەشانی یەکتر دەوەستن، زایەڵەی ناڕەزایەتییان سنووری هەر سانسۆرێک دەبەزێنێت. مانگرتنی گشتی، هاواری هاوبەشی جەماوەرێکە کە نایهەوێت لە بەرامبەر بێ‌ عەداڵەتیدا سەر دابنەوێنێت، هاوارێک کە لە مێژووی پڕشنگداری خەبات لە کوردستاندا ڕەگاژۆی کردووە.

هەر بۆیە، داوا لە کاسبکاران و بازاڕییان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، موعەلیمان و خوێندکاران، ژنان و گەنجان، شۆفێران، فەرمانبەران و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی شۆڕشگێڕ دەکەین کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، بە داخستنی کار و پیشەکانیان و پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتییەوە، یادی ژینا و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادی بەرز ڕابگرن.

ئەم مانگرتنە، هەڵگری پەیامێکی ڕوونە: ئێمە ملکەچی هەژاری و کۆت و بەندی سەرکوت نابین.

ئێمە لەپێناو ژیانێکی شایستە، ئازادی و یەکسانیدا خۆڕاگریی دەکەین.
ژن، ژیان، ئازادی.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٢ خەرمانانی ١٤٠٥