کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کۆڵبەری؛ گێڕانەوەیەک لە هەژاری، نادادپەروەری و مەرگ

Screenshot 20260810 131026

 

 

لە سەر سنوورەکانی کوردستان، لە شوێنێک لە نێوان شاخە بەردینەکان و ڕێگا مینڕێژکراوەکاندا، هەزاران مرۆڤ ڕۆژانە کێبڕکێ لەگەڵ مەرگ دەکەن، هەڵبەت نەک بۆ قازانج، نە بۆ قاچاخچێتی، نە بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان، بەڵکوو تەنیا بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک کە بیخەنە سەر سفرەی منداڵەکانیان. ناوی ئەم کارە “کۆڵبەرییە”، بەڵام لە ڕاستیدا، کارێکی زۆرەملێیە لە ڕێگاوبانەکانی مەرگدا.

ڕاپۆرتەکانی کۆڵبەرنیوز نیشان دەدەن کە دەستدرێژیکردنە سەر گیانی کۆڵبەران ڕووداوێکی بەهەڵکەوت و ناوبەناو نییە، بەڵکوو ڕەوتێکی سیستماتیک و دووبارەبووەوەیە. لە ۱۵ی گەلاوێژی ۱۴۰۵دا، حەسەن مستەفازادە، کۆڵبەری ۴۹ ساڵە و باوکی سێ منداڵ، لە سنووری هەنگەژاڵی بانه بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کەوتە گیانی لەدەستدا. سەرەتا بردیان بۆ بانه و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە ڕەوانەی تەورێز کرا. هیچ کەس نازانێت ئێستا لە چ بارودۆخێکدایە، تەنیا ئەوەندە دەزانین ئەو فیشەکەی جەستەی ئەوی پێکاو، هەژاریی نەکوشت.

ڕۆژێک پێش ئەوە، گۆران خدر لە هەمان ناوچە کرایە ئامانجی دەستڕێژی گوللە. بەختیار ئەمینی بەهۆی تەقینەوەی مین پێیەکی لەدەست دا. لە یەکی گەلاوێژدا، سوهەیل فیردەوسی، گەنجێکی ۱۸ ساڵەی گوندی دزاوەر، بە فیشەکێک کە بەر سکی کەوت، لە هەمان ساتدا گیانی لەدەست دا. ۳۱ی پوشپەڕ، ڕەسووڵ قەلەندەری، کۆڵبەرێکی تەمەن ۲۱ ساڵەی قەتور، دوای تەقەی سەرەتایی، بە دەستڕێژی دواتری هێزە سنوورییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە، بەبێ هۆشداری و بەشێوەیەکی بێبەزەییانە کوژرا.

ئەمانە تەنیا چەند ناوێکن، چەند ڕوخسارێکن لە نێوان سەدان کەسدا. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ۱۴۰۴دا لانیکەم ۵۷ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان کوژراون یا بریندار بوون. ئەم ژمارەیە، تەنانەت ئەگەر تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکانیش بێت، ئەوپەڕی کارەساتەکە ئاشکرا دەکات.

کۆڵبەری پیشە نییە، پیشە واتە ئاسایش، بیمە، گرێبەست، مووچەی دیاریکراو و ئەگەری گەڕانەوەی بێ مەترسیی بۆ ماڵەوە. کۆڵبەری هیچکام لەمانە نییە.

کۆڵبەر مرۆڤێکە کە لە بەرامبەر کرێیەکی زۆر کەمدا بارێکی قورس لە ڕێگا سەخت و شاخاوییە بەستەڵەک، مینڕێژکراو و پڕ لە بۆسەکانی مەرگ تێپەڕ دەکات و سەرجەم مەترسییەکان لەسەر شانی ئەون. بەڵام بۆ کەسێکی کە هیچ سەرچاوەیەکی تری داهاتی نییە، هەر ئەم کارە پڕ مەترسییە، تەنیا ڕێگای زیندومانەوەیە. هەژاری سنوورەکانی تەمەنی بەزاندووە: تازەلاوانی تەمەن بچووک، پیاوانی سەرووی ۶۰ ساڵ، ژنانی سەرپەرشتی بنەماڵە، گەنجانی خوێندەواری زانکۆ کە دوای تەواوکردنی خوێندن، دەچنە ڕێزی لەشکری بێکارانەوە.

لە گوند و شارە سنوورییەکاندا، نەبوونی کارگە، نەبوونی سەرمایەگوزاری، نەبوونی ژێرخان و نەبوونی بازاڕی کار، خەڵکی بەرەو کارێک پاڵ پێوە ناوه کە کۆتایی هەر سەفەرێکی دەکرێ مەرگ، کەم ئەندامبوون یان ژیان لەگەڵ ئازاری هەمیشەییدا بێت.

لە لایەکی تری ئەم پەیوەندییانەدا، بازرگانان و دەڵاڵان وەستاون و قازانجی سەرەکی بەدەست دەهێنن، بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک هەنگاو بە ڕێگای پڕمەترسی کۆڵبەراندا بڕۆن. کۆڵبەران هێزێکی کاری کرێگرتەن کە پشکێکی زۆر کەمیان لە بەهای ئەم ئاڵوگۆڕانە دەست دەکەوێت، بەڵام هەموو مەترسییەکان لەسەر شانی ئەوانە.

بەم حاڵەشەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساوی تەقەکردنەکان، کۆڵبەران بە “قاچاخچی” دەناسێنن، گێڕانەوەیەکی کە بە ئەنقەست جیاوازیی نێوان کۆڵبەری لەڕووی ناچارییەوە و قاچاخی ڕێکخراو دەشارێتەوە. قاچاخی ڕێکخراو پێویستی بە تۆڕێک لە دەسەڵات، سەرمایە و دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکان هەیە، شتێکی کە کۆڵبەران نە هەیانە و نە ڕۆڵێکی یەکلاکرەوەیان تێیدا هەیە.

لە ناوچە کوردنشینەکان، سیاسەتی گەشەپێدانی ئابووری شوێنی خۆی داوە بە ئەمنییەتیکردن. خەڵک لەناو کارگە، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ژێرخانەکان، ڕووبەڕووی بازگەکانی پشکنین، سنووردارکردنی هاتوچۆ و مەترسیی تەقەکردن دەبنەوە. ئەنجامی ئەم سیاسەتە ڕوونە: پەرەسەندنی هەژاری، وابەستەیی زیاتری خەڵک بە کارە پڕمەترسییەکان و زیادبوونی ژمارەی کۆڵبەران.

کۆڵبەری ئاکامی هەژاری، بێکاری و نادادپەروەریی پێکهاتەییە. تا ئەو کاتەی هەژاری بەسەر ژیانی خەڵکدا زاڵ بێت، قەدەغەکردنی کۆڵبەری بەبێ پێکهێنانی ئەڵتەرناتیڤ و جێگرەوە، تەنیا گوشارەکان زیاتر دەکات. کۆتایی‌هێنان بەم ڕێگای مەرگە، پێویستی بە سیاسەتێکە کە ژیان و کەرامەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بەسەر قازانج، سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی ناوچەکەدا لە پێشینەتر دابنێت. کۆڵبەران نە تاوانبارن و نە مەترسیی ئەمنیین، ئەوان لە زومرەی کرێکارە لەبیرکراوەکانی ئابوورییەکی نەخۆشن و تا ئەو کاتەش کە دەنگی ئەوان نەبیسرێت، سنوورەکانی کوردستان هەروا وەک ڕێگای مەرگ دەمێننەوە.