کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەڕ، هەژاری و لەناوچوونی ژیان لە ئێران

Screenshot 20260803 112222

 

هەژاری لە ئێران ئیتر پرسێک نییە کە تەنیا توێژە کەم‌دەرامەتەکان بگرێتەوە، بەڵکوو بووەتە قەیرانێکی گشتگیر کە توێژی مامناوەند، مووچەخۆران، خانەنشینان و تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە شاغڵانی دەرچووی زانکۆکانیش بەرەو هەرەسی گوزەران و مەعیشەت پاڵ پێوە دەنێت. بەپێی بەیاننامەی کانوونی پیشەیی مامۆستایانی ئێران و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ۱۴۰۵ نزیکەی ۴۱ لەسەد خەمڵێندراوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتەی ئێستا، تا ساڵی ۱۴۰۷ دەگاتە ۴۵٫۵ لەسەد. مانای ڕاشکاوانەی ئەم ژمارانە ئەوەیە کە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵات ڕەنگە توانای دابینکردنی سەرەتایی‌ترین پێداویستییەکانی ژیان، لە خۆراک و خانوو تا دەرمان و پەروەردەیان نەبێت. لە ئاوا دۆخێکدا، شەڕ و نائەمنی ناوچەیی بابەتێکی جیا نین، بەڵکوو هۆکارێکی ترن بۆ خراپتر بوونی دۆخەکە و تێچووی قەیرانەکە زیاتر لە هەمووان دەخەنە سەر شانی خەڵکی ئاسایی.

شەڕ، تەنانەت پێش ئەوەی شارەکان و ژێرخانەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وێران بکات، ئابووری لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لادەدات. زیادبوونی تێچووە سەربازییەکان، نادڵنیایی بازاڕ، هەڵاتنی سەرمایە، دابەزینی سەرمایەگوزاری، تێکچوونی بازرگانی و گواستنەوە، گوشار بۆ سەر داهاتە هەناردەییەکان و بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخی دراو و کەلوپەلە بنەڕەتییەکان، لە زومرەی یەکەم لێکەوتەکانی ئەون. لە ئابوورییەکدا کە لە مێژە بەدەست هەڵاوسانی درێژخایەن، کورتهێنانی بودجە، داڕمانی بەهای پوڵی میللی و لاوازبوونی بەرهەمهێنانەوە دەناڵێنێت، هر گرژی و ئاڵۆزییەکی سەربازی دەتوانێت خێرایی ڕەوتی هەژاربوونی کۆمەڵگە چەند بەرامبەر بکات. ئەو سەرچاوانەی کە دەبێ تەرخان بکرێن بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، باشترکردنی کەرتی دەرمان، دابینکردنی خانوو و پشتیوانیکردنی خانەنشینان، لە کەشوهەوای شەڕدا بەرەو پێداویستییە سەربازی، ئەمنی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەلاڕێدا دەبرێن.

دیارە هەژاری بەربڵاو لە ئێران بەرهەمی شەڕ نییە. بەڵکوو سیاستەکانی چوار دەیەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی، بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگەی لە زووەوە بەرەو هەڵدێری هەژاری و نائەمنیی ئابووری بردووە. بەم حاڵەشەوە، دۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی” و مەترسی بەردەوامی گرژیوئاڵۆزییەکان، دەبێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ئەم قەیرانە پێکهاتەییە. ئاسەوارەکانی لەسەر سفرە و خوانی خەڵک بەڕوونی دەبینرێت ببێنرێت. تێکچوونی ڕەوتی هاوردەکردن یاخود بەرهەمهێنان، نرخی کەرەستەی خۆراکی، دەرمان و وزە بەرز دەکاتەوە و دابەزینی بەهای دراو، حەقدەستی ڕاستەقینە کەم دەکاتەوە. بەرەنگاربوونەوەی ڕێژەی مووچە، ئەگەر لە هەڵاوسان دوا بکەوێت، نەک هەر بە مانای باشتربوونی ژیان نییە بەڵکو جێگیرکردنی هەژارییە. بنەماڵەکان سەرەتا لە بەشی فەرهەنگ، سەیران و پۆشاک کەم دەبڕن، دواتر کوالێتی خۆراک، دەرمان و پەروەردە کەم دەکەنەوە و لە کۆتاییدا پەنا دەبەنە بەر قەرز وەرگرتن، فرۆشتنی دارایی یاخود کاری دووهەم و سێهەم. هەژاریی تەنیا کەمیی داهات نییە، بەڵکوو دابەزینی ئاستی پێداویستییەکانی تەندروستی، دەرفەتی پەروەردەیی، ئاسایشی دەروونی و دەرفەتی بەرنامەداڕشتنە بۆ داهاتوو.

دۆخی موعەلیمان و پەروەردەکاران نموونەیەکی ڕوونی ئەم پرۆسەیەیە. کانوونی سنفی موعەلیمان جەخت دەکاتەوە کە موعەلیمانی شاغڵ و خانەنشین زیاتر لە چوار دەیەیە بەدەست دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین و جیاکاری ئاشکرا لە سیستەمی حەقدەستەوە دەناڵێنن. بڕیار بوو یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە کشوەرییەکان کۆتایی بە بێ‌نەزمی و جیاکاری بهێنێت، بەڵام جێبەجێکردنی ناتەواو و ئارەزوومەندانەی ئەو یاسایە، کەلێنی نێوان داهاتی موعەلیمان و تێچووی ڕاستەقینەی ژیانی  قووڵتر کردووەتەوە. مادەی ۶۴، لانیکەم یان بنەمای دیاریکردنی مووچەی شاغڵان و خانەنشینان هاوسان دەکات، بە هەموو ئەمانەشەوە، ئەم حوکمە زۆر جار جێبەجێ نەکراوە یاخود بە زیانی خانەنشینان لێکدراوەتەوە. سەبارەت بە مادەی ۱۲۵یش دەبێ وردبین بین: ئەم مادەیە زیادبوونی ساڵانەی لانیکەمی مووچەی بەئەندازەی ڕێژەی هەڵاوسان دیاریدەکرد، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا حوکمەکانی بودجە و بڕیارنامە نوێیەکان، جێبەجێکردنیان سنووردار یاخود بە کردەوە بێ‌ئەنجام کردووە. ئاکامەکەی، بریتی بووە لە دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین و خاڵیکردنەوەی مافە یاسایییەکان لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیان.

موعەلیمێک کە بۆ دابینکردنی کرێی خانوو و خەرجی ڕۆژانەی ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر کاری دووهەم و سێهەم، کات و توانای کەمتری بۆ پەروەردەکردن، خوێندنەوە و پەیوەندی لەگەڵ قوتابیاندا دەبێت. دابەزینی کوالێتی پەروەردەش نادادپەروەری سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنێتەوە. بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان دەستیان بە پەروەردەی تایبەت دەگات، بەڵام منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان بە ئیمکانیاتێکی سنووردارترەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێن. بەم شێوەیە، هەژاری ئەمڕۆ دەبێتە هەژاری نەوەیی سبەینێ و شەڕ، بە لەناوبردنی سەرچاوە گشتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەڵاوسان، ئەم ڕەوتە قووڵتر دەکاتەوە.

لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ڕەوتەش بەربڵاون: بچووکبوونەوەی توێژی مامناوەند، زیادبوونی وازهێنان لە خوێندن، کۆچکردنی هێزی پسپۆڕ، پەرەسەندنی کاری ناڕەسمی، نیشانەی کۆمەڵگەیەکەن کە ئەمنییەتی ئابووری خۆی لەدەست دەدات. ئەمانە ئەڵقەکانی زنجیرەیەکەن کە دەسەڵاتی سیاسی، نادادپەروەری چینایەتی و نائەمنیی ئابووری بەیەکەوە دەبەستنەوە.

هەژاری بەربڵاو، کەلێنی قووڵی چینایەتی و چەوسانەوەی بێ‌بەزەییانەی هێزی کار لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نادۆزرێتەوە. لە لایەکی ترەوە، ناکرێت چارەنووسی گوزەرانی خەڵک بسپێردرێت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسا ڕواڵەتییانەی کە دەسەڵات خۆی زۆر جار پێشێل یان بێ‌ کاریگەری کردوون. سەرەڕای هەموو ئەمانە، خەبات بۆ داواکارییە بەپەلە و دیاریکراوەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە نەبەردێکی بەربڵاترە لەپێناو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەوانە: ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕ و کۆتایی‌هێنان بە شەڕخوازی، دیاریکردنی ماف و حەقدەستەکان لەسەر بنەمای هەڵاوسانی ڕاستەقینە و سەبەتەی گوزەران، نەهێشتنی جیاکاری لە نێوان شاغڵان و خانەنشینان، ئاڕاستەکردنی ڕوونی بودجە بەرەو پەروەردە، تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و پشتیوانیکردنی بنەماڵە زیانلێکەوتووەکان، چاکسازی سیستەمی دارایی بە قازانجی توێژە کەم‌دەرامەتەکان، کۆنتڕۆڵکردنی ڕانت و گەندەڵی و هەروەها دابینکردنی بەردەوامی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان. ئەمانە شتێک نین لە سەرەوە بە خەڵکی ببەخشن، بەڵکوو داواکارییەکی گشتی و مافێکی سروشتی خەڵکن.

لە پاڵ سیاسەتی ئابووریدا، ڕۆڵی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و داواکاریی ڕێکخراو، زۆر گرنگە. ئەزموونی موعەلیمان و کۆبوونەوە ڕێکخراوەکانی خانەنشینان لە یەکشەممەکانی ناڕەزایەتیدا دەریخستووە کە کارزار، کۆبوونەوە، مانگرتن و هاوبەشی پیشەیی ئامرازی ڕاستەقینەی گوشارن بۆ سەر دەسەڵات و بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتییان. کۆمەڵگەی ڕێکخراو دەتوانێت ڕێگری بکات لە ئاساییبوونەوەی هەژاری، کپبوونی دەنگی کەم‌دەرامەتەکان و پشتگوێخستنی ویست و داواکاری توێژە کەم‌دەسەڵاتەکان. هیچ مافێکی بەردەوام بێ ڕێکخستن، بەدواداچوونی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگی هێزی کۆمەڵایەتی بەدەست نایەت.

لە کۆتاییدا، شەڕ و هەژاری یارمەتیی یەکتر دەدەن: شەڕ سەرچاوەکان لەناو دەبات،  ڕەوتی بەرهەمهێنان تێکدەدات و هەڵاوسان پەرە پێدەدات، هەژاریش زەمینەی گەشەی ئاسەوارە کارەساتبارە کۆمەڵایەتییەکان بەهێز دەکات. تێکشکاندنی ئەم ڕەوتە بە بەڵێن و ڕێنمایی ناکرێت. ئاشتی‌خوازی، دادپەروەری حەقدەست، کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان، سوودمەندبوونی هەموان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەشداری ڕاستەقینەی ڕێکخراوە سەربەخۆکان، دەبێ ببنە بەشێک لە سیاسەتێکی یەکگرتوو. کاتێک نزیکەی نیوەی جەماوەر لەگەڵ مەترسی هەژاریی بەرەوڕوون، بابەتەکە ئیتر مەعیشەتی چەند توێژێک نییە، بەڵکوو مەسەلەی داهاتووی کۆمەڵایەتی ئێران لەئارادایە. ڕەمزی پاراستنی ئەم داهاتووە بریتییە لە گەشەپێدانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لێکهەڵپێکانی داواکارییە پیشەیی و گشتییەکان، ڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوانی ئەم کۆمەڵگەیە.