بڕیارنامەی ئەم دواییەی هەیئەتی دەوڵەت لەژێر ناوی “پلانی ڕێکخستنی سیستەمی پێدانی حەقدەستی هێزە شیرکەتییەکان، لەبری ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ داواکاریی چەندین ساڵەی کرێکارانی شیرکەتە پەیمانییەکان، بەکردەوە درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئەمنییەتی پیشەیی، حەقدەست و داهاتووی ملیۆنان کرێکاری کردووەتە قوربانیی قازانج پەرەستی پەیمانکاران و خاوەن سەرمایەکان. ئەم بڕیارنامەیە بەبێ کۆتایی هێنان بە دەڵاڵیی کۆمپانیاکانی دابینکردنی هێزی مرۆیی، گرنگترین داواکاریی کرێکارانی فەرامۆش کردووە، کە ئەویش بریتییە لە نەهێشتنی هەڵاواردن و دامەزراندنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی دامەزراندن.
دۆسیەی ڕێکخستنی هێزە شیرکەتییەکان زیاتر لە حەوت ساڵە بووەتە یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی سەدان هەزار کرێکاری شاغڵ لە دامودەزگا جێبەجێکارەکان و پیشەسازییە جیاوازەکاندا. داواکاریی ڕوونی ئەوان هەرلە سەرەتاوە بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانییەکان، بەستنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگا حکومییەکان و کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی بەرچاو لە نێوان ئەو کرێکارانەی کارێکی هاوشێوە ئەنجام دەدەن، بەڵام لە ماف، ئیمتیاز و ئەمنییەتی پیشەیی جیاواز بەهرەمەندن. بەڵام حکومەت لەبری قبووڵکردنی ئەم داواکارییە ڕوونە، بە پلان و بەڵێنی جۆراوجۆر هەوڵی داوە کێشەکە دوابخات و کرێکارانی ناڕازی ماندوو بكات.
بڕیارنامەکەی ئەم دواییەش هیچ گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەی چەوسێنەرانەی پەیمانکاریدا پێکناهێنێت. شیرکەتە نێوەندگیرەکان هەر لە ڕەوتی دابینکردنی هێزی مرۆیی و دەڵاڵیکردندا دەمێننەوە و بەرپرسیارێتیی پێدانی حەقدەست، بیمە، ئەمنییەت و داهاتووی پیشەیی کرێکاران لە نێوان پەیمانکار و خاوەنکاری سەرەکیدا دەستاودەست دەکات. لە ئاوا پێکهاتەیەکدا، کرێکار نەک هەر لە مافی یەکسان لەگەڵ هاوکارە فەرمییەکەی خۆی بەهرەمەند نییە، بەڵکوو لە زۆر بواردا تەنانەت بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکانی یان بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی کار، لەگەڵ دیواری نابەرپرسیارێتیی خاوەنکاران بەرەوڕوو دەبێتەوە.
کرێکاران زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی شیرکەتە پەیمانییەکان دەستیان لە پڕۆسەی دامەزراندن کورت نەکرێتەوە، ڕیشەی کێشەکان وشک نابێت. بوونی پەیمانکار، ئامرازێکە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هێزی کار، سەپاندنی گرێبەستی کورتخایەن، دەرکردنی ئاسان و ڕێگریکردن لە پێکهاتنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران. پەیمانکارانیش لە زۆر بواردا بە وەرگرتنی بڕە پارهیەکی زۆر لە دەزگا حکومییەکان و شیرکەتە زەبەلاحەکان، پشکی کرێکاران کەم دەکەنەوە و لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان بێبەشیان دەکەن.
ئەم دۆخە لە پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پێترۆشیمیاییدا ڕەهەندی بەربڵاوتری هەیە. سیاسەتی کاتییکردن و هەرزانکردنی هێزی کار لە دەیەکانی ڕابردووەوە، بەتایبەت دوای شەڕی ئێران و عێراق، بە شێوازێکی ڕێکخراو پەیڕەو کراوە. لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بە فەرمانبەرکردن، خانەنشینکردنی پێشوەختە، کڕینەوەی زۆرەملێی خزمەت و سپاردنی بەشە جیاوازەکانی پیشەسازیی نەوت بە کۆمپانیا پەیمانییەکان، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی فەرمیی دوورخراونەتەوە و هێزە کاتیی و پەیمانییەکان جێگەی ئەوانی گرتۆتەوە.
چالاکییەکانی وەک پرۆسەی پاڵاوتن، دابەشکردن، گواستنەوەی کەرەستە نەوتیی و بەرهەمەکان، دروستکردنی ڕۆن، دەستەبەندیکردن، چاککردنەوە و خزمەتگوزارییە لاوەکییەکان، سپێردران بە شیرکەتە پەیمانییەکان. ئەم سپاردنانە دەرفەتی بە شیرکەتە پەیوەندیدارەکان و پەیمانکاران دا تا لە هێزی کاری هەرزان کەڵک وەربگرن، لە کاتێکدا کۆمپانیا سەرەکییەکان خۆیان لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە حەقدەست، بیمە، ئەمنییەت و خۆشگوزەرانیی کرێکاران بوارد.
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای دەیەی ۱۳۹۰، تەنیا لە پیشەسازیی نەوتدا نزیکەی ۹۰ هەزار هێزی فەرمی و ۱۶۰ هەزار هێزی ناوفەرمی و کاتیی بوونی هەبووە. بەم شێوەیە، بەشێکی گەورە لە هێزی کاری ئەم پیشەسازییە لە کرێکارانێک پێکهاتبوون کە لە ئەمنییەتی پیشەیی و ئیمتیازی یەکسان بەهرەمەند نەبوون. لە کۆمەڵگەکانی پێترۆشیمیاییدا زیاتر لە نیوەی کرێکاران بە گرێبەستی کاتیی کاریان دەکرد، ژمارەیەکی کە لە ساڵانی دواییدا بەڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. گرێبەستە کاتیی، سپی–ئیمزا و چەند مانگییەکان، بەرگریی کرێکاران لە بەرامبەر دەرکردن، کەمکردنەوەی حەقدەست و گوشارە ئیدارییەکاندا کەم دەکاتەوە.
لە ئاوا دۆخێکدا، داواکاریی کرێکارانی پیشەسازییەکانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش بریتییە لە: پێدانی دەستبەجێی حەقدەستە دواکەوتووەکان، زیادکردنی ڕاستەقینەی حەقدەست هاوتەریب لەگەڵ تێچووەکانی ژیان، نەهێشتنی شیرکەتە پەیمانییەکان و گرێبەستە کاتیی و سپی–ئیمزاکان، دابینکردنی ئەمنییەتی پیشەیی، دیاریکردنی دۆخی دامەزراندن، گەڕانەوەی کرێکارانی دەرکراو بۆ سەر کارەکانیان و بەهرەمەندبوون لە بیمەی تەندروستی و ئامراز و ئیمکاناتی ئەمنییەتی و خۆشگوزەرانیی گونجاو.
ئەم گوشارانە لە دۆخێکدا دەخرێنە سەر کرێکاران کە ئەوان، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری ئێران، زۆرترین زیانی گیانی و ژیارییان لە زرووفی شەڕ بەرکەوتووە. کرێکارانی نەوت، گاز، پێترۆشیمی، بەندەرەکان و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان، لە ژینگەیەکی مەترسیدار و لە ناوچە ئابوورییە هەستیارەکاندا کار دەکەن، بەڵام لە کاتی ڕوودانی قەیران، نەبوونی ئەمنییەت، هێرش یان زیانەکانی سەرچاوەگرتوو لە شەڕ، لە زومرەی یەکەم قوربانییان و دوایین توێژێکن کە لە پشتیوانیی ڕاستەقینە بەهرەمەند دەبن. بنەماڵەی زۆرێک لەوان لەگەڵ لەدەستدانی سەرپەرشت و سەرچاوەی داهات، زیانی جەستەیی و دەروونی، تێکچوونی شوێنی ژیان و بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەڵام لەبری قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و دابینکردنی پشتگیرییە کۆمەڵایەتییەکان، هەمان کرێکاران لەگەڵ دەرکردن، دواکەوتنی حەقدەست و کەمتەرخەمی بەرامبەر داواکارییەکانیان دەبنەوە.
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی سیاسەتی پەیمانکاری، بریتییە لە لێکدابڕینی کرێکاران. کرێکارانی فەرمی بەرامبەر بە پەیمانی، پەیمانی لەگەڵ گرێبەستی و هێزی گرێبەست لە بەرامبەر کرێکارانی ڕۆژکاردا ڕادەگرن بۆ ئەوەی بەر بە پێکهاتنی هێزی یەکگرتووی کرێکاران بگرن. دەبێت بە هۆشیاری و هاوپشتی ئەم سیاسەتە دژە کرێکارییە وەڵام بدرێتەوە. کرێکاری فەرمی و پەیمانی، هەردووکیان هێزی بەرهەمهێنانن و نابێ جیاوازیی گرێبەستەکانیان ببێتە هۆی جیایی بەرژەوەندییەکانیان.
ڕێگەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە، بریتییە لە پێکهێنانی یەکگرتوویی نێوان سەرجەم بەشە کرێکارییەکان، پشتیوانیی لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی یەکتر، بەرگریکردن لە کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو و داواکردنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ بۆ سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار. کرێکارانی فەرمی دەبێت بزانن کە لاوازبوونی کرێکارانی پەیمانی، لە کۆتاییدا ئەمنییەتی پیشەیی خۆشیان دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها کرێکارانی پەیمانیش نابێت خەباتی خۆیان بە جیا لە هاوکارە فەرمییەکانیان بەرەوپێش ببەن. تەنیا بە هاوپشتیی بەربڵاو، ڕێکخراوبوونی سەربەخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە و جیاکاریی لەنێوان کرێکاران، دەکرێت کۆتایی بە پەیمانکاری، گرێبەستی کاتیی و جیاکاریی حەقدەست بهێنرێت و دەوڵەت و خاوەنکاران ناچار بکرێن کە مافی ڕاستەقینەی کرێکاران بە ڕەسمی بناسن.
